خه‌ون یان مۆته‌که!
دیوی ناوه‌وه‌ی روداوه‌کانی کوردستانی عیراق
(1992 - 2002)
یادداشتی رۆژانه‌ی شه‌ڕی ناوخۆ
هه‌ڵگیرسانی و هه‌وڵه‌کانی کوژاندنه‌وه
ئایاری 1994- ئه‌یلولی 1998
§ بیره‌وه‌ری
§ دۆکۆمێنت
§ لێدوان
پێشكه‌شه
به‌وانه‌ی من به ئه‌ندازیاری شه‌ڕی ناوخۆ ئه‌زانن
· خولی یه‌که‌م ( ئاب – 10/9/94)
· خولی دوه‌م (26/3 – 22/4/95)
· خولی سێیه‌م (28/6 - 2/7/95)
· خولی چواره‌م (5 – 9/10/95)
هه‌وڵی کوژاندنه‌وه: گفتوگۆ له پاریس (16-22/7/1994)
هه‌وڵی کوژاندنه‌وه: رێککه‌وتنی ستراتیجی تا 2000 (21/11 – 28/12/1994)
هه‌وڵی کوژاندنه‌وه: گفتوگۆ له ئیرلاندا
· خولی یه‌که‌م: (9 – 11/8/1995)
· خولی دوه‌م: (12- 15/9/1995)
هه‌وڵی کوژاندنه‌وه: گفتوگۆ به نامه (17/2 – 27/3/1996)
هه‌وڵی کوژاندنه‌وه: رێککه‌وتنی واشنتۆن (17/9/1998)
*
هه‌وڵی کوژاندنه‌وه: گفتوگۆ له پاریس (16-22/7/1994)
مانگی 6 ی 1994:
ده‌سته‌یه‌کی نوێنه‌رایه‌تی سۆسیالیست ئینته‌رناسیۆنال هاتون بۆ کوردستان ئه‌یانه‌وێ له نێوان یه‌کێتی و پارتی دا ناوبژی بکه‌ن. چه‌ند جارێ بۆ چه‌ند کۆنفره‌نسێکی خۆیان هه‌ردولایان وه‌کو "چاو‌دێر" بانگ کردوه.
هاوزه‌مان له گه‌ڵ هاتنی ئه‌وان ده‌سته‌یه‌ک کورد هاتون که بریتیه له: د که‌ندال نه‌زان، سه‌رۆکی ئینیستیتوتی کورد له پاریس. د فوئاد حسێن، جێگری سه‌رۆکی ئینیستیتوت. د نه‌جمه‌دین که‌ریم، سه‌رۆکی کۆنگره‌ی نیشتمانی کورد له ئه‌مه‌ریکا. هاتون بۆ کوردستان پێشنیارێکیان پێیه فه‌ره‌نسا ناوبژی بکا وه‌فد و سه‌رکرده‌ی هه‌ردولا بانگ بکا بۆ پاریس. مادام میتران، هاوسه‌ری سه‌رۆک میتران و سه‌رۆکی رێکخراوی "فرانس لێبرتی" له پشته. خاڵه سه‌ره‌کیه‌کانی پرۆژه‌که‌یان بریتیه له:
· سه‌رۆک میتران نوێنه‌رانی هه‌ردولا بانگ بکا بۆ جێگایه‌کی نزیک پاریس بۆ گفتوگۆ.
· ئه‌بێ هه‌واڵ و دهنگوباسی ئه‌م بانگهێشتنه و کۆبونه‌وه‌کانی و گفتوگۆکانی نهێنی بمێنێته‌وه، نابێ بگاته ده‌م رۆژنامه‌وانه‌کان.
· کۆبونه‌وه‌کان له لایه‌ن نوێنه‌ری تایبه‌تی سه‌رۆک میترانه‌وه سه‌رپه‌رشتی ئه‌کرێ، پسپۆڕ و شاره‌زای کێشه‌ی کورد و، به‌ڕێوه‌بردنی ململانێ بانگ ئه‌کرێن بۆ یارمه‌تیدانی هه‌ردولا بۆ نزیککردنه‌وه‌ی بیروڕاکانیان له یه‌کتری.
· ئه‌گه‌ر گفتوگۆکان به سه‌رکه‌وتویی گه‌یشته رێک که‌وتن، ئه‌وسا سه‌رۆک میتران سه‌رکرده‌ی هه‌ردولا بانگ ئه‌کا بۆ پاریس و له ئاهه‌نگێکی ئاشکرادا که دیپلۆمات و رۆژنامه‌وان و سیاسی وڵاتانی جیاوازی بۆ بانگ ئه‌کرێ، به ئاماده‌بونی سه‌رۆک میتران رێککه‌وتنه‌که ئیمزا ئه‌کرێ.
· ئه‌گه‌ر گفتوگۆکه سه‌رکه‌وتو نه‌بو فه‌ره‌نسا خۆی ناکا به خاوه‌نی.
بۆ پرۆسه‌که‌ش زهمانبهندیهکی دیاریکراویان دانا بو.
وه‌فده‌که ئه‌یانه‌وێ باری سه‌رنجی هه‌ردولا بزانن له هه‌ولێر سه‌رکرده و سه‌رکردایه‌تی پارتی یان دیوه. هه‌روه‌ها مام جه‌لال و هه‌ندێ له ئه‌ندامانی م س و سه‌رکردایه‌تی یه‌کێتی.
*
27 ی 6 ی 94:
مام جه‌لال ئه‌مڕۆ به بروسکه‌ی ژماره 257 ئه‌م ئاگاداری و رێنماییانه‌ی "بۆ گشت هه‌ڤاڵانی م س/ کۆمیته‌ی سه‌رکردایه‌تی/ مه‌ڵبه‌نده‌کان" نارد:
"ئه‌مڕۆ کۆبونه‌وه‌یه‌کی زۆر باش کرا له ماڵی کاک کۆسره‌ت به به‌شداری وه‌فدی سۆسیالیست ئینته‌رناسیۆنال، د که‌ندال و، د نه‌جمه‌دین که‌ریم.
له لایه‌ن پارتیه‌وه: هه‌ڤاڵان کاک مه‌سعود بارزانی، د رۆژ، کاک جه‌وهه‌ر نامیق، کاک موحسین دزه‌یی، کاک زه‌عیم عهلیو کاک فرانسوا، به‌شدارییان کرد.
له لایه‌ن یه‌کێتیه‌وه: هه‌ڤاڵان مام جه‌لال، کاک کۆسره‌ت، کاک د فوئاد، کاک مه‌لا به‌ختیار، کاک ئه‌رسه‌لان بایز، کاک نه‌ژاد ئه‌حمه‌د عه‌زیز و کاک ئه‌حمه‌د بامه‌رنی، به‌شدارییان کرد.
