له وه‌ته‌ی هه‌ردووحکومه‌تی سه‌وز و زه‌رد به‌خێرێ یه‌کیانگرتۆته‌وه، گله‌یی و گازه‌نده‌ی هاووڵاتییان زیادیکردووه، خه‌ڵک دادوبێدادیانه به‌ده‌ست که‌مته‌رخه‌می و خه‌مساردی کاربه‌ده‌ستانی وڵاته‌وه. خه‌مساردی به‌رامبه‌ر پێداویستییه سه‌ره‌تاییه‌کانی ژیانی رۆژانه‌ی خه‌ڵک: کاره‌با، ئاو، نه‌خۆشخانه، رێگاوبان، تا ده‌گاته ئیشوکاره ئیدارییه‌کانی هاووڵاتییان. رۆتین، به‌رتیل و خزمخزمێنه ئه‌مانه پێکه‌وه بڕستیان له هاووڵاتییان بڕیوه. هه‌ر ده‌نگێکیش بۆ چاک و باشکردنی ئه‌م پاشا گه‌ردانییه به‌رزده‌بێته‌وه، رووبه‌ڕووی ناووناتۆره‌ی: تاپوری پێنج و ده‌ستی دووژمنان و ره‌خنه‌گری به‌رسێبه‌ر و چی و چی ده‌بێته‌وه!
که باسیش دێته سه‌ر حکومه‌تی ناوه‌ند داوای فیدراڵی و دیاریکردنی ده‌سه‌ڵاتی ناوه‌ند و زیادکردنی ده‌سه‌ڵاتی هه‌رێمه‌کان ده‌که‌ن.
له هه‌رێمیش گه‌ر داوای دابه‌شکردنی ده‌سه‌ڵاتیان لێبکه‌ی ده‌ڵێن ئه‌وه بڤه‌یه و به‌زاندنی خه‌ته سورو شین و مۆرهکانه! پێیانوایه له شانوشهوکهتیان که‌مده‌که‌یته‌وه!
ئه‌م جۆره حه‌زکردنه له کۆکردنه‌وه‌ی ده‌سه‌ڵات له‌سه‌ری هه‌ڕه‌مه‌کاندا، دوورنییه بۆ جۆرێک له گرێ و نه‌خۆشێ حه‌زکردن به چڕکردنه‌وه‌ی ده‌سه‌ڵات لای لێپرسراوه باڵاکان بگه‌ڕێته‌وه! گه‌ر وابێت ئاو وهه‌وای دروستکردنی دیکتاتۆرییه‌ت له ئارادایه.
که باسی هێنانی چه‌ند وه‌زاره‌تێکیش بۆ شارێکی وه‌ک سلێمانی ده‌کرێت یه‌کسه‌ر به بیانوی ئه‌وه‌ی که هه‌ولێر پایته‌خته و پایته‌ختیش شوێنی خڕکردنه‌وه‌ی پارله‌مان و سه‌ری حکومه‌ته ده‌مکوتت ده‌که‌ن!!
بۆ وه‌ڵامدانه‌وه‌ی ئه‌م پرسیاره: ئایه راسته پارله‌مان و حکومه‌ت ده‌بێت هه‌ر لهپایتهختدابن؟
هه‌وڵده‌ده‌م به‌شێنه‌یی و دوور له‌هه‌ر جۆره ته‌نگه‌نه‌فه‌سییه‌کی شارچێتی و پشتبه‌ستن به ژماره و داتا ئه‌م بابه‌ته بوروژێنم. هاوکات داوا له نووسه‌ران، رۆشنبیران، پارله‌مانتاران، وه‌زیره به‌ڕیزه‌کان و سیاسییه‌کانی وڵاته‌که‌م ده‌که‌م به‌شداری له‌م گفتوگۆیهدابکهن بۆ ده‌ستخستنی ئه‌نجامێکی باش.
به‌بڕوای من سسیستمی ئیداریی وحکومڕانی له‌کوردستاندا له بنچینه‌وه خوار و سه‌قه‌ته، بۆیه هه‌رچی له‌سه‌ر بینا بکرێت هه‌ر به‌خواری به‌رز ده‌بێته‌وه، تا بهزتریشیکهیتهوه زووتر ده‌ڕوخێت، ئه‌مه‌ش وه‌ک ئه‌وه وایه که‌سێک کۆمپیته‌ر( هاردوێر) ێکی زۆر کۆنی هه‌بێت و بیه‌وێت تازه‌ترین پرۆگرام ( سۆفت وێر)ی بخاته سه‌ر و به‌ته‌ماش بێت ئیشیپێبکات! دیاره له‌م حاڵه‌ته‌دا بێگۆڕینی هاردوێره‌که ئیشپێکردنی پرۆگرامه نوێیه‌که کارێکی مه‌حاڵه!. بۆیه ده‌بێت هه‌موو هه‌وڵه‌کان بۆ گۆڕین و پێشختنی سیستمه ئیدارییه‌که بخرێته گه‌ڕ.
