(سبه‌ی):
بڕیاره رۆژی (هه‌ینی) 11/6/2010 سه‌عات 5ی ئێواره به کاتی هه‌رێمی کوردستان، به یاری نێوان هه‌ردو هه‌ڵبژارده‌ی ئه‌فریقای باشوری رێکخه‌ری مۆندیال و مه‌کسیک, نۆزده‌یه‌مین خولی جامی جیهانی ده‌ستپێبکات.
له ئاهه‌نگێکی قه‌شه‌نگدا 4/12/2009 به به‌شداری ژماره‌یه‌کی زۆر له راهێنه‌ران و که‌سایه‌تییه دیاره وه‌رزشیه‌کانی جیهان، له شاری کیپ تاونی ئه‌فریقای باشوری رێکه‌خه‌ری مۆندیال تیروپشک بۆ هه‌ر 32 هه‌ڵبژارده به شدارهکهی مۆندیال راکێشرا.
هه‌ڵبژارده به‌شداره‌کان به‌سه‌ر 8 کۆمه‌ڵه‌دا دابه‌شکرابون، ئه‌وه‌ی جێگه‌ی سه‌رنج بو بونی هه‌ردو هه‌ڵبژارده‌ی به‌ڕازیل و پورتوگال بو له یه‌که کۆمه‌ڵه‌دا، هاوشانی هه‌ردو هه‌ڵبژارده‌ی کۆریای باکور و کۆتدیڤوار.
خه‌ریك بو راكێشانی تیروپشكی مۆندیال هه‌ڵبوه‌شێنرێته‌وه
به‌هۆی رۆژنامه‌نوسێكه‌وه خه‌ریك بو راكێشانی تیروپشكی مۆندیالی 2010ی ئه‌فریقای باشور هه‌ڵبوه‌شێنرێته‌وه.
رۆژی هه‌ینی رابردو له‌شاری كیپ تاونی ئه‌فریقای باشوور تیروپشكی مۆندیالی 2010 له‌هۆڵی كۆنگره‌كان به‌به‌شداری ئه‌ستێره جیهانیه‌كانی تۆپی پێ و وڵاته به‌شداربوه‌كان و چه‌ندین میوانی تایبه‌ت به‌رێوه چو، پێش ده‌ستپێكردنی یه‌كێك له‌رۆژنامه‌نوسه رێگه‌پێدراوه‌كان دێته شوێنێكی تایبه‌ت و جانتاكه‌ی فرێ ده‌دات و هاوار ده‌كات كه مۆمبی تێدایه، به‌مه‌ش هه‌ندێك له‌ئاماده‌بوان توشی دڵه‌ڕاوكێ ده‌بن.
دواتر پۆلیسی ئاماده‌بوی تیروپشكه‌كه ده‌ستبه‌جێ هۆڵه‌كه ده‌پشكنن و بۆیان ده‌رده‌كه‌وێت كه رۆژنامه‌نوسه‌كه زانیاری نادروستی داوه‌و ده‌ستگیری ده‌كه‌ن و به‌و هۆیه‌شه‌وه بۆ ماوه‌ی 40 خولهك شوێنی تایبه‌ت بهرۆژنامهونوسان داده‌خه‌ن.
لای خۆشیه‌وه فیش نایدۆی وته‌بێژی پۆلیسی شاری كیپ تاون له لێدوانێكیدا رایگه‌یاند: ئاماده نین ناو و ره‌گه‌زی ئه‌و رۆژنامه‌نوسه ئاشكرابكه‌ین، به‌ڵام به‌تۆمه‌تی ترساندن دادگایی ده‌كرێت.
پێشتریش له فرۆكه‌خانه‌ی كیپ تاون ده‌نگۆی هه‌بونی بۆمبی چێنراو بڵاوبوه‌وه، به‌ڵام دواتر پۆلیسی فڕۆكه‌خانه‌كه هه‌واڵه‌كه‌ی به‌ناڕاست له‌قه‌ڵه‌مدا.
ئه‌نجامی تیروپشکه‌که
گروپی یه‌كه‌م: ئه‌فریقای باشور، مه‌كسیك، ئۆرۆگوای، فه‌ره‌نسا
گروپی دوه‌م: ئه‌رژه‌نتین، كۆریای باشور، نێجیریا، یۆنان
گروپی سێیه‌م: ئینگلته‌را، ئه‌مه‌ریكا، جه‌زائیر، سلۆڤینیا
گروپی چواره‌م: ئه‌ڵمانیا، ئوسترالیا، غانا ، سڕبیا
گروپی پێنجه‌م: هۆڵه‌ندا، ژاپۆن، كامیرۆن، دانیمارك
گروپی شه‌شه‌م: ئیتاڵیا، نیوزله‌ندا، پاراگوای ، سلۆفاكیا
گروپی حه‌وته‌م: به‌رازیل ، كۆریای باكور، كۆتدیڤوار، پورتوگال
گروپی هه‌شته‌م : ئیسپانیا، هندۆراس، چیلی، سویسرا.