له کۆبونه‌وه‌یه‌کی دوقۆڵی کاک مه‌سعود و مام جه‌لال دا پێکهاتن له سه‌ر ئه‌وه‌ی:
هه‌ر دوسبه‌ی نوێنه‌ری هه‌ردو م س کۆببنه‌وه بۆ ئه‌وه‌ی ده‌ستبه‌جێ په‌رله‌مان و حکومه‌ت بکه‌ونه‌وه گه‌ڕ باسی چۆنێتی ئاساییکردنه‌وه‌ی وه‌زع و ده‌ستبه‌جێ راگرتنی حه‌مله‌ی دیعایه و راوه‌ستاندنی گرتن و تاڵانکردن و ئازاردانی یه‌کتر بکه‌ن.
پێویسته هه‌ردو م س یش پلان دانێن بۆ چاره‌سه‌رکردنی هه‌مو گیروگرفته گرنگه‌کان له نێوان خۆمان دا به‌ڵام سه‌رکردایه‌تی به‌ره‌ش کۆ بکرێته‌وه بۆ به‌شداریکردنیان له چاره‌ی گیروگرفته‌کان.
تکایه هه‌موتان به جدی په‌یڕه‌وی ئه‌و بڕیارانه بکه‌ن و جێبه‌جێیان بکه‌ن و ماوه مه‌ده‌ن به لاساران و داخ له دڵان بۆ شێواندنی ئه‌و رێکه‌وتنه گرنگه."
*
ئه‌م وه‌فده له هه‌ولێر بون ئه‌مڕۆ هاتون بۆ سلێمانی.
رۆژه‌که‌ی به ناو شاری سلێمانی دا گه‌ڕان دوای نانی ئێواره له گه‌ڵ ئه‌ندامانی سه‌رکردایه‌تی یه‌کێتی ئه‌وانه‌ی له سلێمانی بون دانیشتن. فه‌ره‌یدون عه‌بدولقادر، جه‌بار فه‌رمان، عومه‌ر عه‌بدوڵا، عومه‌ری سه‌ید عه‌لی، کوردۆ قاسم، عیماد ئه‌حمه‌د، سالار عه‌زیز و من.
*
30 ی 6 ی 94:
پارله‌مان به ئاماده‌بونی مه‌سعود بارزانی و جه‌لال تاڵه‌بانی کرایه‌وه. هه‌ردوکیان بۆ پارله‌مان دوان. هه‌روه‌ها جه‌نه‌رال حه‌سه‌ن نه‌قیب و د ئه‌حمه‌د چه‌له‌بی وتاریان دا.
*
1 ی 7 ی 94:
زنجیره‌ی کۆبونه‌وه‌ی هاوبه‌شی هه‌ردو م س، که له کۆتایی مانگی رابوردوه‌وه ده‌ستی پێ کردوه، به ئاماده‌بونی کاک مه‌سعود و مام جه‌لال، ئه‌مڕۆش به‌رده‌وام بوه.
له نامه‌یه‌کی تایبه‌تی دا که ئه‌مڕۆ مام جه‌لال بۆی نوسیوم ئه‌ڵێ: "بۆ مه‌سه‌له‌ی پێشنیاره‌که‌ی که‌نداڵ – و ئه‌وان، ئێمه هه‌ردولا (مه‌به‌ستی پارتی و یه‌کیتیه) بڕیارمان دا که وه‌فده‌که‌مان 15 ی 7 له پاریس بن. داوایان وایه که وه‌فده‌که‌مان ده‌سه‌ڵاتداران و بڕیارده‌رانی هه‌ردو م س بن. جگه له‌وه‌ی که ده‌بێ لێ زان و شاره‌زا و به‌توانا و ئاگاداریش بن و، به‌رچاویان رون بێت بۆ چاره‌ی مه‌سه‌له‌کان!
جا ره‌ئی خودی خۆم ئه‌مه‌یه: وه‌فدی ئێمه به سه‌رۆکایه‌تی تۆ بێت و ئه‌ندامه‌تی هه‌ڤاڵان د فوئاد مه‌عسوم و کاک قادری عاحی عه‌لی و کاک دارۆ و کاکه حه‌مه و کاک به‌رهه‌م بێت. ده‌کرێ بۆ هه‌ندێ کاروبار له کاک حه‌مه سابیریش که‌ڵک وه‌رگرن...
جا تکایه به په‌له له ره‌ئی خۆت ئاگادارم بکه‌ره‌وه...
دیاره ده‌بێ له 22 ی 7 یش دا من و کاک مه‌سعودیش له‌وێ بین گه‌ر گه‌یشتنه ئه‌نجام."
*
2 ی 7 ی 94:
له نامه‌ی رۆژی 2 ی 7 دا نوسیوێتی:
"بڕیارمان دا که تۆ، د فوئاد، کاک قادری حاجی عه‌لی، کاک دارۆ، د به‌رهه‌م، ببنه وه‌فده‌که‌ی ئێمه بۆ پاریس. جا پێویست ده‌کات کۆبونه‌وه لێره بکه‌ین و شت ئاماده بکه‌ن بۆ پاریس. بۆیه پێویست ده‌کات تۆش بێیت بۆ ئێره، تاکو ئه‌وانه‌ی لێره‌شن له گه‌ڵتان به‌شداری کۆبونه‌وه‌کان بکه‌ن. جا تکایه دوسبه‌ی 4/7/1994 وه‌رن بۆ هه‌ولێر.
دیاره به ئیحتیا‌ت و رێگه تایبه‌تیه‌که‌ی خۆمان دا دێن."
*
3 ی 7 ی 94:
پارتی وه‌فده‌که‌ی پاریس‌یان دیاری کردوه پێک دێ له: سامی عه‌بدوڕه‌حمان، وشیار زێباری، موحسین دزه‌یی، د رۆژ شاوه‌یس و د پیرۆت.
*
4 ی 7 ی 94:
چوم بۆ هه‌ولێر بۆ کۆبونه‌وه‌ی م س یه‌کێتی بۆ ئاماده‌کردنی بابه‌ته‌کانی گفتوگۆی پاریس. پرۆژه‌یه‌کمان به زمانی عه‌ره‌بی ئاماده کرد ناوه‌رۆک و چوارچێوه گشتیه‌که‌ی هه‌مان پرۆژه‌ی کۆبونه‌وه‌کانی رۆژانی 23 – 24 ی حوزه‌یرانه که مه‌کته‌بی سیاسی له به‌یاننامه‌یه‌کی تایبه‌تی دا بڵاوی کردۆته‌وه، به‌ڵام به جۆرێکی فراوانتر و به ورده‌کاری زۆرتره‌وه.
