12 و کۆتایی
|||||مارتی 2004
1 ی 3 ی 04 دوشه‌م:
سه‌رۆكی نۆره‌یی ئه‌م مانگه‌ی م‌ح (مجلس الحکم) د محه‌مه‌د به‌حره‌لعلوم ئه‌بێ.
من دوربه‌دور چاودێری ئه‌که‌م. ئاگاداریه‌کانم هی ده‌ستی دوه‌مه.
×
حه‌مید كه‌فائی، وته‌بێژی مه‌جلیسی حوکم، رایگه‌یاند كه قانونی ئیداره‌ی ده‌وڵه‌ت به گشتی ده‌نگ په‌سند كراوه. ئیمزاكردنی خراوه‌ته چوارشه‌م واته دوای ته‌واو بونی مه‌راسیمی عاشورا.
×
ئه‌مڕۆ ته‌رمی خه‌لیل دۆسكی له دهۆك به خاك ئه‌سپێرن. ئه‌ندامانی م س و وه‌زیره‌كان و ژماره‌یه‌كی زۆر پیاوماقوڵانی ناوچه‌كه چون بۆ دهۆك بۆ به‌شداری له مه‌راسیمه‌كه‌دا.
×
سه‌عات 6 ی ئێواره مریه‌م فام میصرییه كار بۆ ئه‌سۆشیتدپرێس كار ئه‌كات هات بۆ گفتوگۆ.
×
سه‌عات 7 بیل گرانت و جۆن لیسته‌ر له سام (سلطه الاتلاف موقته) هاتن بۆ ئه‌وه‌ی بیروڕای من و كاردانه‌وه‌ی له ناو خه‌ڵك دا بزانن له سه‌ر قانونه‌كه. من وتم: "گفتوگۆكان له ژورێكی داخراودا كراون و شه‌فافیه‌ت له كاره‌كه‌دا نه‌بوه له به‌ر ئه‌وه نازانم له داواكانی كورد چی سه‌لمێنراوه" سه‌رله‌نوێ خواسته‌كانی كورد و مه‌ترسییه‌كانی خۆمان بۆ رون كرده‌وه.
پرسییان كه قانونه‌كه ده‌رچو بۆ ئه‌وه‌ی بزانن بیروڕای خه‌ڵكی كوردستان چیه له سه‌ری له كێ پرسیار بكه‌ن؟ ره‌ئی خۆمم پێ وتن.
جۆن عه‌ره‌بی ئه‌زانێ. كۆپی چند وتارێكم دایه له‌وانه: وتوێژهكهی خۆم و وتاره‌كه‌م له شه‌رقی ئه‌وسه‌ت دا و وتارێكی عه‌ره‌بی ده‌رباره‌ی فیدرالی له سه‌ر نمونه‌ی كه‌نه‌دا و وتارێكی پرۆفیسۆر ئۆلێرلی كه له لۆس ئه‌نجلس تایمس دا بڵاوی كردۆته‌وه.
×
2 ی 3 ی 04 سێشه‌م:
ئه‌مڕۆ چه‌ند ته‌قینه‌وه‌یه‌ك له كه‌ربه‌لا و له حه‌وشی مزگه‌وتی ئیمام موسای كازم دا بوه. هه‌ندێكیان خۆته‌قاندنه‌وه بون. له 150 كه‌س زیاتر كوژراوه و زیاتر له 500 كه‌س بریندار بوه.
ئه‌م تهقینانهوانه له‌م كاته‌دا: رۆژی عاشورا و، له‌و شوێنانه‌دا: پیرۆزگا و ئارامگای ئیمامه‌كانی شیعه، به ده‌ستدرێژییه‌كی ئێجگار گه‌وره و به هه‌وڵێكی راسته‌قینه دائه‌نرێ بۆ هه‌ڵگیرساندنی شه‌ڕی مه‌زه‌بی له به‌ینی شیعه و سوننه‌دا، كه پێ ئه‌چێ بۆ جێبه‌جێكردنی پلانه‌كه‌ی زه‌رقاوی بێ. به‌ڵام ئاخۆ ئه‌م پیلانه شه‌یتانییه سه‌رئه‌گرێ یا نه؟ وه‌ڵامه‌كه‌ی له پاشه‌ڕۆژدا وه‌رئه‌گرینه‌وه.
×
3 ی 3 ی 04 چوارشه‌م:
به هۆی روداوه‌كانی كه‌ربه‌لا و كازمیه ئیمزاكردنی قانونی ئیداره‌ی ده‌وڵه‌ت دوا كه‌وت.
ژماره‌ی كوژراوه‌كان گه‌یشتۆته 271 كه‌س وه‌كو به‌حره‌لعلوم له كۆنفره‌نسی رۆژنامه‌وانیدا وتی.
×
مه‌كته‌بی سیستانی و سه‌رانی دینیی شیعه ئه‌مه‌ریكا تاوانبار ئه‌كه‌ن له به‌ر ئه‌وه‌ی ئه‌وان به‌رپرسی دابینكردنی ئاسایشن. ئه‌مانه سه‌یرن له لایه‌كه‌وه قبوڵ ناكه‌ن ئه‌مه‌ریكایی و هێزه‌كانی هاوپه‌یمانیان بچنه پیرۆزگاكانیانهوه، كه‌چی هه‌رچییه‌كیان لێ ئه‌قه‌ومێ یه‌كسه‌ر په‌نجه‌ی تاوانباركردن ئه‌كه‌نه ئه‌مه‌ریكا. له راستیدا ئه‌مه جۆرێكه له سپڵه‌یی له كاتێكا دا له سه‌رده‌می صه‌دام دا نه‌یان ئه‌وێرا قسه بكه‌ن و، مه‌راسیمی ئاینییان لێ قه‌ده‌غه كرابو، ئیستا له ژێر سایه‌ی ده‌سه‌ڵاتی سام دا به‌وپه‌ڕی ئازادییه‌وه قسه ئه‌كه‌ن و ئه‌جوڵێن و مه‌راسیمی دواكه‌وتوانه‌ی خۆیان به جێ ئه‌هێنن، كه‌چی به‌وجۆره پاداشتی چاكه‌ی ئه‌مه‌ریكا ئه‌ده‌نه‌وه.