ئه‌م هه‌وڵه‌ی من به‌شداریکردنێکی بچکۆلانه‌یه لانی که‌م بۆ راستکردنه‌وه‌ی تێگه‌یشتنێکی هه‌ڵه‌ی کاربه‌ده‌سته زله‌کانی وڵاته‌که‌م که پێیانوایه قانوونی ته‌بیعه‌ته و ده‌بێت هه‌موو ده‌وڵه‌ت له‌پایته‌ختدا کۆبکرێته‌وه!
ئه‌گه‌ر چاوێک به دنیادا بگێڕین گه‌لێک نموونه‌مان به‌رچاوده‌که‌وێت که پایته‌ختی وڵاته‌که ئاڵوگۆڕی پێکراوه، واته تا ئه‌مڕۆ ئێره پایته‌خت بووه، به‌یانی شارێکی تری وڵاته‌که. کورد وته‌نی پایته‌خت ناوێک نییه به قیروزفت به شارێکه‌وه نووسێنرابێت و لێی نه‌بێته‌وه.
له دنیادا نموونه‌ی به‌رچاویشمان هه‌یه که داموده‌زگاکانی ده‌وڵه‌ت له پایته‌ختی وڵاته‌که‌دا نین، هه‌ر چۆن نموونه‌شمان هه‌یه که داموده‌زگاکانی ( پارله‌مان، حکومه‌ت) دابه‌شبوون به‌سه‌ر پایته‌خت و شاره‌کانی تری وڵاته‌که‌دا. دیاره نموونه‌ی وڵاتی بێ پایتهختیشمان هه‌یه!
بۆ روونکردنه‌وه و پیشاندانی ئه‌و سێ حاڵه‌ته‌ی سه‌ره‌وه په‌نا بۆ چه‌ند خشته‌یه‌ک ده‌به‌م:
بۆ زانینی ناوی هه‌ندێک له‌و وڵاتانه‌ی حکومه‌ت له‌پایته‌ختدا نییه، یان هه‌ر پایته‌ختیان نییه، سه‌یری خشته‌ی 1 بکه:
خشته‌ی
(1)
|
شوێنی
داموده‌زگای
ده‌وڵه‌ت |
پایته‌خت/فه‌رمی |
وڵات |
|
ده‌نهاخ
( لاهای) |
ئه‌مستردام |
هۆڵاند |
|
کۆتۆنیۆ |
پۆرتۆنۆفۆ |
بێنین |
|
سیوکرێ |
لهپاز |
بۆلیفیا |
|
ئه‌بیدجان |
یامۆیسۆکرۆ |
ئیفۆرکوست |
|
مۆناکۆفیللێ |
نییه‌تی |
مۆناکۆ |
|
یارێن |
نییه‌تی |
ناورو |
|
نانکینگ |
تیاپی |
تایوان |
|
دارالسلام |
دۆدۆما |
تانزانیا |
|
بێرن |
نییه‌تی |
سویسرا |
|
|
ناوه‌کان
به هؤلآندی |
|
|
Den Haag |
Amsterdam |
Holland |
|
Cotonou |
Porto-Novo |
Benin |
|
La Paz |
Sucre |
Bolivia |
|
Abidjan |
Yamoussoukro |
Ivoorkust |
|
Monaco-Ville |
نییه‌تی |
Monaco |
|
Yaren |
نییه‌تی |
Nauru |
|
Facto |
Taipei |
Taiwan |
|
Dar es
Salaam |
Dodoma |
Tanzania |
|
Bern |
نییه‌تی |
Zwitserland |
بۆ زانینی ناوی هه‌ندێک له‌و وڵاتانه‌ی پایته‌خته‌کانیان گواستراوه‌ته‌وه، سه‌یری خشته‌ی (2) بکه:
ناوه‌کان به کوردی
|
ساڵی
گواستنه‌وه |
پایته‌خت
بۆ |
پایته‌خت
له |
وڵات |
پایته‌خت
بۆ |
پایته‌خت
له |
ووڵات |
|
2006 |
میلیکۆک |
كۆرۆ |
پالاو |
Melekeok |
Koror |
Palau |
|
2005 |
نایپیداو |
رانگۆن |