*
5 و 7 و 11 ی 7 ی 94:
بۆ ئاڵوگۆڕی بیروڕا له گه‌ڵ نوێنه‌رانی پارتی، پێش سه‌فه‌ری پاریس، له‌و رۆژانه‌دا له ژورێکی ته‌لاری پارله‌مان له هه‌ولێر د فوئاد و من له گه‌ڵ سامی و موحسین چه‌ند جارێ دانیشتین و گفتوگۆمان کرد. بۆچونه‌کانمان جیاواز و دور بون له یه‌کتری. ئێمه پێمان وایه:
ئه‌بێ رێوشوێنی بناغه‌ی ده‌وڵه‌تی قانون و نیزام له کوردستان دا دابنێین.
ئه‌وان پێیان وایه:
په‌له‌مان کردوه له قبوڵی ئه‌م داوایه دا و، ئاساییکردنه‌وه و گێڕانه‌وه‌ی هه‌لومه‌رجی کوردستان بۆ دۆخی جارانی پێش 1 ی 5 ی 94 له پێش هه‌مو شتێکه‌وه دێ.
وام هه‌ست کرد نوێنه‌ره‌کانی پارتی ئه‌م ناوبژیهیان پێ خۆش نیه و، هیچ هیوایه‌ک له سه‌ر سه‌رکه‌وتنی هه‌ڵناچنن. به تایبه‌تی ئه‌وانه‌ی دانرا بون له وه‌فده‌که‌دا بن ده‌سه‌ڵاتدار نه‌بون.
کۆن وتویانه: "ئاش له خه‌یاڵێ و ئاشه‌وان له خه‌یاڵێ".
هێشتا سه‌فه‌رمان نه‌کردوه حه‌فته‌نامه‌ی "گوڵان" هه‌واڵی کۆبونه‌وه‌ی پاریسی بڵاو کرده‌وه. ئه‌مه‌ش پێچه‌وانه‌ی ئه‌و مه‌رجانه‌یه ناوبژیوانی فه‌ره‌نسی بۆیان داناوین.
*
12 ی 7 ی 94:
له هه‌ولێر که ده‌رئه‌چی به‌ره‌و زاخۆ له سنوری تورکیا هه‌مو رێگاکانی له ژێر ده‌سه‌ڵاتی هێزه‌کانی پارتی دایه. له ده‌یان شوێن بازگه و خاڵی پشکنین و سه‌نگه‌ری چه‌کداری لێ دانراوه. بۆ ئێمه هیچ زه‌مانێک نیه به سه‌لامه‌تی به‌و رێگه زهمینیهدا تێ بپه‌ڕین بۆ تورکیا و له‌وێوه بڕۆین بۆ پاریس.
هالیکۆپته‌ری تورکی هاته هه‌ولێر ئێمه‌ی هه‌ڵگرت. سه‌رچڵ قه‌زاز و مسته‌فا چاوڕه‌ش له گه‌ڵمان سه‌رکه‌وتن ئه‌چون بۆ ئیجازه. هالیکۆپته‌ر له سه‌ری ڕه‌ش نیشته‌وه سامی عه‌بدوڕه‌حمان و موحسین دزه‌یی سه‌رکه‌وتن. به کۆپته‌ر تا دیاربه‌کر چوین. له دیاربه‌کره‌وه به فڕۆکه چوینه ئه‌نقه‌ره.
*
13 ی 7 ی 94:
گه‌یشتینه ئه‌نقه‌ره.
شازاد سائیب نوێنه‌ری یه‌کێتیه له تورکیا.
له ئه‌نقه‌ره مسته‌فا چاوڕه‌ش چو بۆ هۆڵه‌ندا و سه‌رچڵ قه‌زاز چو بۆ فه‌ره‌نسا.
ویستمان وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی تورکیا ببینین هه‌ندێ بیانویان هێنایه‌وه دیداره‌که‌یان دواخست بۆ دوای گه‌ڕانه‌وه‌مان. ئێمه‌یان نه‌بینی به‌ڵام نوێنه‌رانی پارتی یان بینی.
فرانک به‌یکه‌ر، یه‌کێ له کاربه‌ده‌ستانی سه‌فاره‌تی به‌ریتانی له ئه‌نقه‌ره، که چه‌ند جارێ هات بو بۆ کوردستان و شاره‌زای گیروگرفته‌کان بو، ئێواره‌یه‌ک میوانداری هه‌ردولامانی کرد. له میانه‌ی قسه‌کانی دا بیروڕای منی پرسی. وتم: "من زۆر ئومێده‌وار نیم". موحسین دزه‌یی له ته‌نیشتمه‌وه دانیشت بو وتی: "ئه‌گه‌ر ئومێده‌وار نیت ئه‌ی بۆچی بڕۆین بۆ پاریس؟" وتم: "هه‌وڵێکی خێره ئه‌گه‌ر سه‌رکه‌وتوش نه‌بێ باشتره له هیچ".
به‌ریتانیا و ئه‌مه‌ریکا "ناوبژیکردنی پاریس" یان پێ خۆش نه‌بو. وه‌کو ئه‌یان وت پێیان باشه کورد خۆی کێشه‌کانی خۆی چاره‌سه‌ر بکا. تورکیاش پێی خۆش نه‌بو. نه‌یان ئه‌ویست کێشه‌ی کورد په‌لوپۆی ناوده‌وڵه‌تی بهاوێژێ و پرسه‌که‌ی دورایی ناوده‌وڵه‌تی په‌یدا بکا.
*
15 ی 7 ی 94:
له گه‌ڵ نوێنه‌رانی پارتی له فرۆکه‌خانه‌ی ئه‌نقه‌ره یه‌کمان گرته‌وه به‌ڵام هه‌مومانیان راپێچ کرد بۆ ژوری پشکنین و لێکۆڵینه‌وه. شازاد سائیب نوێنه‌ری یه‌کێتی له تورکیا و فه‌تحی کارمه‌ندی نوسینگه‌که‌ی یه‌کێتی و، سه‌فین دزه‌یی نوێنه‌ری پارتی له تورکیا و عه‌بدولموهه‌یمن بارزانی که بۆ سه‌ردان له تورکیا بو، هات بون بۆ فڕۆکه‌خانه. زیاتر له دو سه‌عات گلیان داینه‌وه. یه‌کێ له کاربه‌ده‌سته‌کانی فڕۆکه‌خانه‌که به توڕه‌ییه‌وه قیڕانی به سه‌رمان دا: "نامانه‌وێ چاره‌ی ئێوه له‌م وڵاته‌دا ببینین. جارێکی تر مه‌یه‌نه‌وه به‌م ناوه‌دا!"