×
4 ی 3 ی 04 پێنجشه‌م:
روداوه‌كانی پیرۆزگاكان شیعه‌كانی هه‌ژاندوه كه‌وتونه‌ته وتنه‌وه‌ی هه‌ستی مه‌زڵومی كه بیری شیعه‌ی له سه‌ر دامه‌زراوه و، ده‌ربڕینی هه‌ستی ناڕه‌زایی به‌رامبه‌ر سوننه. له زۆر سایتی ئینته‌رنێت دا ئه‌مه ئه‌بینرێ. دركاندنه‌كانی موحسین عه‌بدولحه‌مید، كه له ناو شیعه‌دا به خراپ ده‌نگی دایه‌وه، ئه‌م روداوانهیشی هاتۆته سه‌ر.
له موسوعه النهرین دا:
به‌ر له چه‌ند رۆژێ زهیر شنتاف نوسی بوی: "نعم للتقسیم".
رۆژی 3 ی 3 عبدالله العماری نوسی بوی: "إنهض ایها المارد الشیعی" داوای له شیعه‌ی عیراق كردوه ده‌وڵه‌تی تایبه‌تی خۆیان دابمه‌زرێنن.
هه‌مان رۆژ ناهده سوار (كه ره‌نگه ناوێكی خواستراو بێ) نوسیوێتی "یا شیعه الیوم لاتكرروا غلطه شیعه الامس" داوای دروستكردنی (كیان) ی تایبه‌تی شیعه‌ی كردوه.
رۆژی 4 ی 3 طالب الشطری نوسیوێتی: "الحرب الاهلیه ضد الشیعه وجماعه م‌و انی" ئه‌ویش داوای دروستكردنی (كیان) ی تایبه‌تی شیعه‌ی كردوه.
ئه‌مانه داوا ئه‌كه‌ن له سوننه جیا ببنه‌وه، سامانی سروشتی خۆیان بۆ خۆیان بێ و سنوری شاره‌كانیان به هێزی خۆیان بپارێزن. ئه‌گه‌ر ئه‌م خواستانه ببێته داواكاری هێزه شیعییه‌كان بۆ كورد باش ئه‌بێ، به‌ڵام سه‌رانی شیعه ره‌نگه گوێ به‌م قسانه نه‌ده‌ن چونكه ئه‌وان ئه‌یانه‌وێ ئه‌گه‌ر حوكم بگرنه ده‌س حوكمی هه‌مو عیراق بكه‌ن به سوننه و شیعه و كورده‌وه نه‌ك به ته‌نیا شیعه.
×
هێشتا ده‌قی قانونه‌كه له لایه‌ن م‌ح ه‌وه بڵاو نه‌كراوه‌ته‌وه. سه‌رچاوه‌ی ئاگاداریه‌کانی من و براده‌رانی تریش هه‌ر ده‌زگاکانی راگه‌یاندنه. له قسه‌كانی دوێنی شه‌وی د به‌رهه‌م و له‌و گفتوگۆیه‌دا د مه‌حمود رۆژی 3 ی مانگ له گه‌ڵ رادیۆی سه‌وا كردویه‌تی پێ ئه‌چێ قانونه‌كه چه‌ند ده‌لاقه‌ی تێ دا بێ.
ده‌سكه‌وته‌كان:
- عیراق به ره‌سمی دان ئه‌نێ به حكومه‌تی هه‌رێم و ئه‌نجومه‌نی نیشتمانی و دادگاكانی كوردستان دا له‌و ناوچانه‌ی رۆژی 19 ی مارتی 2003 له ژێر ده‌سه‌ڵاتیدا بون.
- ناسینی ره‌سمی زمانی عه‌ره‌بی و كوردی له هه‌مو عیراق دا و ره‌نگدانه‌وه‌ی له هه‌مو داووده‌زگا و به‌ڵگه‌كان دا.
- ئاساییكردنه‌وه‌ی دۆخی ناوچه ته‌عریب كراوه‌كان.
- هه‌ر چه‌ند پارێزگایه‌ك بۆیان هه‌یه رێك بكه‌ون له ئیقلیمێك دا یه‌ك بگرن.
- ئه‌م قانونه ده‌سكاری ناكرێ مه‌گه‌ر به ده‌نگی سێچواریه‌كی ئه‌ندامانی كۆمه‌ڵه‌ی نیشتمانی و موافه‌قه‌تی هه‌ر سێ ئه‌ندامه‌كه‌ی ئه‌نجومه‌نی سه‌رۆكایه‌تی.
- ئه‌گه‌ر دوسێیه‌كی ده‌نگده‌رانی 3 پارێزگا ده‌ستوری ره‌فز كرد ئه‌وا ده‌ستوره‌كه له هه‌مو عیراق دا نابێ جێبه‌جێ بكرێ.
ئه‌مه تیغێكی چه‌ند ده‌مه. كورد و عه‌ره‌ب و سوننه و شیعه ئه‌توانن دژی خواسته‌كانی یه‌كتری به كاری بهێنن.
ده‌لاقه‌كان:
- سنوری ئیستای هه‌رێمی كوردستان تا نوسینی ده‌ستور وه‌كو خۆی ئه‌مێنێته‌وه. هیچ ناوچه‌یه‌كی كوردنشینی تری ناخرێته سه‌ر.
- سنوری پارێزگاكان بێ ده‌سكاری تا نوسینی ده‌ستور ئه‌مێننه‌وه.
ئه‌و ناوچانه‌ی له كه‌ركوك دابڕاون ناخرێنه‌وه سه‌ری.
ئه‌و ناوچه كوردنشینانه‌ی له كوردستان دابڕاون و خراونه‌ته سه‌ر موسل و تكریت و دیاله تا نوسینی ده‌ستور هه‌ر له سه‌ر ئه‌وان ئه‌مێننه‌وه.
- سامانی سروشتی هه‌ر له ده‌س به‌غدادا ئه‌مێنێته‌وه.
- پێشمه‌رگه هه‌ڵئه‌وه‌شێنرێته‌وه.
- دینی ره‌سمی ئیسلامه و نابێ هیچ قانونی دابنرێ له گه‌ڵ ئیسلام نه‌گونجێ.
