سبه‌ی
رۆناڵدۆ دی ئه‌سێس مۆرێرا ناوی ته‌واوی رۆناڵدینۆیه،ئه‌و له 21/3/1980 له شاری پۆرتیگری له به‌ڕازیل له دایكبوه،ژیانی منداڵی به‌هه‌ژاری بردۆته سه‌رو به‌هۆی براكه‌یه‌وه شه‌یدای یاری تۆپی پێ بوه،ئه‌م یاریزانه له‌سه‌ره‌تاوه فوتساڵی كردوه‌و له رێی ئه‌و یاریه‌وه ناوبانگێكی باشی په‌یداكردوه به تایبه‌تی كاتێك له یه‌ك یاریدا توانی 23 گۆڵ تۆماربكات، ورده ورده به‌ڕازیلیه‌كان له تواناكانی ئه‌م ئه‌ستێره دره‌وشاوه‌یه‌ی وڵاته‌كه‌یان گه‌یشتن و به‌ره‌و پێكهاته‌ی هه‌ڵبژارده‌كانی وڵاته‌كه‌یان بانگێشتیان كرد ئه‌ویش توانی له‌گه‌ڵ هه‌مو ئاسته ته‌مه‌نه‌كانی هه‌ڵبژارده‌كه‌یدا نازناو به‌ده‌سبێنێت.
بێگومان هه‌مومان ئه‌وه ده‌زانین كه كیشوه‌ری ئه‌وروپا مه‌یدانی به‌ناوبانگ بون و ده‌ركه‌وتن و پێشكه‌وتنی یاریزانانی تۆپی پێیه له جیهاندا، هه‌ربۆیه له‌به‌ركردنی درێسی یانه‌یه‌كی ئه‌وروپی ئاواتی هه‌مو یاریزانێكی تۆپی پێه‌و یه‌كێكه له‌و ئامانجانه‌ی كه هه‌مو یاریزانێك خه‌ونی پێوه‌ده‌بینێت،رۆناڵدینۆش وه‌ك هه‌مو یاریزانێكی ئه‌م دنیایه ئه‌و خولیایه‌ی كه‌وته سه‌رو ئه‌وه‌بو له رێی كاربه‌ده‌ستانی یانه‌ی پاریس سان جێرمانی فه‌ره‌نسیه‌وه به‌ره‌و ئه‌وروپا كۆچی كرد‌و به بڕه‌پاره‌یه‌كی خه‌یاڵی و به گرێبه‌ستێكی 4 ساڵی درێسی ئه‌و یانه‌یه‌ی له‌به‌ركرد،دوای دو وه‌رز یاری كردن بۆ ئه‌و یانه‌یه رۆنی نه‌یتوانی هیچ ئه‌نجامێكی ئه‌وتۆ به‌ده‌سبێنێت هه‌ربۆیه بیری له به‌جێهێشتنی ئه‌و یانه‌یه ده‌كرده‌وه چونكه خه‌ونی ئه‌م یاریزانه زۆر له‌وه گه‌وره‌تر بو كه له فه‌ڕه‌نسا به‌ده‌ستی هێنابو.
شكستهێنانی خوان لاپۆرتای سه‌رۆكی یانه‌ی به‌رشه‌لۆنه‌ی ئیسپانی له كڕینی داڤید بێكهامدا له ساڵی 2003 به گه‌روره‌ترین سودی رۆناڵدینۆ شكایه‌وه چونكه به‌و هۆیه‌وه له هه‌مان وه‌رزدا رۆنی له لایه‌ن كه‌ته‌لۆنیه‌كانه‌وه په‌لكێشكراو درێسی ژماره 10 ی ئه‌و یانه‌یه‌ی پێبه‌خشرا.
قۆنغی یه‌كه‌م
یاری كردن له‌گه‌ڵ به‌رشه‌لۆنه‌دا:
دوای په‌یوه‌ندی كردنی به یانه‌ی به‌رشه‌لۆنه‌وه ئه‌م یاریزانه له وه‌رزی 2003 – 2004 ه‌وه هاته نێو دنیای لالیگاوه‌و له‌و وه‌رزه‌دا توانی 15 گۆڵ له چوارچێوه‌ی ئه‌و خوله‌دا تۆماربكات و رۆڵێكی باشیشی گێڕا له به‌ده‌سهێنانی پله‌ی دوه‌می خوله‌كه بۆ یانه‌كه‌ی، 2004 و 2005 به ساڵه ئاڵتونیه‌كانی رۆنی هه‌ژمارده‌كرێت چونكه به‌و ئاسته باشه‌ی كه له‌و ماوه‌یه‌دا پێشكه‌شی كرد توانی سه‌رنجی هه‌مو جیهان به‌لای خۆیدا رابكێشێت، هانده‌رانی ریاڵ مه‌دریدیش گه‌واهی ئه‌و راستیه‌ی بۆ ده‌ده‌ن چونكه ته‌نها یاریزانی به‌رشه‌لۆنه‌یه له مێژودا كه له یاریگای سانتیاگۆ بێرنابیۆدا له‌لایه‌ن هانده‌رانی ریاڵه‌وه چه‌پڵه رێزانی بۆكرابێت.
