(سبه‌ی):
له میانی یارییه‌کانی جه‌وله‌ی پێنجه‌می قۆناغی کۆمه‌ڵه‌کانی خولی یانه پاڵه‌وانه‌کانی ئه‌وروپادا، سێ یانه‌ی ئینگلیزی هاوشانی یانه‌کانی سیڤیلییه‌و فیورنتینا گه‌یشتنه قۆناغی 16.
کۆمه‌ڵه‌ی یه‌که‌م
له یارییه‌کانی ئه‌م کۆمه‌ڵه‌یه یانه‌ی بۆردۆی فه‌ره‌نسی له یاریگای خۆی به دو گۆڵی بێوه‌ڵام له یانه‌ی یۆڤانتۆسی ئیتاڵی برده‌وه، گۆڵه‌کانیش مینیگازۆ و مه‌روان شه‌ماخ تۆماریان کرد.
به‌و بردنه‌وه‌یه‌ش بۆردۆ خاڵه‌کانی گه‌یانده 13 خاڵ و به پێشه‌نگی کۆمه‌ڵه‌که‌ی سه‌رکه‌وت بۆ قۆناغی 16، هاوکات یانه‌ی یوڤی 8 خاڵی هه‌یه‌و له‌پله‌ی دوه‌مدایه.
له دوه‌م یاری هه‌مان کۆمه‌ڵه‌شدا یانه‌ی بایرن میونخی ئه‌ڵمانی له یاریگای خۆی "ئه‌لیانز ئه‌رینا" به گۆڵێکی ئیفیکا ئۆلیچ له یانه‌ی ماکابی حه‌یفای ئیسرایلی برده‌وه.
به‌و ئه‌نجامه‌ش بایرن بوه خاوه‌نی 7 خاڵ و له‌پله‌ی سێیه‌مدایه‌و، دوه‌م بلیتی ئه‌م کۆمه‌ڵه‌یه‌ش بۆ گه‌یشتن به قۆناغی داهاتو له نێوان باڤاری و یوڤیدایه، که له جه‌وله‌ی شه‌شه‌م و کۆتاییدا روبه‌ڕوی یه‌ک ده‌بنه‌وه، له هه‌مان کاتدا ماکابی حه‌یفا که هیچ خاڵی نیه ماڵئاوایی کرد.
کۆمه‌ڵه‌ی دوه‌م
له یه‌که‌م یاریدا یانه‌ی مانچسته‌ریونایتد له یاریگای خۆی به گۆڵێکی بێوه‌ڵام به یانه‌ی بێشکتاشی تورکی دۆڕاند، رۆدریگۆ تاکه گۆڵی یارییه‌که‌ی تۆمارکرد.
وێڕای دۆراندنی ئه‌و یارییه مان یونایتد به کۆکردنه‌وه‌ی 10 خاڵ سه‌رکه‌وت بۆ قۆناغی 16، به سود وه‌رگرتن له شکستی فوڵفسبۆرگی ئه‌ڵمانی به گۆڵێکی بێبه‌رامبه‌ر به یانه‌ی سیسکا مۆسکۆ.
هاوکات رکابه‌ری به‌ده‌ستهێنانی دوه‌م بلیتی ئه‌م کۆمه‌ڵه‌یه بۆ قۆناغی داهاتو، له نێوان هه‌ردو یانه‌ی فوڵفسبۆرگ و سیسکامۆسکۆدایه، که هه‌ریه‌که‌یان 7 خاڵی هه‌یه‌و له‌پله‌کانی دوه‌م و سێیه‌مدان.
کۆمه‌ڵه‌ی سێیه‌م
له یارییه‌کانی ئه‌م کۆمه‌ڵه‌یه‌ش یانه‌ی ریاڵ مه‌درید له یاریگای "سانتایگۆ برنابیۆ" له مه‌درید به گۆڵێکی گۆنزالۆ هیگواین له یانه‌ی زیورخی سویسری برده‌وه.
له‌ویارییه‌شدا کریستیانۆ رۆناڵدۆی هێرشبه‌ری یانه‌ی ریاڵ مه‌درید پاش 56 رۆژ دورکه‌وتنه‌وه له یاریکردن به‌هۆی پێکانه‌وه، جارێکی تر گه‌ڕایه‌وه‌و ماوه‌ی 20 خوله‌ک یاریکرد.
به‌و ئه‌نجامه‌ش ریاڵ مه‌درید بوه خاوه‌نی 10 خاڵ و پێشه‌نگی کۆمه‌ڵه‌که‌ی گرتوه، هاوکات یانه‌ی زیورخ 3 خاڵی هه‌یه‌و له‌پله‌ی کۆتاییدایه.