×
5 ی 3 ی 04 هه‌ینی:
شیعه، به تایبه‌تی ئه‌وانه‌ی له ئه‌وروپان، به‌رده‌وامن له سه‌ر نوسینی ئاگراوی. داوای ده‌وڵه‌تێكی شیعه ئه‌كه‌ن. هه‌ندێكیان به ئاشكرا شان به شانی هێرش بۆ سه‌ر قه‌ناته‌كانی جه‌زیره و عه‌ره‌بیه، ئیستا هێرش ئه‌كه‌نه سه‌ر ئێران و سعودیه و حیزبوڵای لوبنان، ته‌نانه‌ت یه‌كێكیان هێرشی كردۆته سه‌ر سیستانی. هه‌ندێ له‌مانه توڕه بون له‌وه‌ی كه ئه‌مه‌ریكا تاوانبار ئه‌كه‌ن به ته‌قینه‌وه‌كانی كه‌ربه‌لا و كازمیه و سوتاندنی ئاڵای ئه‌مه‌ریكی، ئه‌وه به چه‌واشه‌كردنی شیعه دائه‌نێن، چونكه به‌رپرسی راسته‌قینه به تێڕۆڕیسته‌كانی سوننه ئه‌زانن.
×
وائیل عه‌بدولله‌تیف ئه‌ندامی م‌ح و پارێزگاری به‌صرا، وه‌كو موسوعه النهرین نوسیوێتی، ئێواره‌ی 3 ی 3 له ئۆتێلی كاپیتۆل له دوبه‌ی له گه‌ڵ عیراقییه‌كان دانیشتوه باسی قانونی ئیداره‌ی ده‌وڵه‌تی بۆ كردون. پشتیوانی له فیدرالی كردوه و باسی دابه‌شكردنی عیراقی كردوه به سه‌ر 5 هه‌رێم دا، له‌وانه هه‌رێمی جنوب: به‌صرا، ناصریه، عه‌ماره و سه‌ماوه. باسی زیانی سیسته‌می ناوه‌ندی كردوه و، 2 نمونه‌ی خۆیانی هێناوه‌ته‌وه كه له گه‌ڵ كۆمپانیای نه‌وتی جنوب رێك كه‌وتون 17 بنكه‌ی سوته‌مه‌نی دابنێن 4 مانگه چاوه‌ڕوانی موافه‌قه‌تی به‌غدا ئه‌كه‌ن و، له گه‌ڵ ئێران رێك كه‌وتون 150 مێگاوات كاره‌بایان لێ بكڕن بۆ ناوچه سنورییه‌كان كه 200 مه‌تر دوره له هێڵی كاره‌بای ئێرانه‌وه ئه‌ویش به هۆی موافه‌قه‌ت نه‌كردنی به‌غداوه دوا كه‌وتوه.
ئه‌م جۆره رونكردنهوانه به قازانجی كوردن.
×
توانا له باره‌گای م‌ح ه‌وه ته‌له‌فۆنی بۆ كردم. ئه‌مڕۆ ئه‌بو قانونه‌كه ئیمزا بكرێ چونكه به گشتی ده‌نگ بڕیاری له سه‌ر درا بو. سه‌ره‌ڕای كۆبونه‌وه‌ی درێژ تا نیوه‌شه‌و نه‌گه‌یشتنه بڕیار چونكه شیعه له ئاخر له‌حزه‌دا له هه‌ندێ ماده‌ی په‌شیمان بونه‌ته‌وه. حه‌كیم، به‌حره‌لعلوم، چه‌له‌بی، جه‌عفه‌ری، روبه‌یعی رازی نه‌بون قانونه‌كه ئیمزا بكه‌ن. سیستانی رازی نیه.
ناكۆكی له سه‌ر دو نوقته‌ی سه‌ره‌كییه: ئیستیفتا (دژی ڤیتۆی كوردی و عه‌ره‌بی سوننی) و سه‌رۆكایه‌تی (بۆ پچوككردنه‌وه‌ی كورد و عه‌ره‌بی سوننی).
حامید به‌یاتی وته‌بێژی مه‌جلیسی ئه‌علا ناكۆكییه‌كانی به ئاشكرا بۆ ده‌زگاكانی راگه‌یاندن باس كرد. د مه‌حمودیش بزمارێكی به شیعه‌دا داكوتا.
×
ئیستا نیوه‌شه‌وه رایان گه‌یاند كۆبونه‌وه‌كه دواخرا بۆ دوشه‌م. واته ئیمزاكردنی قانون له كاتی دیاریكراودا نابێ.
×
رۆژی 3 ی 3 مام جه‌لال نامه‌یه‌كی بۆ نا‌ردوم. پارتی كۆمۆنیستی چین وه‌فدێكی یه‌كێتییان بانگهێشتوه بۆ ماوه‌ی حه‌فته‌یه‌ك مام جه‌لال داوای له من كردوه سه‌رۆكایه‌تی وه‌فده‌كه بكه‌م. له‌و کاته‌وه رۆیشۆتهوه به‌غداد ته‌نیا له‌م نامه‌یه‌دا هه‌ندێ ئاگاداری له سه‌ر قانونه‌كه بۆ نوسیوم. له به‌شێکی نامه‌که‌دا نوسیوێتی:
"لێره‌ش ئیشه‌کان به پێی توانا باش رۆیشتوه ده‌رباره‌ی فیدرالیه‌تی جوغرافیائی. زمانی کوردی وه‌ک زمانی عه‌ره‌بی ره‌سمی بێت . هه‌قی 3 محافه‌زه له ره‌ت کردنه‌وه‌ی ده‌ستوری دایم گه‌ر به 75% ده‌نگ دژی بوه‌ستن. سامانی نه‌ته‌وه‌یی که هی ئیقلیم و هه‌مو وڵاته و ده‌بێ به پێی نفوس و پێویستیه‌کان دابه‌ش بکریت. رێککه‌وتنی به خشکه‌یی خۆمان له گه‌ڵ (هاوپه‌یمانان) له سه‌ر ه پ ک. حکومه‌تی هه‌رێم حکومه‌تی ره‌سمیه تاکو ده‌ستور په‌سند ده‌کرێت (حکومه‌ت، په‌رله‌مان، دادگا). لابردنی شوێنه‌واری ته‌عریب و گۆڕانکاریه‌کانی (تطهیری عرقی) و هتد.
"ئه‌وه‌ی به دڵم نه‌بو – مه‌سه‌له‌ی ده‌ست به جێ نه‌گۆڕینی سنوره‌کانی محافهزهکانه! له گه‌ڵ دانی ده‌سه‌ڵاتی زۆر به حکومه‌تی مه‌رکه‌زی ده‌رباره‌ی سامانی میللی. به‌ڵام له گه‌ڵ کاک مه‌سعود و هه‌ڤاڵانی تریش لێره وامان پێ باش بو ما لا یدرک کله لا یترک جله."