قۆناغی دوه‌م
دابه‌زینی ئاستی و راونانی له به‌رشه‌لۆنه:
پاش ئه‌وه‌ی توانی سه‌ركردایه‌تی یانه‌ی به‌رشه‌لۆنه بكات له به‌ده‌سهێنانی نازناوی جامی یانه پاڵه‌وانه‌كانی ئه‌وروپای وه‌رزی 2005 – 2006 دا ئیتر ئاستی رۆنی به‌ره‌و دابه‌زین هات و ئه‌و دابه‌زینه‌ش له یاریه‌كانی مۆندیالی 2006 دا به ئاشكرا تێبینی ده‌كرا،مانه‌وه‌یه‌كی زۆر له یانه‌كانی شه‌وانه‌و زیاده‌ڕه‌وی كردن له خواردنه‌وه كهولیه‌كان و به‌سه‌ر بردنی شه‌وه سوره‌كان له‌گه‌ڵ كچاندا هۆكاره‌كانی دابه‌زینی ئاستی ئه‌م ئه‌ستێره‌یه بون،ورده ورده متمانه‌ی كه‌ته‌لۆنیه‌كانی له ده‌سده‌دا تا وای لێهات له كۆڵ خۆیانیان كرده‌وه به بڕه پاره‌یه‌كی ئاست مامناوه‌ند به یانه‌ی ئه‌یسی میلانی ئیتاڵیان فرۆشت.
یه‌كه‌م وه‌رزی یاری كردن له میلان:
رۆنی ژماره 10 ی به‌رشه‌لۆنه‌و ژماره 10ی به‌ڕازیلی له ده‌سدا له میلانیش له پۆشینی درێسی ژماره 10 بێبه‌شكرا چونكه ئه‌و درێسه له لایه‌ن كلارن سیدۆرفه‌وه له‌به‌ر ده‌كرا،له‌یه‌كه‌م وه‌رزی یاریكردنیدا بۆ میلان ئاستی وه‌ك پێویست نه‌بو چونكه له ژێر كاریگه‌ری فشارێكی ده‌رونی خراپ‌دا ژیانی گورزه‌رده‌كرد و ببوه بنێشته خۆشه‌ی سه‌رده‌می رۆژنامه وه‌رزشیه جیهانی و ناوخۆییه‌كان.
قۆناغی سێیه‌م
2009-2010 وه‌رزی هه‌ستانه‌وه‌ی رۆناڵدینۆ
پاش فرۆشتنی ریكاردۆ كاكا به مه‌دریدیه‌كان كاربه‌ده‌ستانی یانه‌ی ئه‌یسی میلان ئه‌وه‌یان ئاشكراكرد كه پشت به تواناكانی رۆناڵدینۆ ده‌به‌ستن و له‌و بڕوایه‌دان كه رۆنی ده‌توانێت به باشی سه‌ركردایه‌تی سه‌ركه‌وتنه‌كانی یانه‌كه‌یان بكات،له‌گه‌ڵ ده‌سپێكردنی یاریه‌كانی ئه‌م وه‌رزه‌دا رۆناڵدینۆ زۆر به‌باشی هاته یاریگاكانه‌وه له زۆربه‌ی یاریه‌كانی یانه‌كه‌یدا ببوه كلیلی سه‌ركه‌وتن،به تایبه‌تی له‌م چه‌ند یاریه‌ی دواییدا كه توانیویه‌تی ئاستێكی زۆر به‌هێز پێشكه‌شبكات و جارێكی تر زومی كامێراكانی رۆژنامه نوسان به‌ره‌و ئاسته باشه‌كه‌ی رابكێشێت.