هه‌مومان به هه‌مان فڕۆکه له ئه‌نقه‌ره‌وه چوین بۆ پاریس له فڕۆکه‌خانه‌ی شارل دیگۆل نیشتینه‌وه سه‌فیر بێرنارد دۆران، راوێژکاری دیپلۆماسی سه‌رۆک میتران، و د که‌ندال سه‌رۆکی ئینیستیتوتی کوردی، هات بون بۆ پێشوازی به پاس بردینیان بۆ رامبۆیه له که‌ناری پاریس. ئه‌ندامانی تری وه‌فده‌که پێش ئێمه گه‌یشتبونه پاریس. ئێواره‌ی هه‌مان رۆژ هه‌مومان له "کۆشکی فرانسوای یه‌که‌م" له رامبۆیه یه‌کمان گرته‌وه. هه‌مان کۆشک بو که یه‌که‌مین کۆبونه‌وه‌ی سه‌رانی 7 ده‌وڵه‌ته پیشه‌سازیه گه‌وره‌که‌ی دنیای تێدا کۆ بوبوه‌وه.
*
16 ی 7 ی 94:
د محه‌مه‌د سابیر نوێنه‌ری یه‌کێتی و حکومه‌تی هه‌رێمی کوردستانهله فه‌ره‌نسا.
خانه‌خوێی فه‌ره‌نسی داوایان لێ کردین پێوه‌ندی و گفتوگۆ له گه‌ڵ رۆژنامه‌وان نه‌که‌ین ئه‌یانویست کاره‌که به شاردراوه‌یی بمێنێته‌وه. له هه‌ولێریش پێیان وت بوین که ئه‌بی ئه‌م کاره به نهینی بگرین تا به ئه‌نجام ئه‌گا.
ده‌زگای ته‌له‌فۆنیان له ناو کۆشکه‌که‌دا بۆ دابین کرد بوین راسته‌وخۆ له گه‌ڵ سه‌رکرایه‌تی حیزبه‌کانی خۆمان راوێژ و وتووێژ بکه‌ین.
ژوره‌کان هه‌ر یه‌که‌ی ناوی یه‌کێ له ئه‌ندامانی وه‌فده‌که‌ی له سه‌ر نوسرا بو دو ژوریش، ژورێک بۆ مه‌سعود بارزانی و ژورێک بۆ جه‌لال تاڵه‌بانی، ته‌رخان کرا بو. ناوه‌کانیان له سه‌ر ده‌رگاکانی نوسی بو.
سه‌فیر دۆران کۆبونه‌وه‌کانی رێک ئه‌خست له ریزکردنی دانیشتنی به‌شدارانی کۆبونه‌وه‌کان دا ته‌نانه‌ت له نان خواردن دا به وردی پێڕه‌وی نه‌ریتی دیپلۆماسی ئه‌کرد.
ئه‌مڕۆ کۆبونه‌وه ده‌ستی پێ کرد.
نوێنه‌رایه‌تی یه‌کێتی پێکهاتوه له: د فوئاد مه‌عسوم، قادری حاجی عه‌لی به‌گ، د به‌رهه‌م ساڵح، د محه‌مه‌د سابیر و من.
نوێنه‌رایه‌تی پارتی پێکهاتوه له: سامی عه‌بدڕه‌حمان، د رۆژ شاوه‌یس، هوشیار زێباری، موحسین دزه‌یی، د پیرۆت ئیبراهیم و جه‌عفه‌ر گولی نوێنه‌ری پارتی له فه‌ره‌نسا.
پرۆژه‌که‌ی یه‌کیتی به عه‌ره‌بی نوسرا بو د به‌رهه‌م کردی به ئینگلیزی و به هه‌ردو زمان ئه‌مان دا به که‌سانی پێوه‌ندیدار.
پارتی پرۆژه‌یه‌کی به‌رامبه‌ریان نوسی بو ئه‌وانیش دابه‌شیان کرد.
بابه‌ته‌کانی کۆبونه‌وه‌کان بریتی بون له:
· چۆن ده‌سه‌ڵات له کوردستان رێک بخرێته‌وه. پارله‌مان، حکومه‌تی هه‌رێم، سه‌رۆکی هه‌رێم، ده‌سه‌ڵاته‌کانیان چی بێ و چۆن هه‌ڵبژاردنی گشتی بکرێته‌وه.
· چۆن ده‌سه‌ڵاتی حیزبی له هی حکومه‌تی جیا بکرێته‌وه و، سه‌ره‌تای نیوه به نیوه و، "ازدواجیهت" له وه‌زاره‌ت و دائیره‌کان دا نه‌هێڵرێ.
· چۆن داووده‌زگای له‌شکر، پۆلیس، ئاسایش، له سه‌ر بنچینه‌ی ته‌جنیدی ئیجباری رێک بخرێته‌وه.
· چۆن به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی وڵات له سه‌ر بنچینه‌ی لێوه‌شاوه‌یی (مجلس الخدمه)، به‌ڕێوه‌بردنی کاروباری دارایی له سه‌ر بنچینه‌ی لێپرسینه‌وه‌ی (دیوان الرقابه المالیه)، گه‌شه‌پێدانی ئابوری به پێی (مجلس التخطیط) چاک بکرێ.
· چۆن نوێنه‌رایه‌تی حکومه‌تی هه‌رێم له لای ده‌وڵه‌تانی دنیا به‌هێز بکرێ.
· چۆن خه‌تی پارێزگاری کورد له 36 ه‌وه بکرێ به 34 و گه‌مارۆی ئابوری له سه‌ر کوردستان هه‌ڵبگیرێ.
· چۆن پێوه‌ندی داووده‌زگای کوردستانی له گه‌ڵ داووده‌زگای ناوه‌ندی له به‌غداد به گوێره‌ی "ده‌ستور" ێکی تایبه‌تی رێک بخرێ.
*
مادام میتران به هۆی نه‌خۆشی دڵه‌وه له نه‌خۆشخانه که‌وتوه. په‌یامێکی بۆ کۆبونه‌وه‌که ناردوه، ئه‌مه ده‌قه‌که‌یه‌تی.
په‌یامی مادام میتران
دۆستانی به‌ڕێز..
نیازم وابوو که بهاتبایهم له نزیکه‌وه به‌خیرهاتنم بکردبان و چاوم پێتان بکه‌وتبا و به‌شداری گفتوگۆکانتان بووبام، به‌داخه‌وه به‌هۆی نه‌خۆشی و نا ته‌واوی باری ته‌ندروستیم ئه‌م ئارهزوهم نه‌هاته دی. سه‌ره‌ڕای ئه‌مه، له نزیکه‌وه و ڕۆژ به ڕۆژ له هه‌واڵتان ده‌پرسم و هه‌وڵ ده‌ده‌م به پێی وزه و توانام یارمه‌تیتان بده‌م.
