له ژماره‌كانی رابردووی رۆژنامه‌ی رۆژنامه‌دا، رۆژنامه‌نوس ئاكۆ مه‌جید له دوا گۆشه‌دا باس له‌وه ده‌كات كه چۆن رێگه‌ی پێنه‌دراوه به كاری رۆژنامه‌نوسانه‌ی خۆی هه‌ستێت و راپۆرت ئاماده بكات له‌سه‌ر كۆنفڕانسێكی رۆژنامه‌نوسی به‌ڕێزان مام جه‌لال و كاك مه‌سعود و ته‌نها بوار به میدیای حیزبی دراوه ئاماده‌ی ئه‌و كۆنفرانسه بێت.
له ژماره‌ی ئه‌مڕۆشدا رۆژنامه‌نوسێكی ترمان له هه‌ڵه‌بجه‌ی شه‌هید كامێرای لێسهندراوهو بواری پێنه‌دراوه به كار‌و ئه‌ركی رۆژنامه‌نوسانه‌ی خۆی هه‌ستێت. ئه‌م حاڵه‌تانه نمونه‌یه‌كن له كهشو هه‌وایه‌كی سه‌ختی به‌رده‌وام له رێگای رۆژنامه‌نوساندا كه رووبه‌ڕووی هاوكارانمان له میدیا ئازاده‌كانه‌وه ئه‌بێته‌وه.
ئه‌مه پێش هه‌موو شتێك ره‌نگدانه‌وه‌ی رێزنه‌گرتنه له كاری رۆژنامه‌نوسی‌و هه‌ست نه‌كردنه به ئهركو نهقشو رۆڵی میدیا له كۆمهڵگاداو به‌سوك سه‌یركردنی رۆژنامه ناحیزبیهكانه.
ئه‌گه‌ر زیاده‌ڕۆیی نه‌بێت ده‌كرێ ئه‌م چه‌ند مانگه‌ی رابردوو به ترس له میدیا ناوزه‌د بكه‌ین، ترسێك كه جۆرێك له بارگرژی‌و له یه‌كترازانی دروستكردووه‌و تا دێ بوار به‌رته‌سك ده‌كاته‌وه له‌به‌رده‌م كاری رۆژنامه‌گه‌ری له كوردستاندا.
وه‌ڵامی سهرپێیو حازر به‌ده‌ست، ته‌شهیر به رۆژنامه‌كان‌و هه‌ڵبه‌ستنی تۆمه‌تی وه‌لائاتی نهێنیو به‌كرێگیراوی، سازدان‌و په‌روه‌رده‌كردنی له‌شكرێك له كه‌سانێك ته‌نها ئه‌ركیان وه‌ڵامدانه‌وه‌ی هه‌واڵ‌و بابه‌ته‌كانی رۆژنامه‌كان بێت بێ هیچ پێوانه‌و مه‌رجێكی رۆژنامه‌نوسانه‌و به‌نه‌فه‌سی شه‌ڕی ناوخۆی نه‌وه‌ده‌كان، دروستكردنی ده‌سته‌و لیژنه‌ی ده‌مكوتكردن‌و قفڵ له ده‌م دان، به‌شێكن له شێوازی ئاشكرای دژایه‌تی كردنی هیستریانه‌ی رۆژنامه‌نوسان له‌لایه‌ن میدیای هه‌ندێ لایه‌نه‌وه.