6 ی 3 ی 04 شه‌مه:
7 له شیعه‌كانی م‌ح چون بۆ نه‌جه‌ف بۆ بینینی سیستانی. بۆ ئه‌وه‌ی ره‌ئی وه‌ربگرن له‌سه‌ر قانونی ئیداره و هه‌ندێ له ماده‌کانی و ئیمزاکردنی. خۆی هێشتا نه‌یبینیون محه‌مه‌د ره‌زای كوڕی له گه‌ڵیان كۆبۆته‌وه. به‌حره‌لعلوم وتویه‌تی ئێواره‌ی دوشه‌م قانونه‌كه ئیمزا ئه‌كرێ.
×
ئێلنور چهفیك و جه‌نگیز جاندار بۆ فراوین میوانی من بون.
×
سه‌عات 3 جۆن لیسته‌ر له ئۆفیسی سلێمانی سام هات بۆ گفتوگۆ سه‌باره‌ت به دواكه‌وتنی ئیمزای قانونه‌كه. وای پیشان دا كه نازانێ ناكۆكیه‌كان چین. له راستی دا منیش نه‌مئه‌زانی به دیاریکراوی له سه‌ر چیه. پێی سه‌یر بو منیش نایزانم.
8 ی 3 ی 04 دوشه‌م:
ئه‌مڕۆ مه‌راسیمی ئیمزاكردنی (قانون اداره الدوله العراقیه فی الفتره الانتقالیه) ته‌واو بو. 25 ئه‌ندامه‌كه‌ی م‌ح هه‌ندێکیان خۆیان ئیمزایان کرد و هه‌ندێکیان نوێنه‌ره‌کانیان. له باتی عه‌بدولعه‌زیز حه‌كیم عادل عه‌بدولمه‌هدی، له باتی موحسین عه‌بدولحه‌مید حاجم حه‌سه‌نی، له باتی ئه‌یاد عه‌لاوی هانی ئیدریس و له باتی دارا نوره‌دین سه‌لاح مه‌لا که‌ریم ئیمزایان كرد چونكه خۆیان ئاماده نه‌بون. پێم وایه ئه‌حمه‌د چه‌له‌بی له گه‌ڵ ئیمزاكردن دا (تحفظ) ی تۆمار كرد. به‌حره‌لعلوم و بارزانی و پاچه‌چی قسه‌یان كرد. بارزانی به‌شێ له دوانه‌كه‌ی به كوردی بو.
×
مه‌كته‌بی سیستانی له رونكردنه‌وه‌یه‌كدا له وه‌ڵامی (جمع من المؤمنین) نوسیوێتی: "لقد سبق لسماحه السید مد ضله ان اوضح فی تحفظه علی اتفاق 15 تشرین الثانی ان ای قانون یعد للفتره الانتقالیه لن یكتسب الشرعیه الا بعد المصادقه علیه فی الجمعیه الوطنیه المنتخبه، ویضاف الی ذلك ان (هذا القانون) یضع العوائق امام الوصول الی د‌ستور دائم للبلد یحفظ وحدته وحقوق ابنائه من جمیع الاعراق والطوائف. 16 محرم الحرام 1425"
×
11 ئه‌ندامی گروپی شیعه‌ی ناو م‌ح: به‌حره‌لعلوم، چه‌له‌بی، محه‌مه‌داوی، وائیل، روبه‌یعی، جه‌عفه‌ری، خوزاعی، به‌راك، عه‌لاوی، عادل، خه‌فاجی. (حه‌مید مو‌سا و عیزه‌دین سه‌لیم ئیمزایانی له سه‌ر نیه) له به‌یانێكی درێژدا كه له شێوه‌ی لائیحه‌یه‌كی قانونیدا نوسراوه (تحفظ) یان پیشان داوه له سه‌ر:
ماده‌ی 3 ف 1 ئه‌ڵێ: "ئه‌م قانونه نابێ ته‌عدیل بكرێ مه‌گه‌ر به زۆرایه‌تی سێچواریه‌كی ئه‌ندامانی كۆمه‌ڵه‌ی نیشتمانی و ده‌نگی گشتی سه‌رۆكایه‌تی"
ماده‌ی 61 ف ج ئه‌ڵێ: "ئیستیفتا له سه‌ر مسوه‌ده‌ی ده‌ستوری دائیم كاتێ سه‌ركه‌وتو ئه‌بێ كه گه‌ل موافه‌قه‌تی له سه‌ر بكا و دوسێیه‌كی 3 محافه‌زه یا زیاتر ره‌فزی نه‌كه‌ن."
ئه‌ڵێن ئه‌وان رازی نین به‌ڵام بۆ ئه‌وه‌ی تاوانبار نه‌كرێن به دواخستنی پرۆسه‌ی سیاسی بۆیه ئیمزایان كردوه.
×
بوش به بۆنه‌ی قانونهكهوه پیرۆزبایی له گه‌لی عیراق كرد و، له وڵاتانی گه‌وره بریتانیا و فه‌ره‌نسا و روسیا و، له وڵاتانی ناوچه‌كه ئێران، سعودیه، ئوردون، به‌حره‌ین، میصر، پێخۆشحاڵییان ده‌ربڕی. توركیا نیگه‌رانه له قانونه‌كه گۆیا ئه‌بێته هۆی پشێوانی زۆرتری ناوچه‌كه و كه‌وتونه‌ته پێوه‌ندی له گه‌ڵ ئه‌مه‌ریكا به تایبه‌تی له گه‌ڵ كۆلن پاول.
×
شیعه له دركاندنه‌كانی وشیار زێباری له وه‌ڵامی ره‌خنه‌ی شیعه‌کان دا توڕه بون كه وتویه‌تی: "ئه‌مه گه‌ره‌نتییه بۆ رێبڕین له دیكتاتۆریه‌تی زۆرایه‌تی و بۆ ئه‌و مه‌سه‌لانه نابێ بچن بۆ لای بێگانه."
×
له كه‌ركوك هه‌زاران كورد رژاونه‌ته سه‌ر جاده‌كان وێنه‌ی مام جه‌لالیان هه‌ڵگرتوه. له گه‌ڵ توركومان و عه‌ره‌ب پێكا هه‌ڵپژاون 2 توركومان و ژنێكی عه‌ره‌ب كوژراون.
له زانكۆی موصل خوێندكارانی كورد و عه‌ره‌ب بوه به شه‌ڕیان.