کۆبونه‌وه‌که‌تان له‌مه‌ڕ داهاتووی گه‌لی کورد گرنگیه‌کی تایبه‌تی هه‌یه. کورده‌کان به گشتی – هی ئێران و هی تورکیاش- چاوی هیوا و ئاواتیان له ئه‌زمونی دیموکراتیکی ئیوه بڕیوه و لایه‌نگرانتان له ده‌ره‌وه‌ی وڵات شانازیتان پێوه ده‌که‌ن. ڕووداوه دڵته‌زێنه‌کانی ئه‌م دواییانه به توندی ڕایچڵهکاندین و دڵ و ده‌رونی بریندار کردین. سه‌رۆکی هه‌ردو پارتی به‌رپرسایه‌تێکی زۆر گه‌وره‌یان به‌رامبه‌ر به مێژودا هه‌یه. ئه‌گه‌ر بێت‌و هه‌ر دولا، به شێوه‌یه‌کی جیددی و له ڕێگای وتووێژ، چاره‌سه‌ری کێشه‌کانتان نه‌که‌ن، هه‌وڵ و کۆششی بێوچانی دۆستانتان له ده‌ره‌وه‌ی وڵات بێ به‌هره ده‌مێنێ و لایه‌نگرانتان ڕه‌نج به‌خه‌سار ده‌بن. دیمۆکراسی چه‌کی هه‌ره بهکارتانه، هه‌وڵ بده‌ن به ڕای گشتی جیهانی بسه‌لمێنن که گه‌لی کوردیش ده‌توانێ کاروباری ناوخۆی به شێوه‌یه‌کی دیموکراتیانه و له چوارچێوه‌ی فرهحیزبایهتی و پاراستنی مافی مرۆڤ و ئازادی یه‌کاندا به‌ڕێوه‌به‌رێ، ئه‌و کاته ده‌توانن پشتیوانی و یارمه‌تی هه‌رچی زیاتر بۆ لای کێشه‌که‌تان ڕابکێشن. به‌ڵام ئه‌گه‌ر دیموکراسی یه‌که‌تان ڕواڵه‌تی بێت و خاوه‌نی بناغه‌یه‌کی فره حیزبی نه‌بێ و ئه‌گه‌ر له جیاتى په‌رله‌مان و حکومه‌تی قانون، ده‌سته و تاقمی جۆربه‌جۆر خاوه‌ن ده‌سه‌ڵات بن و حوکمی وڵات بکه‌ن، گه‌لی کوردیش هه‌ر وه‌ک باقی گه‌لانی جیهانی سێهه‌م سه‌یر ده‌کرێ و حیسابی تایبه‌تی بۆ نایه‌ته کرن. له ژماره‌ی لایه‌نگرانتان که‌م ده‌بێته‌وه و ته‌بایی نیشتمانیتان توشی ته‌نگوچه‌ڵه‌مه‌ی بێ‌ژمار دێت؛ داهاتوی خۆتان و نه‌ته‌وه‌که‌شتان له‌مه‌ترسی ده‌خه‌ن.
ئێوه هه‌مووتان له هه‌مبه‌ر دیکتاتۆری‌دا پێشمه‌رگه‌ی ئازا و به‌جه‌رگ و سه‌رۆکی کارزان و به ناوبانگ بوون، به‌ڵام له‌هه‌لومه‌رجی ناسکی ئیمڕۆ دا، گه‌لی کورد دۆستانتان له ده‌ره‌وه‌ی وڵات چاوه‌ڕوانییان لێتان هه‌یه که به شێوه‌ی "پیاوی ده‌وڵه‌ت" بجوڵێنه‌وه و چاره‌نوس و سه‌ربه‌رزی گه‌ل و وڵات نه‌که‌نه قوربانی به‌رژه‌وه‌ندی سیاسی یان تاکه‌که‌سی حیزبایه‌تی یه‌وه.
هیچ شکێکم له‌مه دا نیه که هه‌مو لایه‌کتان به‌وپه‌ڕی دڵسۆزییه‌وه له په‌رۆشی گه‌ل و وڵاته‌که‌تان دان، هه‌ر بۆیه‌ش دڵنیام که سه‌ره‌نجام ڕێگا چاره‌یه‌ک بۆ ئیداره‌ی هاوبه‌شیی وڵاته‌که‌تان ده‌دۆزنه‌وه و به ڕێککه‌وتننامه‌یه‌کی نیشتمانی درێژخایه‌ن چاره‌سه‌ری کێشه‌کانتان ده‌که‌ن. ئیتر کاتی ئه‌وه هاتوه که لاپه‌ڕه‌ی شومی پڕ له ئازاری شه‌ڕی ناوخۆ هه‌ڵبده‌ینه‌وه و به‌ره‌و سه‌قامگیرکردنی دیمۆکراسیه‌کی ڕاسته‌قینه هه‌نگاو بنێین.
له‌م هه‌لومه‌رجه سیاسیه تایبه‌تیه‌ی له ئاستی جیهانیدا بۆ کورد ڕه‌خساوه که‌ڵک وه‌رگرن و تێ‌بکۆشن له پێناو سه‌قامگیرکردنی یه‌کجاره‌کی ئازادی و دیمۆکراسی له وڵاته‌که‌تاندا.
دوا ڕۆژی گه‌له‌که‌تان به هیمه‌ت و مه‌سئولییه‌تی ئێوه‌وه گرێ دراوه، دنیا چاوی لێتانه و ئێوه‌ش ده‌بێ به سه‌ربه‌رزی له‌م ئه‌زمونه مێژووییه دا سه‌رکه‌ون.
جارێکی تر به‌خێرهاتنتان ده‌که‌م و ئاواتی سه‌رکه‌وتن له کاره‌کانتان بۆ ده‌خوازم.
دانیه‌ل میته‌ران پاریس 13/7/1994
*
21 ی 7 ی 94:
کۆبونه‌وه‌کان درێژه‌یان کێشا. چه‌ندین شاره‌زای ناسراو و پسپۆڕی ئاگاداری کێشه‌ی کورد به‌شدار بون. له‌وانه: جێرار شالیان، نوسه‌ری کتێبی "کورد: نه‌ته‌وه‌ی بێ ده‌وڵه‌ت". مارک کارڤێت، نوسه‌ر له رۆژنامه‌ی "لیبراسیۆن". بێرنارد کوشنه‌ر، وه‌زیری پێشوی کاروباری مرۆڤایه‌تی حکومه‌تی فه‌ره‌نسی. پرۆفیسۆر گالتونگ، پسپۆڕی لێکۆلێنه‌وه‌ی ئاشتی. هه‌روه‌ها دانێک دیپلۆماتێکی ئه‌مه‌ریكی و دانێکی تر دیپلۆماتێکی به‌ریتانی هاتن بۆ چاودێری. چه‌ند شاره‌زا و پسپۆڕی کاروباری قانونی و ئابوری له وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی فه‌ره‌نسا به‌شداری گفتوگۆکان بون.
