|
له‌كوردستان هه‌وڵی چاره‌سه‌رکردنی قه‌یرانی تۆپی پێی عێراقی ده‌درێت
|
|
|
(سبه‌ی):
ئه‌مینداری گشتی لیژنه‌ی ئۆڵۆمپی كوردستان رایگه‌یاند که له‌چه‌ند رۆژی داهاتودا كۆبونه‌وه‌یه‌كی سێ قۆڵی بۆ چاره‌سه‌ركردنی قه‌یرانی تۆپی پێ‌و رێگرتن له بێبه‌شبونی عێراق له به‌شدارییه نێوده‌وڵه‌تییه‌كان له كوردستان ئه‌نجامده‌درێت.
له‌وباره‌یه‌وه ئالان قادر رایگه‌یاند: "له‌چه‌ند رۆژی داهاتودا كۆبونه‌وه‌یه‌كی سێ قۆڵی له‌نێوان لیژنه‌ی ئۆڵۆمپی عێراقی‌و یه‌كێتی تۆپی پێی هه‌ڵوه‌شاوه‌و لیژنه‌ی ئۆڵۆمپی كوردستان به‌مه‌به‌ستی چاره‌سه‌ركردنی قه‌یرانی تۆپی پێ له شاری هه‌ولێر ئه‌نجامده‌درێت، تاكو بگه‌نه ده‌ره‌نجامێكی قبوڵكراو له‌سه‌ر ئه‌و پڕۆژانه‌ی بۆ ئه‌م مه‌به‌سته خراونه‌ته‌ڕو".
ئالان قادر له‌درێژه‌ی لێدوانه‌که‌یدا بۆ سایتی (ئه‌سوات عێراق) ئاشکراشیکرد، که لیژنه‌ی ئۆڵۆمپی كوردستان له‌گه‌ڵ ژماره‌یه‌ك له ئه‌ندامانی یه‌كێتیی هه‌ڵوه‌شاوه‌ی تۆپی پێی عێراقدا کۆبونه‌وه‌ی کردوه، سه‌باره‌ت به‌م پرسه‌و رێگرتن له‌بڕیاری بێبه‌شكردنی عێراق له به‌شدارییه نێوده‌وڵه‌تییه‌كاندا.
شایانی باسه 16ی مانگی رابوردو ئۆڵۆمپی عێراق یه‌كێتی تۆپی پێی هه‌ڵوه‌شانده‌وه، پاشان یه‌کێتی تۆپی پێی نێوده‌وڵه‌تی ماوه‌ی 72 سه‌عاتی بۆ لیژنه‌ی ئۆڵۆمپی دانا تاکو له‌بڕیاره‌كه‌ی په‌شیمان ببێته‌وه، دواتر یه‌كێتی تۆپی پێی نێوده‌وڵه‌تی (فیفا) له 20/11 ئه‌ندامێتی عێراقی له یه‌كێتییه‌كه‌دا هه‌ڵپه‌سارد.
به‌پێی ئه‌م بڕیاره‌ش عێراق ناتوانێت هیچ یارییه‌كی نێوده‌وڵه‌تی فه‌رمی‌و دۆستانه ئه‌نجامبدات، هه‌روه‌ها یانه‌كانیش ناتوانن یاری له‌گه‌ڵ تیپه بیانییه‌كان ئه‌نجامبده‌ن، به‌هه‌مان شێوه ناوبژیوانان‌و سه‌رپه‌رشتیارانی عێراق ناتوانن یارییه نێوده‌وڵه‌تییه‌كان به‌ڕێوه‌به‌رن، هه‌روه‌ها عێراق له‌كۆبونه‌وه‌كانی فیفا مافی ده‌نگدانی نامێنێ، هیچ هاوكارییه‌كی ماددیشی ناكرێت.
Monday, December 14, 2009
|
|
|
|