له دوه‌م یاریشدا که له یاریگای سانسیرۆ کرا، هه‌ردو یانه‌ی میلانی ئیتاڵی و مارسیلیای فه‌ره‌نسی به گۆڵێک یه‌کسان بون، بۆریلۆ له خوله‌کی 10دا گۆڵه‌که‌ی میلانی کرد، لوچیۆ گۆنزالێز له خوله‌کی 16دا ئه‌نجامه‌که‌ی بۆ یانه‌ی میوان یه‌کسان کرده‌وه.
به‌و ئه‌نجامه‌ش میلان 8 خاڵ و مارسیلیا به 7 خاڵ له‌پله‌کانی دوه‌م و سێیه‌مدان.
له‌م کۆمه‌ڵه‌یه سه‌رکه‌وتنی هیچ یانه‌یه‌کیان بۆ قۆناغی داهاتو یه‌کلانه‌بۆته‌وه‌و تا جه‌وله‌ی کۆتایی که 8و9/12/2009 ده‌کرێت ده‌خایه‌نێت، ریاڵ که سه‌رکه‌وتنی نزیکه‌و به‌رامبه‌ر مارسیلیا یاری ده‌کات، بردنه‌وه‌و یه‌کسان بون ده‌یگه‌یه‌نێته‌ر قۆناغی داهاتو، هاوکات مارسیلیا پێویسته به چوارگۆڵی بێوه‌ڵام بیباته‌وه ئه‌وکات ده‌گاته قۆناغی داهاتو، له هه‌مان کاتدا بردنه‌وه‌ی میلان به‌ر هه‌رئه‌نجامێکی ده‌یگه‌یه‌نێته قۆناغی 16.
کۆمه‌ڵه‌ی چواره‌م
له‌م کۆمه‌ڵه‌یه‌و پێش جه‌وله‌ی کۆتایی دویانه‌که‌ی قۆناغی داهاتو به‌دیارکه‌وتن، که هه‌ردو یانه‌ی چیڵسی ئینگلیزی و پۆرتۆی پورتوگالییه.
له جه‌وله‌ی پێنجه‌میشدا چیڵسی له ده‌ره‌وه‌ی یاریگای خۆی به گۆڵێکی ئه‌نیلکا له یانه‌ی پۆرتۆی برده‌وه، به‌وئه‌نجامه‌ش چیڵسی 13 خاڵی هه‌یه‌و پێشه‌نگی کۆمه‌ڵه‌که‌ی گرتوه، پۆرتۆ به 9 خاڵ له‌پله‌ی دوه‌مدایه.
له دوه‌م یاریشدا ئه‌بۆیل نیقۆسیای قوبرسی و ئه‌تله‌تیکۆ مه‌دریدی ئیسپانی به گۆڵێک یه‌کسان بون.
ئه‌تله‌تیکۆ مه‌درید 3 خاڵ و نیقۆسیا به 2 خاڵ له‌پله‌کانی سێیه‌م و چواره‌مدان و رکابه‌ری نێوانیشیان له‌سه‌ر به‌ده‌ستهێنانی پله‌ی سێیه‌مه، بۆ ئه‌وه‌ی به‌شداری له قۆناغی 32ی پاڵه‌وانێتی خولی ئه‌وروپا که پێشتر جامی یه‌کێتی ئه‌وروپا بو.
کۆمه‌ڵه‌ی پێنجه‌م
له‌لایه‌کی دیکه‌وه‌و له میانی یارییه‌کانی کۆمه‌ڵه‌ی پێنجه‌مدا، یانه‌ی لیڤه‌رپوڵ له ده‌ره‌وه‌ی یاریگای خۆی به گۆڵێکی ده‌ڤید نگۆگ له یانه‌ی دیبرینسینی برده‌وه.
ئه‌و بردنه‌وه‌یه‌ش هیچ گرنگییه‌کی بۆ یانه‌ی لیڤه‌رپوڵ نه‌بو، به‌وه‌ی له‌و کۆمه‌ڵه‌یه‌دا هه‌ردو یانه‌ی فیورنتیناو لیۆن سه‌رکه‌وتن بۆ قۆناغی 16، که‌له هه‌مان جه‌وله‌دا فیورنتینا به گۆڵێکی بێوه‌ڵام له لیۆنی برده‌وه.
پاش کۆتایی هاتنی یارییه‌کانی جه‌وله‌ی پێنجه‌م ریزبه‌ندی ئه‌م کۆمه‌ڵه‌یه به‌مشێوه‌یه فیورتنینا 12 خاڵ و یه‌که‌می ریزبه‌ندی، لیۆن 10 خاڵ دوه‌م، لیڤه‌رپوڵ 7 خاڵ سێیه‌م و دیبرینسینی هیچ خاڵێکی به‌ده‌ستنه‌هێنا.
