(سبه‌ی):
له درێژه‌ی یارییه‌کانی جه‌وله‌ی پێنجه‌می قۆناغی کۆمه‌ڵه‌کانی خولی یانه پاڵه‌وانه‌کانی ئه‌وروپادا، یانه‌ی ریاڵ مه‌درید بردییه‌وه‌و میلانیش یه‌کسان بو، هاوکات چیڵسی و مان یونایتد گه‌یشتنه قۆناغی داهاتو.
کۆمه‌ڵه‌ی یه‌که‌م
له یارییه‌کانی ئه‌م کۆمه‌ڵه‌یه یانه‌ی بۆردۆی فه‌ره‌نسی له یاریگای خۆی به دو گۆڵی بێوه‌ڵام له یانه‌ی یۆڤانتۆسی ئیتاڵی برده‌وه، گۆڵه‌کانیش مینیگازۆ و مه‌روان شه‌ماخ تۆماریان کرد.
به‌و بردنه‌وه‌یه‌ش بۆردۆ خاڵه‌کانی گه‌یانده 13 خاڵ و به پێشه‌نگی کۆمه‌ڵه‌که‌ی سه‌رکه‌وت بۆ قۆناغی 16، هاوکات یانه‌ی یوڤی 8 خاڵی هه‌یه‌و له‌پله‌ی دوه‌مدایه.
له دوه‌م یاری هه‌مان کۆمه‌ڵه‌شدا یانه‌ی بایرن میونخی ئه‌ڵمانی له یاریگای خۆی "ئه‌لیانز ئه‌رینا" به گۆڵێکی ئیفیکا ئۆلیچ له یانه‌ی ماکابی حه‌یفای ئیسرایلی برده‌وه.
به‌و ئه‌نجامه‌ش بایرن بوه خاوه‌نی 7 خاڵ و له‌پله‌ی سێیه‌مدایه‌و، دوه‌م بلیتی ئه‌م کۆمه‌ڵه‌یه‌ش بۆ گه‌یشتن به قۆناغی داهاتو له نێوان باڤاری و یوڤیدایه، که له جه‌وله‌ی شه‌شه‌م و کۆتاییدا روبه‌ڕوی یه‌ک ده‌بنه‌وه، له هه‌مان کاتدا ماکابی حه‌یفا که هیچ خاڵی نیه ماڵئاوایی کرد.
کۆمه‌ڵه‌ی دوه‌م
له یه‌که‌م یاریدا یانه‌ی مانچسته‌ریونایتد له یاریگای خۆی به گۆڵێکی بێوه‌ڵام به یانه‌ی بێشکتاشی تورکی دۆڕاند، رۆدریگۆ تاکه گۆڵی یارییه‌که‌ی تۆمارکرد.
وێڕای دۆراندنی ئه‌و یارییه مان یونایتد به کۆکردنه‌وه‌ی 10 خاڵ سه‌رکه‌وت بۆ قۆناغی 16، به سود وه‌رگرتن له شکستی فوڵفسبۆرگی ئه‌ڵمانی به گۆڵێکی بێبه‌رامبه‌ر به یانه‌ی سیسکا مۆسکۆ.
هاوکات رکابه‌ری به‌ده‌ستهێنانی دوه‌م بلیتی ئه‌م کۆمه‌ڵه‌یه بۆ قۆناغی داهاتو، له نێوان هه‌ردو یانه‌ی فوڵفسبۆرگ و سیسکامۆسکۆدایه، که هه‌ریه‌که‌یان 7 خاڵی هه‌یه‌و له‌پله‌کانی دوه‌م و سێیه‌مدان.
کۆمه‌ڵه‌ی سێیه‌م
له یارییه‌کانی ئه‌م کۆمه‌ڵه‌یه‌ش یانه‌ی ریاڵ مه‌درید له یاریگای "سانتایگۆ برنابیۆ" له مه‌درید به گۆڵێکی گۆنزالۆ هیگواین له یانه‌ی زیورخی سویسری برده‌وه.