×
9 ی 3 ی 04 سێشه‌م:
حه‌كیم له كۆنفره‌نسێكی رۆژنامه‌وانیدا رایگه‌یاند كه له به‌ر ئه‌وه‌ی (تحفظ) ی هه‌بوه له سه‌ر هه‌ندێ بابه‌تی قانونه‌كه بۆیه له ئیمزاكردنیدا به‌شدار نه‌بوه.
سه‌ید كازمی حائیری دانیشتوی قوم له ئێران، كه مه‌رجه‌عی ته‌قلیدی موقته‌دا صهدره به پێی وه‌سێتی باوكی، به‌یانێكی ده‌ركردوه ئه‌ڵێ ئه‌م قانونه شه‌رعی نیه. دور نیه موقته‌دا ئیتر كێشه‌ی زیاتر دروست بكا. به پێی راپۆرتی (د. ز) ماوه‌یه‌ك له‌مه‌وبه‌ر 300 كه‌سی جه‌یشی مه‌هدی كه چوبون بۆ لوبنان حیزبوڵا مه‌شقی پێ كردون گهیشتونهتهوه عیراق.
محه‌مه‌د ته‌قی موده‌ریسی، مه‌لایه‌كی تری شیعه كه له دوای روخانی به‌عس له ئێران گه‌ڕاوه‌ته‌وه، دژی فیدرالی به‌یانی داوه و ئه‌ڵێ قانونه‌كه چه‌ندین لوغمی تێدا چێنراوه، له‌وانه فیدرالیزم.
×
كورده‌كانی ئێران له مه‌ریوان، مه‌هاباد، بۆكان، سه‌قز، سه‌رده‌شت، پیرانشه‌هر بۆ ده‌ربڕینی شادمانی خۆپیشاندانی گه‌وره‌یان كردوه. له هه‌ندێ شوێن بۆته پێكادان له نێوان پیاوانی ئاسایش و خه‌ڵك دا وه‌كو ئه‌ڵێن به ده‌یان كه‌س گیراون.
ئێران و توركیا و سوریا له‌وه‌دا به هه‌ڵه نهچوبون كه گۆڕانه‌كانی ناو عیراق ئاسایشی نهتهوهیییان ئه‌خاته مه‌ترسییه‌وه.
×
12 ی 3 ی 04 هه‌ینی:
مام جه‌لال جه‌نه‌رال ئه‌دریانۆ فه‌رمانده‌ی له‌شكری 4 ئه‌مه‌ریكی و جه‌نه‌رال باتیست فه‌رمانده‌ی نوێ، كه بنكه‌كه‌یان له تكریته، بۆ فراوین بانگ كردبو. ئه‌دریانۆ ئه‌گه‌ڕێته‌وه بۆ ئه‌مه‌ریكا و باتیست له جێگه‌ی ئه‌و هاتوه.
×
13 ی 3 ی 04 شه‌مه:
چه‌سپاندنی فیدرالیزم و مافه‌كانی كورد له قانونی ئیداره‌ی ده‌وڵه‌ت له عیراق دا كوردی سه‌رانسه‌ری كوردستانی خرۆشاندوه.
رۆژی هه‌ینی تیپی فتوه‌ی دیره‌زوری چۆته قامیشلی بۆ یاری له گه‌ڵ تیپی جیهادی قامیشلی. تیپه‌كه‌ی دیره‌زور له گه‌ڵ خۆی چه‌ند هه‌زارێ گه‌نجی بردوه كه وێنه‌ی صه‌دامیان هه‌ڵگرتوه هوتافیان به ژیانی صه‌دام و جنێویان به كورد و سه‌ركرده‌كانی داوه. له ئه‌نجام دا بۆته شه‌ڕه ده‌س و دیرهزورییهكان كه خۆیان بۆ شه‌ڕه‌كه ئاماده كردبو چه‌قۆ و تێڵا... یان به كار هێناوه. له وێدا چه‌ند كه‌سێ كوژراون. مه‌سه‌له‌كه ته‌نیوه‌ته‌وه بۆ ناوشار خه‌ڵك بۆ ده‌ربڕینی ناڕه‌زایی كۆبونه‌ته‌وه به‌ڵام ده‌زگا ئه‌منیه‌كان كه‌وتونه‌ته داپڵۆسینی كورده‌كان و چه‌ند كه‌سێ كوژراون. هه‌ندێك ئه‌ڵێن 14 و هه‌ندێك زۆرتر ئه‌ڵێن.
هه‌مو شاره كوردنشینه‌كان خرۆشاون. نائارامی و ناڕه‌زایی شاره‌كانی: قامیشلی، دێركێ، تربه‌سپی، سه‌ریكانی، عاموده، درباسیه، عه‌فرین، حه‌له‌ب... ته‌نانه‌ت دومه‌ر و روكنه‌دینی ناو پایته‌ختیشی گرتۆته‌وه.
×
له مه‌راسیمێكی پڕ شكۆدا كه 100 هه‌زار كه‌س زیاتر به‌شدارییان تێدا كردوه شاری قامیشلی ته‌رمی شه‌هیده‌كانی به خاك سپاردوه. سه‌یر ئه‌وه‌یه ئاڵای كوردستانیان له ته‌رمی هه‌ندێكیانه‌وه پێچا بو. ئه‌وه یه‌كه‌مجاره له سوریا شتی وه‌ها رو بدا.
×
عه‌ره‌به شۆڤێنییه‌كان له هه‌ندێ له شاره كوردنشینه‌كانی سوریا هه‌ندێ دوكانی كوردیان تاڵان كردوه. كورده‌كانیش هه‌ندێ داووده‌زگای حكومهتییان ئاگر داوه.
×
هه‌ندێ له گه‌وره كاربه‌ده‌ستانی سوریا چونه‌ته ناوچه‌كه، له‌وانه ماهیری برای به‌شار ئه‌سه‌د، لیوا محه‌مه‌د مه‌نصوره، پارێزگاری حه‌سه‌كه... له گه‌ڵ سه‌رانی هه‌ندێ له حیزبه كوردییه‌كان دانیشتون.
×
14 ی 3 ی 04 یه‌كشه‌م:
پاش نیوه‌ڕۆ له هۆڵی په‌یمانگای ته‌كنیكی وتارێكم بۆ خوێندكارانی به‌شی زانستی سیاسی سه‌باره‌ت به قانونی ئیداره‌ی ده‌وڵه‌ت پێشكه‌ش كرد.