كاردانه‌وه‌كان سه‌باره‌ت به‌گه‌ڕانه‌وه‌ی ئاستی رۆناڵدینۆ:
*ئه‌دریانۆ گالیانی جێگری سه‌رۆكی یانه‌ی ئه‌یسی میلانی ئیتاڵی له‌مباره‌یه‌وه رایگه‌یاندا،رۆناڵدینۆ یاریزانێكی به‌هێزه ئه‌و جارێكی تر رۆحی كرده‌وه به‌به‌ری یانه‌كه‌مانداو هانده‌ره‌كانمانی ئاشتكرده‌وه ئێمه هه‌مومان متمانه‌ی ته‌واومان پێیه‌تی و پشتیوانی ته‌واوی ده‌كه‌ین چونكه یاریزانێكی مه‌زنه‌و له‌و بڕوایه‌دام له ماوه‌یه‌كی زۆر كه‌مدا ده‌گه‌ڕێته‌وه ئاستی جارانی.
*كارلۆس دۆنگای راهێنه‌ری هه‌ڵبژارده‌ی به‌ڕازیل به باشبونی ئاستی ئه‌م یاریزانه خۆشحاڵه‌و له‌مباره‌یه‌وه رایگه‌یاند ده‌رگاكانی هه‌ڵبژارده‌ی به‌ڕازیل له ئاستی رۆناڵدینۆدا واڵایه‌و شتێكی زۆر خۆشده‌بێت ئه‌گه‌ررۆناڵدینۆ جارێكی تر درێسی هه‌ڵبژارده‌كه‌ی له‌به‌ر بكات.
*دیگۆ ئه‌رماندۆ مارادۆنای راهێنه‌ری هه‌ڵبژارده‌ی ئه‌رجه‌نتین ئه‌م ئه‌ستێره‌یه‌ی به باشترین یاریزانی جیهان له قه‌ڵه‌مداو له‌و باره‌یه‌وه رایگه‌یاند من پێكه‌نینم به‌وانه ێت كه ده‌ڵێن ئاستی رۆنی وه‌ك پێویست نیه به بڕوای من رۆناڵدینۆ هاوتای نیه له جیهانداو به‌ڕازیلیه‌كان به‌خته‌وه‌رن كه خاوه‌نی یاریزانێكی وه‌ك ئه‌ون.
ئه‌و ئه‌نجامه تاكه كه‌سیانه‌ی كه له ژیانی وه‌رزشیدا به‌ده‌ستی هێناون:
*گۆڵكاری جامی كیشوه‌ره‌كانی ساڵی 1999
*باشترین یاریزانی جامی كیشوه‌ره‌كانی ساڵی 1999
*گۆڵكاری پاڵه‌وانێتی ریۆ له ساڵی 199
*باشترین یاریزانی جیهان 2004-2005
*باشترین یاریزانی جامی یانه‌كانی ئه‌وروپا ساڵی 2005
*باشترین یاریزانی ئه‌وروپا ساڵی 2005
*باشترین یاریزانی جیهان ساڵی 2005-2006
*باشترین یاریزانی ئیسپانیا له ساڵه‌كانی 2004 و 2005 و 2006.
ئه‌و یانانه‌ی كه یاری تێدا كردوه:
1-یانه‌ی گریمۆی به‌ڕازیلی – له ساڵی 1998 تا 2001 یاری بۆ ئه‌و یانه‌یه كردوه،له‌و ماوه‌یه‌دا 35 یاری ئه‌نجامداوه‌و 14 گۆڵیشی تۆماركردوه.
2-یانه‌ی پاریس سان جێرمانی فه‌ڕه‌نسی – له ساڵی 2001 تا 2003 یاری بۆ ئه‌و یانه‌یه كردوه ، له‌و ماوه‌یه‌دا 55 یاری ئه‌نجامداوه‌و 17 گۆڵیشی تۆماركردوه.
3-یانه‌ی به‌رشه‌لۆنه‌ی ئیسپانی – له ساڵی 2003 تا 2008 یاری بۆ ئه‌و یانه‌یه كردوه، له‌و ماوه‌یه‌دا 145 یاری ئه‌نجامداوه‌و 70گۆڵیشی تۆماركردوه.
4- له ساڵی 2008 ه‌وه تا ئێستا به‌رده‌وامه له یاری كردن له‌گه‌ڵ یانه‌ی ئه‌یسی میلانداو له‌وه‌رزی ئه‌مساڵی خولی كالچیۆی ئیتاڵیدا 9 گۆڵی تۆماركردوه.