له‌ویارییه‌شدا کریستیانۆ رۆناڵدۆی هێرشبه‌ری یانه‌ی ریاڵ مه‌درید پاش 56 رۆژ دورکه‌وتنه‌وه له یاریکردن به‌هۆی پێکانه‌وه، جارێکی تر گه‌ڕایه‌وه‌و ماوه‌ی 20 خوله‌ک یاریکرد.
به‌و ئه‌نجامه‌ش ریاڵ مه‌درید بوه خاوه‌نی 10 خاڵ و پێشه‌نگی کۆمه‌ڵه‌که‌ی گرتوه، هاوکات یانه‌ی زیورخ 3 خاڵی هه‌یه‌و له‌پله‌ی کۆتاییدایه.
له دوه‌م یاریشدا که له یاریگای سانسیرۆ کرا، هه‌ردو یانه‌ی میلانی ئیتاڵی و مارسیلیای فه‌ره‌نسی به گۆڵێک یه‌کسان بون، بۆریلۆ له خوله‌کی 10دا گۆڵه‌که‌ی میلانی کرد، لوچیۆ گۆنزالێز له خوله‌کی 16دا ئه‌نجامه‌که‌ی بۆ یانه‌ی میوان یه‌کسان کرده‌وه.
به‌و ئه‌نجامه‌ش میلان 8 خاڵ و مارسیلیا به 7 خاڵ له‌پله‌کانی دوه‌م و سێیه‌مدان.
له‌م کۆمه‌ڵه‌یه سه‌رکه‌وتنی هیچ یانه‌یه‌کیان بۆ قۆناغی داهاتو یه‌کلانه‌بۆته‌وه‌و تا جه‌وله‌ی کۆتایی که 8و9/12/2009 ده‌کرێت ده‌خایه‌نێت، ریاڵ که سه‌رکه‌وتنی نزیکه‌و به‌رامبه‌ر مارسیلیا یاری ده‌کات، بردنه‌وه‌و یه‌کسان بون ده‌یگه‌یه‌نێته‌ر قۆناغی داهاتو، هاوکات مارسیلیا پێویسته به چوارگۆڵی بێوه‌ڵام بیباته‌وه ئه‌وکات ده‌گاته قۆناغی داهاتو، له هه‌مان کاتدا بردنه‌وه‌ی میلان به‌ر هه‌رئه‌نجامێکی ده‌یگه‌یه‌نێته قۆناغی 16.
کۆمه‌ڵه‌ی چواره‌م
له‌م کۆمه‌ڵه‌یه‌و پێش جه‌وله‌ی کۆتایی دویانه‌که‌ی قۆناغی داهاتو به‌دیارکه‌وتن، که هه‌ردو یانه‌ی چیڵسی ئینگلیزی و پۆرتۆی پورتوگالییه.
له جه‌وله‌ی پێنجه‌میشدا چیڵسی له ده‌ره‌وه‌ی یاریگای خۆی به گۆڵێکی ئه‌نیلکا له یانه‌ی پۆرتۆی برده‌وه، به‌وئه‌نجامه‌ش چیڵسی 13 خاڵی هه‌یه‌و پێشه‌نگی کۆمه‌ڵه‌که‌ی گرتوه، پۆرتۆ به 9 خاڵ له‌پله‌ی دوه‌مدایه.
له دوه‌م یاریشدا ئه‌بیۆل نیقۆسیای قوبرسی و ئه‌تله‌تیکۆ مه‌دریدی ئیسپانی به گۆڵێک یه‌کسان بون.
ئه‌تله‌تیکۆ مه‌درید 3 خاڵ و نیقۆسیا به 2 خاڵ له‌پله‌کانی سێیه‌م و چواره‌مدان و رکابه‌ری نێوانیشیان له‌سه‌ر به‌ده‌ستهێنانی پله‌ی سێیه‌مه، بۆ ئه‌وه‌ی به‌شداری له قۆناغی 32ی پاڵه‌وانێتی خولی ئه‌وروپا که پێشتر جامی یه‌کێتی ئه‌وروپا بو.