ئیعلامی حیزبی به راشكاوی پێمان ده‌ڵێت ئه‌مه وڵاتی منه، حكومه‌تی منه، ده‌وڵه‌تی منه‌و ته‌نها من بۆم هه‌یه له ساته‌وه‌خته دیاریكراوه‌كاندا به ره‌ش بڵێم رهشو به سپی بڵێم سپی، به پێچه‌وانه‌شه‌وه هه‌موو هه‌وڵێكی رۆژنامه‌نوسه ئازاد‌و ئازاكانی تری كه‌ناڵه‌كانی ده‌ره‌وه‌ی بازنه‌ی ته‌سكی خۆیان به‌شێكه له پیلانی ناحه‌زان‌و داخ له دڵان و ته‌نها به مه‌به‌ستی روخانی وره‌ی گهلو بوغز‌و كینه نانه‌وه‌یه‌و ریزه‌كانی حیزب‌و میلله‌ت ده‌ترازێنێت، له‌بیریان ده‌چێت كه چه‌ندین ساڵ پێش له دایك بوونی میدیای ئازاد له‌م وڵاته ئه‌مانه سه‌رقاڵی یه‌كتر لهناوبردنو چاڵ بۆیه‌كتر ههڵكهندنو به كوشتدانی هه‌زاران وزه‌ی تازه‌پێگه‌شتووی ئه‌م میلله‌ته بوون، ریزه‌كانی گه‌لیان به‌شێوه‌یه‌ك له‌یه‌ك ترازاندووه هیچ كیمیاگهرێكیش ناتوانێت ده‌رمانێكی سیحراوی بۆ ئاماده بكات‌و بیلكێنێتهوه به‌یه‌كه‌وه.
ئه‌م فۆبیایه به‌شێكه له ترسی گۆڕان، ترسی له‌ده‌ستدانی ههژمونو ئۆتهریتهیان، ترسی كاڵبونه‌وه‌ی دروشمه سواوه‌كان لانی كه‌م له‌نێو نه‌وه‌ی نوێ‌دا، پێش هه‌موو شتێكیش هه‌وڵی دروستكردنی دوژمنی ده‌ره‌كیه بۆ یهكخستنهوهیو پینه‌كردنی ماڵه لیكترازاوهكانیان، پهردهپۆشینی وه‌زعه ناوخۆ‌و ده‌ره‌كیه نالهبارهكانیانه، راكردنه له به‌رپرسیارێتی حوكمڕانیان له ئاست خزمه‌تگوزارییه بناغه‌ییه‌كانی خه‌ڵك.
ئاخر له كام وڵات‌و شوێنێكی ئه‌م دنیایه روویداوه جگه له ده‌وڵه‌ته دیكتاتۆر‌و نائازاده‌كان هه‌موو هه‌واڵ‌و راپۆرتێكی رۆژنامه‌كان راستهوخۆو پاش چه‌ند سه‌عاتێك له بڵاوبوونه‌وه‌ی به درۆ بخرێته‌وه‌و به زنجیره وه‌ڵام بدرێته‌وه، له چ وڵاتێكی دیموكرات‌و له چ حیزبێكی مۆدێرندا له‌بری لیژنه‌ی لێكۆڵینه‌وه‌و به‌دواداچوون بۆ ده‌رخستنی راستییه‌كان، لیژنه‌ی سه‌ركوت‌و ده‌مكوتكردن پێكبهێنرێت؟
بۆ بنیاتنانی وڵاتێكی مۆدێرن‌و دیموكرات پێویسته رۆڵی رۆژنامه‌نوسان به‌تایبه‌ت رۆژنامه‌نوسانی سه‌ربه‌خۆ زۆر به‌رز بنرخێندرێتو بابه‌ته‌كانیان به هه‌ند وه‌ربگیرێت، لێكۆڵینه‌وه له‌سه‌ر كاره رۆژنامه‌نوسیه‌كان بكرێت، سوپاس‌و قه‌درزانی بكرێن بۆ تیشك خستنه سه‌ر مه‌سه‌له شاراوه‌كان، كه هه‌موو ئه‌و كارانه ده‌ڕۆنه خزمه‌تی حكومه‌تی نیشتمانی‌و په‌رۆشی بۆ خزمه‌ت كردنی میلله‌ت، ترس له میدیاش ته‌نها ته‌عبیر له ترس له ئاینده‌یه‌و له‌رزۆكی‌و ناشیلگیری ده‌كات.