میانمار |
Naypyidaw |
Rangoon |
Myanmar |
|
1997 |
ئه‌ستانه |
ئهلمائتا |
کازاخستان |
Astana |
Alma-Ata |
Kazachstan |
|
1996 |
دۆدۆما |
دارئلسلام |
ته‌نزانیا |
Dodoma |
Dar es Salaam |
Tanzania |
|
1991 |
ئه‌بوجا |
لاگۆس |
نایجیریا |
Abuja |
Lagos |
Nigeria |
|
1990 |
به‌رلین |
بۆن |
ئه‌ڵمانیا |
Berlijn |
Bonn |
Duitsland |
|
1983 |
یامۆیسۆکرۆ |
ئه‌بیدجان |
ئیفۆرکوست |
Yamoussoukro |
Abidjan |
Ivoorkust |
|
1964 |
به‌رازیلیا |
ریۆدجانیرۆ |
به‌رازیل |
Brasilia |
Rio de
Janeiro |
Brazilié |
|
1946 |
تیتۆگراد |
سێتینجه |
مۆنتینێگرۆ |
Titograd |
Cetinje |
Montenegro |
|
1923 |
ئه‌نکه‌ره |
کۆنستانینۆپێڵ |
تورکیا |
Ankara |
Constantinopel |
Turkije |
|
1917 |
مۆسکۆ |
سینتپیتروسبورگ |
روسیا |
Moskou |
Sint-Petersburg |
Rusland |
|
1870 |
ڕۆما |
فلۆرانس |
ئیتالیا |
Rome |
Florance |
Italié |
|
1868 |
تۆکیۆ |
کیۆتۆ |
یابان |
Tokio |
Kyoto |
Japan |
|
1864 |
فلۆرانس |
تورژن |
ئیتالیا |
Florence |
Turijn |
Italié |
|
1834 |
ئه‌سینا |
ناوپلیۆن |
یۆنان |
Athene |
Nauplion |
Griekenland |
|
1812 |
هێلسنکی |
تورک‌و |
فینلاند |
Helsinki |
Turku |
Finland |
|
1808 |
ئه‌مسته‌ردام |
ده‌نهاخ
بۆ ئیوترێخت بۆ |
هۆڵاند |
Amsterdam |
Den Haag
-Utrecht |
Holland |
|
1596 |
وارشۆ |
کراکاو |
پۆلۆنیا |
Warschau |
Krakau |
Polen |
له خشته‌ی ژماره 2 دا بۆمان ده‌رده‌که‌ویت که بوونی شارێک به پایته‌ختی وڵاتێک مانای ئه‌وه‌نییه که تیَکستی په‌ڕتوکه ئاسمانییه‌کانه و هه‌رکه‌س باسی ده‌ستکاریکردن وگۆڕینی بکات ئیتر له دین وه‌رده‌گه‌ڕێت.
ئه‌وه به‌رژه‌وه‌ندی ولاته‌که و هونه‌ری به‌ڕیوه‌بردنی وڵاته بڕیارده‌ده‌ن ده‌زگا و دامه‌زراوه کرنگه‌کانی ده‌وڵه‌ت له‌کوێ بن، نه‌ک ململانێی حزبی، نه‌ک وه‌ک هه‌ندێک له مه‌سوله‌کانی له‌مه‌ڕخۆمان پێیانوایه مادام ئه‌و شاره ناوی پایته‌خته ده‌بێت هه‌مزه ئاغابێت!
ئه‌و خشته‌یه‌ی سه‌ره‌وه ده‌توانێت وه‌ڵامی گه‌لێک له پرسیاره‌کانمان بداته‌وه.
دیاره ئیشی ئه‌م داتایانه‌ش نابێت به سه‌رپێی تێیانبڕوانین به‌ڵکه دههێنیَت قسه‌وباسی زیاتری له‌سه‌ر بکریت.
به‌و هیوایه‌ی ئه‌وانه‌ی ئه‌هلی ئه‌م بابه‌تانه‌ن خه‌مێکی لێبخۆن!