نوێنه‌رایه‌تی هه‌ردولا چه‌ند جارێ گفتوگۆکانیان توند ئه‌بو، خه‌ریک ئه‌بو بگاته پچڕان و کۆڵانی داخراو، ناوبژیوان بۆ ئه‌وه‌ی که‌شی کۆبونه‌وه‌که هێمن بکاته‌وه پشوی پێ ئه‌دان.
هه‌رچۆنێ بو هه‌ردولا گه‌یشتنه رێککه‌وتن. ناوبژیوان هه‌ر له سه‌ره‌تاوه پێوه‌ندی ته‌له‌فۆنیی بۆ نوێنه‌رانی هه‌ردولا له گه‌ڵ سه‌رکردایه‌تی خۆیان دابین کرد بو. شه‌وی پێش ئیمزاکردن داوایان له هه‌ردولا کرد پرس به سه‌رکردایه‌تی خۆیان بکه‌ن. نوێنه‌رایه‌تی پارتی تێکستی رێککه‌وتننامه‌که‌یان به فاکس دا به سه‌رکردایه‌تی حیزبه‌که‌یان و، نیوه‌ڕۆی رۆژی دوایی ئاگاداریان کردین که موافه‌قه‌تیان له سه‌ر کردوه.
له لای یه‌کێتیه‌وه من و له لای پارتیه‌وه سامی هه‌ردو تێکستی فه‌ره‌نسی و ئینگلیزی مان به شایه‌تی سه‌فیر بێرنارد دۆرین، د که‌ندال نه‌زان، د فوئاد حسین، د نه‌جمه‌دین که‌ریم، د عه‌باس وه‌لی، ئیمزا کرد. هه‌ر لایه‌ک نوسخه‌ی خۆی وه‌رگرت.
ئێواره‌ی هه‌مان رۆژ نوێنه‌ری تایبه‌تی سه‌رۆک میتران هاته لامان. سڵاوی سه‌رۆکی پێ راگه‌یاندین، پێخۆشحاڵی ده‌ربڕی به بۆنه‌ی ئه‌وه‌ی هه‌ردولا گه‌یشتونه‌ته رێک که‌وتن و پێک هاتن.
قه‌ول وا بو سه‌رۆک میتران بۆ مه‌راسیمی ئیمزاکردنی رێککه‌وتننامه‌که سه‌رکرده‌ی هه‌ردو حیزب، یه‌کێتی و پارتی: جه‌لال تاڵه‌بانی و مه‌سعود بارزانی بانگ بکا بۆ پاریس. له ئاهه‌نگێکی دیپلۆماسی ئاشکرا و فراون دا له کۆشکی ئیلیزێ رێککه‌وتننامه‌که ئیمزا بکه‌ن. سه‌رۆک میتران به‌م بۆنه‌یه‌وه قسه بکا. داوا له کۆمه‌ڵی ناوده‌وڵه‌تی بکا یارمه‌تی کورد بده‌ن و پشتیوانی لێ بکه‌ن. له هه‌مان کات دا داوا له سه‌رۆکی ئه‌مه‌ریکی کلینتن و سه‌روه‌زیرانی به‌ریتانیا جۆن مه‌یجه‌ر بکا: ئابلۆقه‌ی ئابوری له سه‌ر کوردستان هه‌ڵبگیرێ و، خه‌تی ناوچه‌ی ئه‌مین له 36 ه‌وه بگوێزرێته‌وه بۆ 34 بۆ ئه‌وه‌ی هه‌مو کوردستانی عیراق بگرێته‌وه. به‌ڵام ئه‌بو ناوه‌رۆکی رێککه‌وتنه‌که ئاشکرا نه‌کرێ و به نهێنی بمێنێته‌وه تا کاتی ئیمزاکردنی له به‌رده‌می سه‌رۆک میتران دا. نه‌خۆشی ته‌گه‌ره‌ی له‌م هه‌له مێژوییه دا. بۆ نه‌شته‌رگه‌ری سه‌ره‌تانی پرۆستات سه‌رۆک میتران برایه نه‌خۆشخانه. هاتنی هه‌ردو سه‌رکرده که‌وته کاتێکی دیاری نه‌کراو.
*
22 ی 7 ی 94:
کۆبونه‌وه‌کان ته‌واو بون.
راگه‌یاندنی کۆتایی بۆ ده‌زگاکانی راگه‌یاندن بڵاوکرایه‌وه:
" یه‌کێتیی نیشتمانیی کوردستان و پارتی دیمۆکراتی کوردستان له پاریس له سه‌ر رێککه‌وتننامه‌ی ئاشتی رێک ده‌که‌ون
له رۆژی 16 ی گه‌لاوێژ تا 22 گه‌ڵاوێژ دو وه‌فدی باڵای یه‌کیتی و پارتی له شوێنێکی نزیک پاریس لێدوان و گفتوگۆیان کرد بۆ چاره‌کردنی ناکۆکی و کێشه‌کانی نێوان هه‌ردولا له کوردستانی عیراق. قسه‌کردنه‌که له جه‌وێکی دۆستانه و جدی دا بو. ئه‌نجامی هێنا به رێککه‌وتننامه‌یه‌کی به‌ربڵاو و فراوان، که به ره‌سمی له لایه‌ن به‌ڕێزان مام جه‌لال و کاک مه‌سعوده‌وه ده‌بێ ئیمزا بکرێ.
کاربه‌ده‌ستانی کۆشکی ئه‌لیزی و وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی فه‌ره‌نسا و سه‌فاره‌تی ئه‌مه‌ریکا و ئینگلته‌را وه‌ک ته‌نها چاو‌دێر له هه‌ندێک له لێدوانه‌کان دا ئاماده بون، هه‌روه‌ها چه‌ند دیپلۆماسیهک و سیاسی فه‌ره‌نسی و ئه‌کادیمی ئه‌وروپی وه‌ک سه‌رپه‌رشتیکه‌ری لێدوانه‌کان ئاماده بون.
له‌م دانیشتنانه‌دا به تێروته‌سه‌لی باس کرا له هۆکانی ناکۆکی و کێشه‌کانی نێوان هه‌ردولا، له ئه‌نجام دا رێککه‌وتن له سه‌ر ئه‌م خاڵانه‌ی خواره‌وه:
پێویسته هه‌مو کێشه و ناکۆکیه‌کان به رێگای ئاشتی و دیمۆکراتیانه چاره بکرێن.