راهێنه‌ران دوای راکێشانی تیروپشکی مۆندیال چی‌یان وت
پاش راکێشانی تیروپشکی جامی جیهانی 2010ی ئه‌فریقای باشور هه‌ندێک له راهێنه‌رانی هه‌ڵبژارده به‌شداره‌کان بیروبۆچونیان ده‌رباره‌ی هه‌ڵبژارده‌کانیان له گروپه‌کاندا خسته‌ڕو.
ریمۆن دۆمینیکی راهێنه‌ری هه‌ڵبژارده‌ی فه‌ره‌نسا رایگه‌یاند: "له کۆمهڵهیهکداین که ئه‌رکه‌که‌مان ئاسان نییه".
دۆمینیک که هه‌ڵبژارده‌که‌ی له‌کۆمه‌ڵه‌ی یه‌که‌مدایه له‌گه‌ڵ هه‌ڵبژارده‌کانی ئه‌فریقای باشور و مه‌كسیك و ئۆرۆگوای، راشیگه‌یاند: "بێگومان یاریکردن به‌رامبه‌ر هه‌ڵبژارده‌ی رێکخه‌ری مۆندیال قورسه، که له‌نێو هانده‌ران و یاریگای خۆیدایه، پێموایه ئه‌رکه‌که‌مان قورس ده‌بێت".
له‌لایه‌کی دیکه‌وه مارادۆنای راهێنه‌ری هه‌ڵبژارده‌ی ئه‌رژه‌نتین که‌به‌هۆی سزادانی له‌لایه‌ن فیفاوه به‌شداری ئاهه‌نگی تیروپشکه‌که‌ی نه‌کرد وتی: "پێموانییه هه‌ڵبژارده‌ی بێهێز له مۆندیالدا هه‌بێت، چونکه ئه‌وه‌ی گه‌یشتوه‌ته دوایارییهکان هه‌مویان به‌هێزن".
سه‌باره‌ت به تیروپشکه‌که‌ش که‌له‌کۆمه‌ڵه‌ی یه‌که‌مدان له‌گه‌ڵ كۆریای باشور و نێجیریا و یۆنان، رایگه‌یاند: "له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی ئه‌و هه‌ڵبژاردانه‌ش رکابهرمانن، به‌ڵام باوه‌ڕم به یاریزانه‌کانم هه‌یه‌و هه‌ڵبژارده‌که ده‌گه‌ڕێننه‌وه بۆ ئاستی راسته‌قینه‌ی خۆی".
به‌ڕازیل و به‌ڕازیل له یه‌ک کۆمه‌ڵه‌دان
له هه‌مان کاتدا کارلۆس دۆنگای راهێنه‌ری هه‌ڵبژارده‌ی به‌ڕازیل که‌له کۆمه‌ڵه‌ی حه‌وته‌مدایه له‌گه‌ڵ كۆریای باكور و كۆتدیڤوار و پورتوگال، وتی: "گروپێکی قورسه‌و ئهرکهکهشمان زهحمهتدهبێت، به تایبه‌ت هه‌ڵبژارده‌ی پورتوگال که چه‌ندین یاریزانی به‌توانایان هه‌یه".
وتیشی: "یاریمان به‌رامبه‌ر پورتوگال وه‌ک یاری به‌ڕازیل و به‌ڕازیل وایه، که پورتوگال به به‌ڕازیلی ئه‌وروپا ناسراوه".
هاوکات کارلۆس کیرۆشی راهێنه‌ری هه‌ڵبژارده‌ی پورتوگال رایگه‌یاند: "یاری یه‌که‌ممان که به‌رامبه‌ر کۆتدیڤواره یه‌کلاکه‌ره‌وه ده‌بێت، گه‌ر بیبه‌ینه‌وه یارییه‌کانی ترمان به‌رامبه‌ر کۆریای باکور و به‌ڕازیلیش ده‌به‌ینه‌وه".
کاپیلۆ له گروپه‌که‌ی رازییه
فابیۆ کاپیلۆی راهێنه‌ری هه‌ڵبژارده‌ی ئینگلته‌را که‌له‌گه‌ڵ ئه‌مه‌ریكا و جه‌زائیر و سلۆڤینیا له کۆمه‌ڵه‌ی سێیه‌مدان، وتی: "تا راده‌یه‌ک گروپه‌که‌مان باشه، پێشتریش له‌گه‌ڵ ئه‌مه‌ریکا و سلۆڤینیا له خاکی خۆمان یاریمان کردوه‌و بردومانه‌ته‌وه، هه‌ردوکیان ئاستیان باشه‌و به‌ڵام ئه‌مجاره له ئه‌فریقا یاری ده‌که‌ین، هه‌روه‌ها جه‌زائیریش هه‌ڵبژارده‌یه‌کی سه‌رکه‌وتوه".