دیاره مێژوی وڵاتان گه‌لیک نموونه‌ی ترمان ده‌ده‌نێ که ته‌لاری پارله‌مان و ته‌لاری حکومه‌ت به‌سه‌ر پایته‌خت و شاره‌کانی تری وڵاتێک‌دا دابه‌شبوون. بۆ زانیاری زیاتر سه‌یری خشته‌ی ژماره (3) بکه:
|
شار/
وه‌زاره‌ت |
شار/
حکومه‌ت |
شار/
پارله‌مان |
پایته‌خت/حکومه‌ت |
پایته‌خت/ پارله‌مان |
پایته‌خت/هه‌ردووکیان |
وڵات |
|
|
|
فاڵپارایسۆ |
سانتیاگۆ |
|
|
چیلی |
|
بۆن |
|
|
|
|
به‌رلین |
ئه‌ڵمانیا |
|
|
|
کیوزۆنسیتی |
مانیلا |
|
|
فیلیپین |
|
|
|
|
یورشه‌لیم |
|
|
ئیسرائیل |
|
|
پوتراجایا |
|
|
کوالالامپور |
|
مالیزیا |
|
|
|
کۆتته |
کۆڵۆمبۆ |
|
|
سیریلا‌نکا |
|
|
پرێتۆریا |
کاپستاد |
|
|
|
باشوری
ئافریکا |
تێبینی: وه‌زاره‌تی داد له باشوری ئه‌فریکا له شاری ( Bleomfontein) ی وڵاته‌که‌یه.
ئه‌و نموونانه‌ی سه‌ره‌وه ده‌کرێت ده‌رس و په‌ندیان لێوه‌ربگیرێت. ئه‌وه‌ی له وڵاتی خۆمان تێبنی ده‌که‌م هه‌رکه‌سێک باس له دابه‌شکردنی ده‌سه‌ڵات بکات، هه‌رکه‌سیک باسی گواستنه‌وه، یان هیچ نه‌بێت دابه‌شکردنی وه‌زاره‌ته‌کان به‌سه‌ر شاره‌کاندا بکات ئه‌گه‌ر پارتی سه‌رۆکی حکومه‌تی به‌ده‌ستبێت، وای لێکده‌داته‌وه بۆ دژایه‌تی ئه‌وه. یه‌کێتیش به‌هه‌مان لۆژیک بیرده‌کاته‌وه.
ئێستا که باسی ده‌ستور و ده‌سه‌ڵاته‌کانی سه‌رۆکی هه‌رێم ده‌که‌یت، باسی ئه‌وه ده‌که‌یت که ئه‌م ده‌ستوره بۆ سیستمی سه‌رۆکایه‌تی نووسراوه نه‌ک بۆ سیستمێکی پارله‌مانی فره‌یی، یه‌کسه‌ر به‌ر نه‌فره‌تی برایانی پارتی ده‌که‌ویت، وا ده‌زانن ئه‌م ده‌ستوره ته‌نها بۆ ماوه‌ی سه‌رۆکایه‌تییه‌که‌ی کاک مه‌سعود بارزانی یه! یان ده‌بێت پێیانوابێت که ئه‌م سه‌رۆکایه‌تییه تاپۆی ره‌شی عوسمانلی یه و له‌سه‌ر ئه‌وانه!! بێگومان به دیوه‌که‌ی تری‌دا ئه‌گه‌رله جیاتی کاک مه‌سعود مامجه‌لال ئێستا سه‌رۆکی هه‌رێم بوایه هه‌رئه‌و وه‌ڵامانه‌مان گوێ لێده‌بوو!
ئه‌م لۆژیکی بیرکردنه‌وانه‌ن که مه‌ترسی جددی له‌سه‌ر ئایندهی نه‌ته‌وه‌که‌مان داده‌نێن!
ئێستاش که ده‌ڵیێت له سایه‌ی یه‌کگرتنه‌وه‌ی حکومه‌تی هه‌رێمدا، شارێکی گه‌وره و گرنگی وه‌ک سلێمانی کارکه‌نار کراوه، له جیاتی سیمای شار، هی شارۆچکه‌ی گرتووه، له جیاتی پرۆژه‌ی سه‌نعه‌تی ستراتیجی هه‌ر بینای کۆنکریتییهو بێ ره‌چاوکردنی سیما و رووخساری شار به ئاسماندا ده‌چیت! که ده‌ڵێیت با وه‌زاره‌ته‌کان له سلێمانی و پارله‌مان له هه‌ولێر، یان به پێچه‌وانه‌وه بێت!
ئیتر له‌لایه‌ن هه‌ردوولاوه دهکهویَته به‌ر ره‌حمه‌تی تانه‌وته‌شه‌ر.