×
سه‌ركۆماری میصر كتوپڕ سه‌ردانی ئه‌سه‌دی كرد. پێ ئه‌چێ بۆ پشتیوانی و هاوده‌ردی بێ. دواتر سه‌رچاوه‌كانی هه‌واڵ رایان گه‌یاند له به‌ر ئه‌وه‌ی موباره‌ك پێوه‌ندی باشی له گه‌ڵ تاڵه‌بانی و بارزانی هه‌یه، گه‌ره‌كێتی ناوبژی له نێوان ئه‌سه‌د و ئه‌وان دا بكات بۆ ئه‌وه‌ی هه‌لومه‌رجی سوریا هێور ببێته‌وه.
×
15 ی 3 ی 04 دوشه‌م:
دوێنی شه‌و ئه‌بو موهه‌نه‌د، كه خۆی خه‌ڵكی فه‌لوجه‌یه و ماوه‌یه‌كی درێژ ئه‌فسه‌ری ئیستیخبارات بو، بۆی باس كردم زۆری ئه‌وانه‌ی كاره تێڕوڕیستییهكانی ناوچه‌كانی سێگۆشه‌ی سوننی دژی پۆلیس و داووده‌زگا عیراقییه‌كان ئه‌نجام ئه‌ده‌ن سه‌ر به حیزبوڵای لوبنان و فه‌یله‌قی به‌در و شیعه‌ن. چونكه خه‌ڵكی فه‌لوجه پۆلیسی خه‌ڵكی فه‌لوجه ناكوژێ، هه‌مویان یه‌كتری ئه‌ناسن و، ئه‌وه دوژمنایه‌تی عه‌شایه‌ری قوڵی لێ ئه‌كه‌وێته‌وه. به قسه‌ی ئه‌و تا ئیستا چه‌ند تێڕۆڕیست، كه سه‌ر به به‌در بون، گیراون و دراونه‌ته ئه‌مه‌ریكییه‌كان.
پێم وایه قسه‌كانی بۆ چه‌واشه‌كردنه، ئه‌گینا فه‌لوجه بۆته مه‌كۆی پاشماوه‌كانی به‌عس و په‌ناگای ئیسلامییه توندره‌وه‌كان. خه‌ڵكی فه‌لوجه داڵده‌یان داون و هاوكارییان ئه‌كه‌ن.
×
مه‌لیك عه‌بدوڵای دوه‌م، شای ئوردون، له گفتوگۆیه‌ك دا له گه‌ڵ رۆژنامه‌ی (حوڕیه‌ت) ی توركی وتویه‌تی: "هه‌رچه‌نده ئوردون كه‌مایه‌تی كوردی تێدا نیه به‌ڵام له نیگه‌رانی توركیا و سوریا و ئێران تێ ئه‌گه‌م به‌رامبه‌ر به هه‌وڵی كورده‌كانی عیراق بۆ دروستكردنی ده‌وڵه‌ت."
سه‌ردانی توركیای به ده‌سته‌وه‌یه.
×
پارتی گه‌ل له ئیسپانیا هه‌ڵبژاردنی دۆڕاند و پارتی سۆسیالیست بردیه‌وه. هۆی ئه‌مه‌ش ئه‌گه‌ڕێته‌وه بۆ لایه‌نگرتنی بوش له شه‌ڕی عیراق دا. به چه‌ند رۆژێكی كه‌م پێش هه‌ڵبژاردن ته‌قینه‌وه‌یه‌كی گه‌وره بو له تۆڕی رێگای ئاسنین دا حكومه‌ت بێ چاوه‌ڕێ كردنی ئه‌نجامی لێكۆڵینه‌وه تاوانی ئه‌و كاره‌ی دایه پاڵ ئیتا. به‌ڵام ئیتا ئینكاری كرد و قاعیده خۆی لێ كرد به خاوه‌نی. بوش پشتیوانێكی به‌هێز و عیراق دۆستێكی باشی له ده‌س دا.
×
16 ی 3 ی 04 سێشه‌م:
شه‌رقی ئه‌وسه‌ت له ژماره‌ی ئه‌مڕۆیدا 2 لێدوانی له سه‌ر روداوه‌كانی قامیشلی بڵاو كردۆته‌وه به قه‌ڵه‌می غه‌سان ئیمام و سه‌میر عه‌تائوڵا. یه‌كه‌میان وه‌كو عه‌ره‌بێكی سه‌رده‌می باوی عروبه باسی عروبه‌ی سوریا و (تسلل) ی به‌رده‌وامی كورد ئه‌كا. دوه‌میان، داوا ئه‌كا چاره‌سه‌ری كێشه‌ی كورد بكرێ، نه‌ك خۆیانی لێ هه‌ڵه بكه‌ن. هه‌روه‌ها وه‌ڵامی رۆژنامه‌وانێكی دیمه‌شقی ئه‌داته‌وه كه روداوه‌كانی قامیشلی وه‌كو دیارده‌ی (هۆلیگانس) ی یاریگاكانی بریتانیا لێك ئه‌داته‌وه. شتێكی كه له‌م لێدوانه‌دا سه‌رنجی راكێشام كاتی خۆی جه‌مال عه‌بدولناصر جێبه‌جێكردنی قانونی ئیسلاحی زه‌راعی له جه‌زیره راگرتوه چونكه ئه‌رزی ناوچه‌كه به ده‌س شێخه‌كانی عه‌شیره‌تی شه‌مه‌ری عه‌ره‌به‌وه بوه، به دابه‌شكردنی هه‌ندێكی ئه‌كه‌وته ده‌س جوتیاری كورد.
×
له هه‌ندێ له شاره كوردنشینه‌كانی سوریا نائارامی به‌رده‌وامه. حكومه‌تی سوریا به‌عسییه‌كان و عه‌شیره‌ته عه‌ره‌بییه‌كانی ناوچه كوردنشینه‌كانی چه‌كدار كردوه و چاوپۆشی‌یان لێ ئه‌كه‌ن ده‌ستدرێژی بكه‌نه سه‌ر كورد.
كورده‌كانی سوریا هه‌ڵیان كوتاوه‌ته سه‌ر سه‌فاره‌تی سوریا له برۆكسل و جنێڤ و، له ئه‌ڵمانیاش چه‌ند خۆپیشاندانیان كردوه.
وته‌بێژی وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مه‌ریكا له سه‌ر روداوه‌كانی سوریا دواوه و داوای له حكومه‌تی سوریا كردوه لێبوردو بێ له گه‌ڵ كه‌مینه‌كان و خواسته‌كانیان وه‌ربگرێ.