لای خۆیه‌وه دیل بۆکسی راهێنه‌ری هه‌ڵبژارده‌ی ئیسپانیا که‌له گروپی هه‌شته‌مدان له‌گه‌ڵ هندۆراس و چیلی و سویسرا، رایگه‌یاند: "ئه‌و هه‌ڵبژاردانه به‌هێزن و یاریکردن به‌رامبه‌ریان تاراده‌یه‌ک قورسه، به‌ڵام پێویسته چاومان له‌سه‌ر قۆناغی یه‌که‌م بێت و سه‌ربکه‌وین بۆ قۆناغی داهاتوی پاڵه‌وانێتییه‌که".
هاوکات مارچیلۆ لیپیی راهێنه‌ری هه‌ڵبژارده‌ی ئیتاڵیا ئاشکرایکرد، که دودڵه له‌وه‌ی یاریزانانی هه‌ڵبژارده‌که‌ی له گروپه‌که‌یان بترسن.
جێی ئاماژه‌یه هه‌ڵبژارده‌ی ئیتاڵیای پاڵه‌وانی مۆندیالی رابوردو له کۆمه‌ڵه‌ی شه‌شه‌مدایه له‌گه‌ڵ هه‌ڵبژارده‌کانی نیوزله‌ندا، پاراگوای و سلۆفاكیا.
ئه‌و تۆپه‌ی له مۆندیالدا یاری پێده‌کرێت
یه‌كێتی تۆپی پێی جیهانی (فیفا) هاوکات له‌گه‌ڵ ئه‌نجامدانی تیروپشکی هه‌ڵبژارده‌کاندا، ئه‌و تۆپه‌ی نمایشکرد كه له‌یارییه‌كانی مۆندیالی 2010ی ئه‌فه‌ریقای باشوردا یاری پێده‌کرێت.
یه‌كێتی ناوبراو له‌گه‌ڵ لیژنه‌ی به‌ڕێوه‌بردنی مۆندیال‌و به‌رپرسانی كۆمپانیای ئه‌دیداس بۆ كه‌لوپه‌لی وه‌رزشی، له‌ئاهه‌نگێكی تایبه‌تدا هه‌ستا به‌پیشاندانی ئه‌م تۆپه، تیایدا هه‌ریه‌ك لهفرانز پیكنپاوهری ئه‌ڵمانی كه تاكه كه‌سه وه‌ك یاریكهرو وه‌ك راهێنه‌ریش نازناوی جامی جیهانی به‌ده‌ستهێناوه، له‌گه‌ڵ ده‌یڤد بێكهامی یاریزانی هه‌ڵبژارده‌ی ئینگلته‌را ئاماده‌ی ئه‌م پیشاندانه بون.
ئه‌م تۆپه ناونراوه (گابۆلانی) و به‌زمانی (ئیسیزولۆیه)، كه یه‌كێكه له‌یانزه زمانه سه‌ره‌كییه‌كه‌ی ئه‌فه‌ریقای باشور، مانای واته (بۆ یه‌كگرتن).
ئه‌م تۆپه له‌لایه‌ن كۆمپانیای ئه‌دیداس بۆ به‌رهه‌مهێنانی پێداویستیه وه‌رزشیه‌كان دروست كراوه، تۆپه‌كه یانزه ره‌نگی تیا به‌كارهاتوه، كه ئاماژه‌یه بۆ ئه‌وه‌ی یازدهمین جاره كۆمپانیای ئه‌دیداس تۆپی مۆندیال دروست ده‌كات، هه‌روه‌ها ئاماژه‌یه بۆ یانزه زمانه سه‌ره‌كیه‌كه له‌وڵاتی ئه‌فه‌ریقای باشور، هه‌روه‌ها بونی یانزه هه‌رێم له وڵاتی ئه‌فه‌ریقای باشور، هه‌روه‌ها ئاماژه‌یه بۆ ئه‌و یانزه یاریزانه‌ی له‌یاریگادا یاری ده‌كه‌ن.
فیفا نرخی خه‌ڵاته‌كانی مۆندیال به‌رزده‌كاته‌وه
یه‌كێتی تۆپی پێی جیهانی نرخی خه‌ڵاته مادییه‌كانی مۆندیالی 2010ی ئه‌فریقای باشور بۆ 420 ملیۆن دۆلار به‌رزكرده‌وه، له‌كاتێكدا له‌مۆندیالی 2006دا ته‌نها 216,4 ملیۆن یۆرۆ بو.