یه‌کێکیان ده‌ڵیت ئه‌وه ده‌ستی ناحه‌زانه و چاویان به‌م هه‌موو ده‌سکه‌وت و یه‌کگرتنه‌وه‌یه‌دا هه‌ڵنایه‌ت. هه‌شیانه به ته‌که‌تولچی و له‌پاڵیشیا به شارچێتی تاوانبارت ده‌که‌ن. که‌سانێکی تریش به‌وه‌ی گوایه ئه‌م ده‌نگانه چاویان به‌و نازونیعمه‌ته‌ی هه‌ولێردا هه‌ڵنایه! خه‌ڵکه موهیمهکانیش باس له‌وه‌ده‌که‌ن پایته‌خت له‌کوێ بێت ده‌بێت ده‌وڵه‌ت له‌وێ بێت و به له‌خۆ رازیبونیشهوه دهڵیَن ئه‌وه له هه‌موو دنیا دا وایه!
پێموایه ئه‌و نموونانه هێنده‌ی ئه‌وه‌ن که ئه‌و به‌ڕیزانه‌ی له‌ڕووی که‌می زانیارییه‌وه رایه‌کی وایان هه‌بوو بێت، بیگۆڕن.
ئهگهرسهرهک وه‌زیرێک، وه‌زیرێک به‌شێک له ده‌سه‌ڵاته‌کانی خۆیان بده‌ن به ده‌زگا و دامه‌زراوه‌کانی خوار خۆیانه‌وه بۆ باشتر راییکردنی ئیشوکاره‌کان، بۆ که‌مکردنه‌وه‌ی رۆتین، بۆ خزمه‌تکردنی هاووڵاتییان بێجگه له قازانج چ زه‌ره‌رێکی تیایه؟
ئه‌گه‌ر به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تییه‌کی گشتی، شاره‌وانییه‌ک، سه‌رۆکی یه‌که‌یه‌کی ئیداریی ده‌سه‌ڵاتی نه‌بێت بچووکترین مامه‌ڵه‌ی هاووڵاتییان راییبکات و خه‌ڵک له دهۆک و سلیَمانییهوه بچن بۆ لای جه‌نابی وه‌زیر تا واژۆی کتابێکیان بۆ بکات ئه‌مه له هه‌راسانکردنی هاووڵاتییان و زیادکردنی رۆتینی رۆژانه بۆ ئازاردانی هاووڵاتییان چ هونه‌رێکی ئیداری تیایه؟
نووسه‌ری ئه‌م وتاره له 93 - 95 قائیمقامی قه‌زای مه‌رکه‌زی سلێمانی بوو، له سه‌ر لیستی سه‌وز، ئه‌وکاته به‌ڵی ئه‌وکاته‌ش بڕوام به دابه‌شکردنی ده‌سه‌ڵات هه‌بوو. هه‌ربۆیه له‌سه‌ر داوای خۆم و له‌گه‌ل کاک سالار عه‌زیز رێکكه‌وتین که هه‌موو ده‌سه‌ڵاته‌کانی قائیمقام بده‌م به به‌ڕیوه‌به‌ری ناحیه‌یه‌ی قهردهداخ که ئه‌وکاته له‌سه‌ر ئاوهدانکردنهوهبوو. هاوکات کاک سالار عه‌زیزیش هه‌ندێک له ده‌سه‌ڵاته‌کانی پارێزگاری دا به من، چونکه ئه‌وکاته من هه‌م سه‌رۆکاری پرۆژه‌ی کاره‌بای سه‌یدسادق-م ده‌کرد، چونکه پرۆژه‌که خۆم مشوری میزانییهم له‌ڕێی میدیکۆوه بۆ خواردبوو، هه‌م مه‌به‌ستیشم بوو له‌به‌ر گرنگی ناوچه‌که زوو جیَبهجێیبکهم. هه‌موو میزانییه‌ی پرۆژه‌که‌ش ته‌نها 88000 دۆلار هه‌شتا وهه‌شت هه‌زاردۆلار بوو به توانای خۆماڵی و کۆکردنه‌وه‌ی که‌ره‌سه‌کانی کاره‌با جێبه‌جێمانکرد. ناحییه‌که‌ش نه ده‌که‌وته سنووری ده‌سه‌ڵاتی ئیداری قه‌زای مه‌رکه‌زه‌وه.