×
سوریا و ئه‌مه‌ریكا
ئه‌مه‌ریكا به ته‌مایه قانونی محاسه‌به‌ی سوریا جێبه‌جێ بكا. سوریاش به ته‌مایه (معامله بالمثل) ی له گه‌ڵ بكا. داوا كۆنه‌كانی ئه‌مه‌ریكا له سوریا بریتی بو له: وازهێنان له چه‌كی كۆمه‌ڵكوژ. كشانه‌وه له لوبنان. ده‌سهه‌ڵگرتن له یارمه‌تیدانی حیزبوڵا. داخستنی باره‌گا و بنكه‌ی رێكخراوه تێڕۆڕیستییه فه‌له‌ستینییه‌كان.
×
ئه‌مڕۆ كتێبه تازه‌كه‌ی محمد حسنین هیكل: (الامبراطوریه الامریكیه والإغاره علی العراق) م خوێنده‌وه. باسی ئاماده‌كاری ئه‌مه‌ریكی ئه‌كا بۆ شه‌ڕ. به ئوسلوبهكهی خۆی گه‌لێ باس و بابه‌ت ئه‌گێڕێته‌وه. به‌ڵام له ههمویدا ئه‌یه‌وێ خراپی ئه‌مه‌ریكا بسه‌لمێنێ. وه‌كو نه‌ته‌وه‌په‌رستێكی عه‌ره‌ب "رقه كۆنه‌كه‌ی" له ئه‌مه‌ریكا هه‌ر له سك دا ماوه.
×
17 ی 3 ی 04 چوارشه‌م:
هه‌واڵه‌كان وا ئه‌گه‌یه‌نن له 24 سه‌عاتی رابوردودا 17 كورد له حه‌له‌ب و سه‌ری كانی و عه‌فرین كوژراون.
×
عبدالمنعم الاعسم، ستوننوسێكی الزمان وتاریكی له ژێر سه‌رناوی: "جمله مفیده: عن مشروع السیستانی.. السیاسی" نوسیوه، ئازایانه باسی بۆچونه‌كانی سیستانی ئه‌كا كه چۆن ده‌ستی خستۆته ناو هه‌مو ورده‌كارییه‌كانی ره‌وتی سیاسی عیراقه‌وه و ئه‌یه‌وێ "إقامه الدوله الدینیه بزعامه المرجعیه الشیعیه، وهو مشروع أغنت التجربه الایرانیه محاذیر تكراره بل وعقم هذا الخیار.". پێش ئه‌ویش عزیز الحاج له ایلاف دا له‌م باره‌یه‌وه وتارێكی گرنگی نوسی بو.
×
ئه‌مشه‌و ئۆتێلی جبل لبنان له به‌غداد به ئۆتۆمۆبیلێكی بۆمبدار ته‌قێنراوه‌ته‌وه. ده‌یان كه‌سی تێدا كوژراوه و بریندار بوه.
18 ی 3 ی 04 پێنجشه‌م:
سه‌عات 9.30 ی ئه‌مڕۆ سه‌فیر رۆنالد نیومان، به‌ڕێوه‌به‌ری كاروباری ده‌ره‌وه‌ی سام و یاریده‌ده‌ری بریمه‌ر بۆ كاروباری كورد، له گه‌ڵ جۆن لیسته‌ر كارمه‌ند له ئۆفیسی سلێمانی سام، بۆ نانی به‌یانی و بۆ ئاڵوگۆڕی بیروڕا هاتن. ئێمه‌ش كۆسره‌ت، د كه‌مال فوئاد، عومه‌ری سه‌ید عه‌لی و من له گه‌ڵیان دانیشتین. باری سه‌رنجی خۆمان له قانونه‌كه و كه‌موكوڕییه‌كانی رون كرده‌وه.
3 بابه‌تم بۆ باس كرد كه به ناته‌واوی ئه‌زانین له قانونه‌كه‌دا:
1. مانه‌وه‌ی سنوری كوردستان وه‌كو خۆی بێ ئه‌وه‌ی هیچ ناوچه‌یه‌كی كوردنشینی تازه‌ی بخرێته سه‌ر.
2. چۆنیه‌تی پاراستنی كوردستان له په‌لاماری ناوه‌ند ئه‌گه‌ر پێشمه‌رگه نه‌مێنێ.
3. مانه‌وه‌ی كۆنترۆلی سامانی سروشتی به ده‌س ناوه‌نده‌وه ئازادی به كارهێنانی سامانی ناوچه‌كه‌مانی لێ زه‌وت كردوین.
براده‌ران هه‌ر یه‌كه بیروڕای خۆی ده‌رباره‌ی باسه جۆراوجۆره‌كان ده‌ربڕی.
نیومان پێی وابو كورد دو رێگای هه‌یه بۆ خۆپاراستن له عیراقی داهاتودا، یه‌كێكیان به رێگه‌ی هێزی چه‌كدار كه ئه‌وه‌یان سه‌رناگرێ، ئه‌وی تریان له رێگای گه‌ره‌نتی ده‌ستورییه‌وه، به تایبه‌تی بونی كوردێ له ده‌سته‌ی 3 قۆڵی سه‌رۆكایه‌تیدا كه ئه‌بێ به گشتی ده‌نگ بده‌ن.
سه‌باره‌ت به هه‌ڵبژاردن وتی:"سام ئیستا هه‌مو توانای خۆی ئه‌خاته كار بۆ ئه‌وه‌ی ئازادی ده‌نگده‌ر و پاڵێوراو و سنوقه‌كان و ئازادی شاڵاوی پرۆپاگانده‌ی هه‌ڵبژاردن دابین بكا" پێ ئه‌چێ له‌و بواره‌دا خاوه‌ن ته‌جروبه‌ی زۆر بێ له كاتی هه‌ڵبژاردنه‌كانی جه‌زائیر و به‌حره‌ین و چه‌ند وڵاتێكی تردا ئاماده بوه.
سه‌باره‌ت به میكانیزمی جێبه‌جێكردنی رێژه‌ی 25% ی ئافره‌تان له داووده‌زگاكانی حكومه‌ت دا پرسیارم لێ كرد له وه‌ڵام دا وتی هێشتا نازانرێ.