کۆمه‌ڵه‌ی شه‌شه‌م
له میانی یارییه‌کانی جه‌وله‌ی پێنجه‌م و پێش کۆتایی قۆناغی کۆمه‌ڵه‌کانی خولی یانه پاڵه‌وانه‌کانی ئه‌وروپا، یانه‌ی به‌رشه‌لۆنه له یاریگای "کامپ ن‌و" میوانداری یانه‌ی ئینته‌رمیلانی ئیتاڵی کرد‌و یارییه‌که‌ی به دو گۆڵی بێوه‌ڵام لێبرده‌وه.
گۆڵه‌کانی یارییه‌که‌ش که‌له‌میانی کۆمه‌ڵه‌ی شه‌شه‌مدا بو، جێرارد پیکێ و پیدرۆ رۆدریگێز له خوله‌که‌کانی 10و25دا تۆماریان کرد.
به‌و بردنه‌وه‌یه‌ش به‌رشه‌لۆنه بوه خاوه‌نی 8 خاڵ و پێشه‌نگی کۆمه‌ڵه‌که‌ی گرت، به‌رامبه‌ر 6 خاڵ بۆ یانه‌ی ئینته‌رمیلانی دوه‌می ریزبه‌ندی.
هاوکات له دوه‌م یاری هه‌مان کۆمه‌ڵه‌شدا رۆبن کازانی روسی و دینامۆکیڤی ئۆکرانی به بێ گۆڵ یه‌کسان بون.
رۆبن کازان 6 خاڵی هه‌یه‌و له‌پله‌ی سێیه‌مدایه، له هه‌مان کاتدا دینامۆکیڤ 5 خاڵی هه‌یه‌و پله‌ی چواره‌می گرتوه، به‌مه‌ش رکابه‌رییه‌کانی هه‌رچوار یانه‌که بۆ گه‌یشتن به قۆناغی داهاتو درێژه‌ی ده‌بێت و له یاری جه‌وله‌ی کۆتاییدا یه‌کلاده‌بێته‌وه.
کۆمه‌ڵه‌ی حه‌وته‌م
له کۆمه‌ڵه‌ی حه‌وته‌میش یانه‌ی سیڤیلییه‌ی ئیسپانی له جه‌وله‌ی پێنجه‌مدا هه‌رچه‌نده به گۆڵێکی بێوه‌ڵام به یانه‌ی یونیریای دۆڕاند، به‌ڵام بلیتی قۆناغی داهاتوی پاڵه‌وانێتییه‌که‌ی بڕی.
سیڤیلییه 10 خاڵی هه‌یه‌و پێشه‌نگی کۆمه‌ڵه‌که‌ی گرتوه، یونیریا 8 خاڵ دوه‌م، شتوتگارت 6 خاڵ سێیه‌م و گلاسکۆ رینجه‌رز به 2 خاڵ له‌پله‌ی کۆتاییدایه.
کۆمه‌ڵه‌ی هه‌شته‌م
له کۆمه‌ڵه‌ی هه‌شته‌میش یانه‌ی ئه‌رسیناڵ پاش بردنه‌وه‌ی له ستانده‌ر لیاج به دو گۆڵی بێوه‌ڵام سه‌رکه‌وتنی بۆ قۆناغی داهاتو مسۆگه‌رکرد، هاوکات 13 خاڵی هه‌یه‌و له پله‌ی یه‌که‌مدایه، ئۆڵۆمپیاکۆس 7 خاڵ دوه‌م، ستانده‌رلیاج 4 خاڵ سێیه‌م و ئه‌لکه‌مار3 خاڵ چواره‌م.
بڕیاریشه یارییه‌کانی جه‌وله‌ی شه‌شه‌م و کۆتایی قۆناغی کۆمه‌ڵه‌کان، رۆژانی سێشه‌ممه‌وچوارشه‌ممه 8و9/12/2009 ئه‌نجامبدرێن، سه‌رجه‌م یارییه‌کانیش سه‌عات 10:45خوله‌کی شه‌و ده‌کرێن.
به‌ڕێوه‌چونی یارییه‌کانی جه‌وله‌ی کۆتایی
سێشه‌ممه8/12
چیڵسی – ئه‌بۆیل نیقۆسیا
یۆڤانتۆس – بایرن میونخ
ئه‌تله‌تیکۆ مه‌درید – پۆرتۆ
فوڵفسبۆرگ – مانچسته‌ریونایتد
مارسیلیا – ریاڵ مه‌درید
ماکابی حه‌یفا – بۆردۆ
بێشکتاش – سیسکامۆسکۆ
زیورخ – میلان
چوارشه‌ممه 9/12
لیڤه‌رپوڵ – فیورنتینا
ئینته‌رمیلان – رۆبن کازان
سیڤلییه - گلاسکۆ رینجه‌رز
شتوتگارت – یونیریا
لیۆن – دیبرنسینی
دینامۆکیڤ – به‌رشه‌لۆنه
ئۆڵۆمپیاکۆس – ئه‌رسیناڵ
ستانده‌رلیاج – ئه‌لکه‌مار