هاوکات هه‌ندێک له ئیشوکاره‌کانی مه‌رزی باشماخ که بۆ ئه‌وکاته گرنگ بوو به من سپێردرا دیسان ئه‌وێش له ده‌ره‌وه‌ی قه‌زای مه‌رکه‌ز بوو شاری پێننجوین بۆخۆی قه‌زایه‌ک بوو.! ئه‌و نموونانه هی وڵاته‌که‌ی خۆمانه پێش سیانزه ساڵێک به‌ر له ئێستا!
گه‌ر که‌سێک بیه‌وێت ده‌توانێت له‌نێو ئه‌رشیفی هه‌م قائیمقامییه‌ت، هه‌م پارێزگادا بۆ ئه‌و به‌ڵگانه بگه‌ڕێت! ئه‌مه‌ش هۆکارێکی ئه‌رێنی زۆرباش بوو بۆ راپه‌ڕاندنی ئیشوکاره‌کانی ئه‌و یه‌که ئیدارییانه! دیاره لێره‌دا هێنده‌ی قسه‌م له‌سه‌ر دابه‌شکردنی ده‌سه‌ڵاته له‌و کاته‌ی که براکان ده‌ستیان له خوێنی یه‌کدا بوو! هێنده قسه‌م له‌سه‌ر پرۆسه‌ی ئاوه‌دانکردنه‌وه‌ی قه‌ره‌داخ نییه که دڵنیام هێشتاش زۆرزۆریی ماوه تا به دڵی هه‌موومان بێت!
ئه‌م نموونه‌یه‌م بۆ ئه‌وه‌یه تا ریگا بگرم له‌و ده‌نگانه‌ی ئه‌گه‌ر هه‌بێت و بڵێت گه‌ر خۆی کاربه‌ده‌ست بێت وا ناڵێت! ناکرێت باسی ئه‌وه‌ش نه‌که‌م که ئه‌وه‌ی هانیدام بۆ ئه‌و کاره خاتو کارین ملۆدۆخ ی ژنه ئه‌ڵمانی رێکخراوی میدۆکۆی ئه‌له‌مانی بوو! هه‌ر ئه‌م خانمه به‌ڕیزه‌ش بوو که پاره‌ی پرۆژه‌ی بردنی کاره‌بای تهزووبهرزی عه‌ربه‌ت- سه‌یدسادق ی بۆ دابینکردین! بۆیه نه‌ک هه‌ر نه‌نگی نییه ئه‌گه‌ر گوێ له پێشنیاری به‌جێ بگیرێت، به‌ڵکه شوره‌ییه گه‌ر گوێی لێ نه‌گیرێت!
وا بۆ 11 ساڵیش ده‌چێت له شارێکی بچووکی سه‌د هه‌زار که‌سی هۆڵاند-دا ده‌ژیم، به درێژایی ئه‌و یانزه ساڵه بۆ هیچ ئیشوکارێک ته‌نانه‌ت بۆ وه‌رگرتنی جنسییه‌ی وڵاته‌که‌ش رێم نه که‌وتۆته هیچ وه‌زاره‌ت و مهزارهتێک. هه‌موو ئیشه‌کان له‌ڕیی شاره‌وانی شاره‌که‌وه ده‌کرێن. ته‌نها له‌به‌ر ئه‌وه‌ی ده‌سه‌ڵاتیان هه‌یه، سیستمی ئیداری ناناوه‌ندییه!
هه‌ر شاره‌وانییه‌ک بۆخۆی حکومهتۆکهیهکه! گه‌لۆ ئه‌م ته‌جروبه نایابه هی ئه‌وه‌نییه چاوی لێبکه‌ین؟
دابه‌شکردنی ده‌سه‌ڵاته‌کان، کارکردن به سیستمی ناناوه‌ندێتی، که‌مکردنه‌وه‌ی رۆتین، به گژاچوونه‌وه‌ی فه‌ساد وگه‌نده‌ڵی ئه‌مانه هه‌موویان هێنده‌ی په‌یوه‌ندی به ئیراده و بڕیاری سیاسییه‌وه هه‌یه، هێنده په‌یوه‌ندی به راده‌ی گه‌شه‌کردنی کۆمه‌ڵایه‌تییه‌وه نییه! بۆیه نابێت ئه‌م داوایه والێکبدرێته‌وه و پێیانوابێت که زیاده‌ڕۆییه ئه‌گه‌ر کوردستان به ئه‌وروپا به‌راورد بکرێت!
له‌سه‌رێکی تره‌وه خۆ ئه‌گه‌ر قه‌راربێت کوردستان(دوبه‌ی) بێت! ئه‌وا ئه‌م بهراوردکردنهش له جێی خۆی ده‌بێت!
هۆڵاند