×
م‌ح به نامه داوای له ر ن ی كردوه یارمه‌تی بدا بۆ گواستنه‌وه‌ی ده‌سه‌ڵات له سام ه‌وه بۆ ده‌ستی عیراقی و بۆ ئه‌نجامدانی هه‌ڵبژاردنی گشتی له عیراق دا.
كورده‌كان له برۆكسل بۆ پشتیوانی له كورده‌كانی سوریا خۆپیشاندانیان كردوه له به‌رده‌م باره‌گای یه‌كێتی ئه‌وروپا دا، ئاڵای كوردستان و ئه‌مه‌ریكایان هه‌ڵكردوه. داوا ئه‌كه‌ن گوشار بۆ سه‌ر سوریا بهێنن ده‌س له چه‌وساندنه‌وه‌ی كورد هه‌ڵبگرێ و كێشه‌ی كورد به خۆشی چاره‌سه‌ر بكا.
×
ئۆتۆمۆبیلێكی بۆمبادار له نزیك ئۆتێلێكهوه له به‌صرا ته‌قیوه‌ته‌وه چه‌ند كه‌سێ كوژراو و بریندار بون.
×
ته‌قه له ئۆتێلی برج الحیاه كراوه. تیمی العربیه چون بۆ وێنه‌گرتنی. سه‌ربازی ئه‌مه‌ریكی له رۆیشتنیان دا ته‌قه‌یان لێ كردون فۆتۆگرافهرهكهیان كوژراوه و په‌یامنێره‌كه‌یان به سه‌ختی بریندار بون.
19 ی 3 ی 04 هه‌ینی:
عه‌لی عه‌بدولعه‌زیز فۆتۆگرافه‌ری العربیه دوێنێ به گولله‌ی سه‌ربازی ئه‌مه‌ریكی كوژراوه و، عه‌لی ئه‌لخه‌تیب په‌یامنێری العربیه كه بریندار بو ئه‌مڕۆ ئه‌ویش مردوه. هه‌ردوكیان عیراقین و ته‌رمه‌كانیان به رێ كردن بۆ ناشتن.
به كوشتنی ئه‌م 2 رۆژنامه‌وانه ژماره‌ی رۆژنامه‌وانی كوژراو به ده‌ستی هێزه‌كانی ئه‌مه‌ریكا و هاوپه‌یمانه‌كانی له ده‌سپێكردنی شه‌ڕه‌وه له عیراق ئه‌گاته 17. دو رۆژ له‌مه‌وبه‌ریش 3 كه‌س له‌وانه‌ی له ته‌له‌فزیۆنی دیاله‌دا كار ئه‌كه‌ن به گولله‌ی چه‌ند كه‌سێكی نه‌ناسراو كوژراون به‌ڵام ئه‌مان له گه‌ڵ ئه‌وان ناژمێردرێن.
كۆلن پاول كه به سه‌ردان له به‌غداد بو له گه‌ڵ پۆڵ بریمه‌ر كۆنفره‌نسێكی رۆژنامه‌وانییان به‌ست. رۆژنامه‌وانه‌كانی عه‌ره‌ب ئه‌مه‌یان به هه‌ل زانی، له كۆنفرهنسهكهدا به‌یانێكی ناڕهزایییان خوێنده‌وه، داوای لێكۆڵینه‌وه له روداوه‌كه و داوای پاراستنی گیانی رۆژنامهوانهكانیان كرد. بۆ ده‌ربڕینی ناڕه‌زایی له كۆنفرانسه‌كه كشانه‌وه.
شه‌وه‌كه‌ی ئیلی کووزی به‌رنامه‌یه‌كی به ناوی "صحفیون تحت النار" له‌م باره‌یه‌وه له العربیه پێشكه‌ش كرد. چه‌ند كه‌س به‌شدار بون له‌وانه جه‌نه‌رال كینیس مارك یاریده‌ده‌ری جه‌نه‌رال ریكاردۆ سانچێز، كه زۆر رۆژ به ناوی هێزه‌كانیانه‌وه وه‌ڵامی پرسیاری رۆژنامه‌وانه‌كان ئه‌داته‌وه، ئیلین ئازایانه لێی پرسی: "جه‌نه‌رال! سه‌ربازه‌كانت دو هاوكاری ئێمه‌یان كوشتوه تۆ ئه‌ڵێی چی؟"
×
پار له‌م رۆژه‌دا هێرشی ئه‌مه‌ریكا و هاوپه‌یمانه‌كانی بۆ سه‌ر عیراق ده‌ستی پێ كرد. به‌م بۆنه‌یه‌وه كۆلن پاول هاتۆته به‌غداد.
×
له فه‌لوجه كۆپتهرێ به‌ربۆته‌وه.
20 ی 3 ی 04 شه‌مه:
به‌حره‌لعلوم به‌ردی بناغه‌ی دو پاڵاوگه‌ی نه‌وتی له هه‌ولێر و له كۆیه دانا.
×
28 ی 3 ی 04 یه‌كشه‌م:
له هۆڵی روناكی له زانكۆی سلێمانی له گه‌ڵ د مه‌حمود، د به‌رهه‌م، ئاڵا تاڵه‌بانی به‌شداری ئه‌و پانێله بوم كه سام بۆ باسی قانونی ئیداره‌ی ده‌وڵه‌ت رێكیان خست بو.
×
31 ی 3 ی 04 چوارشه‌م:
له فه‌لوجه بۆسه‌یه‌كیان ناوه‌ته‌وه 4 به‌ڵێنده‌ری ئه‌مه‌ریكی تێ كه‌وتوه. لاشه‌كانیان له ناو ئۆتۆمۆبیله‌كه‌دا سوتاوه. لاشه‌ی سوتاوهكانیان به سه‌ر پردی فه‌لوجه‌دا هه‌ڵواسیوه. مه‌به‌ست له‌مه سوكایه‌تییه به ئه‌مه‌ریكا و، ترساندنێتی بۆ ئه‌وه‌ی وه‌كو چۆن له سۆماڵ له ئه‌نجامی كارێكی وه‌هادا كشانه‌وه، لێره‌ش بكشێنه‌وه.
ئه‌شێ ئه‌مه به نوقته‌ی وه‌رچه‌رخان دابنرێ له ستراتیجی عیراقیی ئه‌مه‌ریکا دا، ئیتر ئه‌وله‌ویه‌تی خۆیان گۆڕیوه له دیمۆکراتیزه‌کردنی عیراقه‌وه بۆ پاراستنی گیانی سه‌رباز و کارمه‌نده‌کانیان.