هه‌ڵبژاردنی گشتی له کوردستان بکرێت بۆ هه‌ڵبژاردنی ئه‌نجومه‌نی نیشتمانی کوردستان له مانگی مایسی 1995 له کاتێک دا فه‌تره‌ی یاسایی په‌رله‌مانی ئێستا کۆتایی دێت.
رێک که‌وتن له سه‌ر کۆمه‌ڵێک ئیجرائات بۆ فراوانکردن و پته‌وکردنی ده‌سه‌ڵاتی حکومه‌تی هه‌رێمی کوردستان و بۆ نه‌هێشتنی ده‌ستێوه‌ردانی پارتیه‌کان له کاروباری حکومه‌ت دا.
رێک که‌وتن له سه‌ر کۆمه‌ڵێک ئیجرائات بۆ سه‌رله‌نوێ رێکخستن و بنیاتنانه‌وه‌ی هێزی چه‌کدار له ناوچه‌که.
هه‌ردولا رێک که‌وتن بۆ کارکردن له سه‌ر سیاسه‌تێکی ده‌ره‌وه‌ی هاوبه‌ش.
دانیشتنه‌کان دو بانگه‌وازی به‌رز کرده‌وه بۆ کۆمه‌ڵگای نێوده‌وڵه‌تی بۆ که‌مکردنه‌وه ئابلۆقه‌ی نه‌ته‌وه یه‌کگرتوه‌کان بۆ سه‌ر ناوچه‌کانی کوردستانی عیراق و هه‌روه‌هاش بۆ درێژه‌پیدانی(operation provide comfort) تا ئه‌و کاته‌ی چاره‌سه‌رێکی دیمۆکراتیانه بۆ کێشه‌ی کورد له عیراق ده‌دۆزرێته‌وه.
لێدوانه‌کان بایه‌خی سه‌ره‌کی دا به ته‌باییکردنی په‌یوه‌ندی نێوان و باری ناوخۆی کوردستانی عیراق.
هه‌ردولا سوپاس و ره‌زامه‌ندی گه‌رمی خۆیان ئاڕاسته‌ی ده‌سگاکانی فه‌ره‌نسا کرد بۆ رۆڵی گرنگیان بۆ ئاسانکردنی گرتنی کۆبونه‌وه‌کان. 25 ی 7 ی 1994"
*
خۆمان ئاماده کرد بۆ گه‌ڕانه‌وه. من نه‌مئه‌توانی به رێگای زه‌مینیی زاخۆ – هه‌ولێردا بگه‌ڕێمه‌وه. ئه‌بو چۆن به کۆپته‌ر هاتبوین بۆ تورکیا له تورکیاوه به کۆپته‌ر بگه‌ڕێینه‌وه هه‌ولێر. شازاد قسه‌ی له گه‌ڵ کاربه‌ده‌ستانی تورک کرد. نوێنه‌رانی پارتی‌یش داوای کۆپته‌ریان کرد بۆ گه‌ڕانه‌وه. تورک رازی نه‌بون بۆ ههرلایهکمان به جیا کۆپته‌رێ ئاماده بکه‌ن. ئه‌بو له گه‌ڵ نوێنه‌ره‌کانی پارتی پێکه‌وه بمانبه‌نه‌وه. سامی و موحسین و د فوئاد ئه‌چون بۆ له‌نده‌ن ئینجا ئه‌گه‌ڕانه‌وه. ئه‌بو ئێمه‌ش چاوه‌ڕوانی ئه‌وان بین تا سه‌ردانه‌کانیان ته‌واو ئه‌که‌ن. له گه‌ڵ دارۆی شێخ نوری و د محه‌مه‌د سابیر ئه‌و پشوهمان به هه‌ل زانی. به ئۆتۆمۆبیل گه‌شتێکی توریستی مان له پاریسه‌وه بۆ مۆنتی کارلۆ به شاره‌کانی کان و نیس دا رێک خست.
*
3 ی 8 ی 94:
رۆژنامه‌ی "السفیر" ی به‌یروتی زنجیره‌یه‌ک وتار و گفتوگۆی به قه‌ڵه‌می "جهاد الزین" بڵاو کردۆته‌وه له ژێر ناونیشانی: "جوله فی بلاد مابین المشکلتین: الما‌ء والاکراد". نوسه‌ر گه‌شتێکی کردوه له ئه‌نقه‌ره، دیاربه‌کر، سه‌لاحه‌دین و، هه‌ولێر، بابه‌ته‌کانی له‌وێ نوسیوه.
ئه‌لقه‌ی 1 له رۆژی 29 ی ته‌موزدا بڵاو کراوه‌ته‌وه گفتوگۆیه له گه‌ڵ هه‌ندێ له کاربه‌ده‌ستانی وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی تورکیا.
ئه‌لقه‌ی 2 له رۆژی 30 ی ته‌موزدا بڵاو کراوه‌ته‌وه باسی جه‌یشی تورکی و پ ک ک یه.
ئه‌لقه‌ی 3 له رۆژی 1 ی ئاب دا بڵاو کراوه‌ته‌وه له ژێر سه‌رناوی "دویلتان کردیتان فی شمال العرق".
ئه‌لقه‌ی 4 له رۆژی 2 ی ئاب دا بڵاو کراوهتهوهگفتوگۆیهکی درێژه له گه‌ڵ مه‌سعود بارزانی.
ئه‌لقه‌ی 5 له رۆژی 3 ی ئاب دا بڵاو کراوه‌ته‌وه گفتوگۆیه‌کی درێژه له گه‌ڵ جه‌لال تاڵه‌بانی.
هه‌ردوکیان به خۆشیه‌وه له رێککه‌وتنی پاریس ئه‌دوێن و ئاماده‌یی ده‌رئه‌بڕن بچن بۆ ئیمزاکردنی.
*
4 ی 8 ی 94:
دارۆی شێخ نوری و من له پاریسه‌وه، د فوئاد له له‌نده‌نه‌وه، قادری حاجی عه‌لی له ئه‌مه‌ریکاوه، گه‌ڕاینه‌وه بۆ ئه‌نقه‌ره. ئه‌مجاره‌ش له فڕۆکه‌خانه‌ی ئه‌نقه‌ره بێ هیچ هۆیه‌ک گه‌ڕیان پێ کردم زیاتر له دو سه‌عات رایان گرتم. یهکدورۆژ له ئه‌نقه‌ره ماینه‌وه. ئه‌مجاره‌ش وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه هه‌ندێ بیانویان هێنایه‌وه ئاماده نه‌بون بمان بینن. فڕین بۆ دیاربه‌کر.