به‌پێی ئه‌م بڕیاره‌ش ئه‌و هه‌ڵبژارده‌یه‌ی كه نازناوی جامی جیهانی 2010 به‌ده‌ستده‌هێنێت، بڕی 30 ملیۆن دۆلار وه‌ك خه‌ڵات وه‌رده‌گرێت، هه‌روه‌ها ئه‌و هه‌ڵبژارده‌یه‌ش كه پله‌ی دوه‌م به‌ده‌ستدێنێت، بڕی 24 ملیۆن دۆلار وه‌ك خه‌ڵات وه‌رده‌گرێت.
هه‌روه‌ها ئه‌و هه‌ڵبژاردانه‌ی كه ده‌گه‌نه قۆناغه‌كانی نیوه‌ی كۆتایی‌و چاره‌كی كۆتایی، به‌دوای یه‌كدا بڕی 20 بۆ 18 ملیۆن دۆلاریان وه‌ك خه‌ڵات پێیان ده‌به‌خشرێت.
به‌ڵام ئه‌و هه‌ڵبژاردانه‌ی كه ده‌گه‌نه قۆناغی شانزه، ته‌نها بڕی 9 ملیۆن دۆلار وهردهگرنو ئه‌و هه‌ڵبژاردانه‌ش كه له‌قۆناغی 32دا پاڵه‌وانێتییه‌كه به‌جێ ده‌هێڵن، بڕی 8 ملیۆن دۆلاریان پێ ده‌به‌خشرێت.
ئه‌مه له‌كاتێكدا كه یه‌كێتی تۆپی پێی جیهانی بڕی یه‌ك ملیۆن دۆلار ده‌داته یه‌كێتی تۆپی پێی ئه‌و 32 هه‌ڵبژارده‌یه‌ی كه به‌شداری لهمۆندیالهكهدا ده‌كه‌ن، هه‌روه‌ها بڕی 40 ملیۆن دۆلاریش ده‌داته ئه‌و یانانه‌ی كه یاریكهرهكانیان به‌شداری له‌مۆندیالی ئه‌فه‌ریقای باشوردا ده‌كه‌ن.
هه‌ڵبژارده به‌شداره‌کانی مۆندیالی به‌پێی کیشوه‌ره‌کان:
وڵاتی رێکخه‌ر: ئه‌فریقای باشور.
ئه‌وروپا 13 هه‌ڵبژارده: دانیمارک، سویسرا، سلۆڤاكیا، ئه‌ڵمانیا، ئیسپانیا، ئینگلته‌را، سڕبیا، ئیتاڵیا، هۆڵه‌ندا، فه‌ره‌نسا، یۆنان، سلۆڤینیا، پورتوگال.
ئاسیا 4 هه‌ڵبژارده: ژاپۆن، ئوستورالیا، کۆریای باشور و کۆریای باکور.
ئه‌مه‌ریکای باشور 5 هه‌ڵبژارده: به‌ڕازیل، پاراگوای، چیلی، ئه‌رژه‌نتین و ئۆرۆگوای.
ئۆقیانوسیا یه‌ک هه‌ڵبژارده: نیوزله‌ندا
ئه‌مه‌ریکای باکور و ناوه‌ڕاست 3 هه‌ڵبژارده: ئه‌مه‌ریکا، مه‌کسیک و هۆندۆراس.
ئه‌فریقا 5 هه‌ڵبژارده: غانا، کۆتدیڤوار، نێجیریا، کامیرۆن و جه‌زائیر.
یارییه‌کانی جامی جیهانی که هه‌مو چوار ساڵ جارێک ئه‌نجامده‌درێت، یه‌که‌م خولی له ساڵی 1930 له‌وڵاتی ئۆرۆگوای به‌ڕێوه‌چو، تیایدا‌و له یاری کۆتاییدا ئۆرۆگوای به ئه‌نجامی 4-2 له ئه‌رژه‌نتینی برده‌وه‌و بوه براوه‌ی یه‌که‌م خولی مۆندیال.
هه‌ڵبژارده‌ی به‌ڕازیل خاوه‌نی ژماره‌ی پێوانه‌یی بردنه‌وه‌ی نازناوه‌کانی مۆندیالهو 5 جار له مێژیودا بوه پاڵه‌وان، به‌رامبه‌ر 4 نازناوی بۆ ئیتاڵیا، ئه‌ڵمانیا3، ئه‌رژه‌نتین 2، ئۆرۆگوای 2، فه‌ره‌نسا و ئینگلته‌راش یه‌کی خاوه‌نی نازناوێکن.