*
6 ی 8 ی 94:
له دیاربه‌کر سواری کۆپته‌ر بوین بۆ بنکه‌ی سه‌ربازی خابور و له‌وێشه‌وه به سه‌ر ناوچه شاخاویه جوانه‌کانی هه‌کاری دا ئه‌وان بۆ سه‌ری ڕه‌ش و ئێمه‌ش بۆ هه‌ولێر گه‌ڕاینه‌وه.
*
15 ی 8 ی 94:
پارله‌مان ئه‌مڕۆ کۆبونه‌وه‌ی نائاسایی ده‌س پێ کرد به ئاماده‌بونی مه‌سعود بارزانی و جه‌لال تاڵه‌بانی.
*
16 ی 8 ی 94:
له کۆبونه‌وه‌ی ئه‌مڕۆی پارله‌مانی کوردستان دا سامی عه‌بدوڕه‌حمان و د فوئاد مه‌عسوم باسی کۆبونه‌وه‌کانی پاریس و رێککه‌وتنه‌که‌یان کرد و، دارۆی شێخ نوری ده‌قی رێککه‌وتننامه‌که‌ی به کوردی خوێنده‌وه. کوردیه‌که‌ی ته‌رجومه‌یه له ده‌قی ئینگلیزیه‌وه به‌ڵام ساز و ره‌وان نیه.
*
تورکیا رێککه‌وتننامه‌ی پاریسی دائه‌نا به هه‌ڕه‌شه‌ی جدی له سه‌ر ئاسایشی نه‌ته‌وه‌یی خۆی گۆیا بنچینه‌ی ده‌وڵه‌تی کوردی دائه‌مه‌زرێنێ. دژی هه‌مو رێککه‌وتننامه‌که بو به تایبه‌تی ماده‌کانی ده‌رباره‌ی:
· دوباره‌کردنه‌وه‌ی هه‌ڵبژاردن چ بۆ سه‌رۆکایه‌تی هه‌رێم و چ بۆ ئه‌نجومه‌نی نیشتمانی.
· ته‌جنیدی ئیجباری بۆ رێکخستنه‌وه‌ی سوپا و پۆلیس و ئاسایش له باتی میلیشیای حیزبه‌کان.
· نوێنه‌رایه‌تی حکومه‌تی هه‌رێم لای وڵاتانی ده‌ره‌وه.
· دانانی ده‌ستوری فیدرالی بۆ حکومه‌تی هه‌رێم.
له چه‌ند لاوه که‌وته هه‌وڵی په‌کخستنی:
· له ده‌زگاکانی راگه‌یاندنه‌وه هه‌ڵمه‌تێکی توندوتیژی دژی کورد و رێککه‌وتننامه‌که ده‌س پێ کرد.
· رای گه‌یاند که رێگه نادا به سه‌رکرده‌ی هه‌ردو حیزب له تورکیاوه بچن بۆ پاریس بۆ ئیمزاکردنی رێکه‌وتنه‌که.
· به ره‌سمی ناڕه‌زایی ده‌ربڕی به‌رامبه‌ر حکومه‌تی فه‌ره‌نسی چونکه فه‌ره‌نسا یارمه‌تی کورد ئه‌دا ده‌وڵه‌ت دروست بکا.
· وێنه‌ی رێکه‌وتننامه‌که‌ی دا به ئیران و سوریا و، داوای کۆبونه‌وه‌ی وه‌زیرانی ده‌ره‌وه‌ی هه‌ر سێ ده‌وڵه‌تی کرد بۆ یه‌کخستنی هه‌ڵوێستیان دژی دروستکردنی ده‌وڵه‌تی کوردی.
*
ئه‌گه‌ر سه‌رکرایه‌تی کورد بیه‌وێ ئه‌م ریكکهوتنه جێبه‌جێ بکا سه‌رکرده‌کانی بچن بۆ پاریس یا نه‌چن، سه‌رۆک میتران شایه‌تی ئیمزاکردنی بێ یا نه‌بێ، چی له جه‌وهه‌ری مه‌سه‌له‌که ئه‌گۆڕێ. ویستی سیاسی کورد ئه‌توانێ هۆی بڕیارده‌ر بێ نه‌ک هه‌ڵوێستی تورکی.
*
19 ی 8 ی 94:
رۆژنامه‌ی "السفیر" ى لوبنانی له ژماره‌ی رۆژی 19 ی 10 ی 94 دا ده‌قی رێککه‌وتننامه‌که‌ی به عه‌ره‌بی به لێدوانێکی "جهاد الزین" ه‌وه بڵاو کردۆته‌وه.
*
21 ی 8 ی 94:
بۆ جاری شه‌شه‌م وه‌زیرانی ده‌ره‌وه‌ی تورکیا، ئێران و سوریا بۆ باسی هه‌لومه‌رجی کوردستانی عیراق، ئه‌مجاره له دیمه‌شق، کۆبونه‌وه. تورکیا هه‌وڵ ئه‌دا هه‌ڵوێستی هه‌ر 3 ده‌وڵه‌ت دژی رێککه‌وتننامه‌ی پاریس یه‌ک بخات.
*
پاشکۆ
ده‌قی رێککه‌وتننامه‌ی پاریس
تێبینی: له ژ 11 ی پرۆتۆکۆله‌کانی ئه‌نجومه‌نی نیشتمانی کوردستان، ل 591 – 596 وه‌رگیراوه.
*
وه‌فدی پارتی دیموكراتی كودستان و یه‌كێتی نیشتمانیی كوردستان له 16 تا 22 ی ته‌موز له فه‌ره‌نسا كۆبونه‌وه بۆ چاره‌سه‌ركردنی جیاوازییه‌كان و گفتوگۆكردن له بارودۆخی ئێستا و داهاتوی كوردستانی عێراق و گه‌یشتنه ئه‌و رێكه‌وتننامه‌یه:
1. رێكخستنی ده‌سه‌ڵاتی كوردستانی عیراق له لایه‌ن سیسته‌مێكی دیموكراتیه‌وه به‌ڕێوه ئه‌برێت كه ده‌سته‌به‌ری فره حیزبی و رێزگرتن له بانگه‌شه‌ی جیهانی مافه‌كانی مرۆڤ و مافه‌كانی كه‌مه نه‌ته‌وایه‌تی و ئاینییه‌كان ده‌كات.
1. سه‌رۆكایه‌تی كوردستانی عێراق:
أ. سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستانی عێراق له رێگه‌ی هه‌ڵبژاردنی گشتی و راسته‌وخۆ بۆ ماوه‌ی 4 ساڵ هه‌ڵده‌بژێردرێ و ده‌سه‌ڵاته‌كانی به پێی یاسای ژماره 2 دیاری ده‌كرێت به‌و پێیه ناوی رابه‌ر ده‌گۆرێت بۆ ناوی سه‌رۆك، ده‌بێ له ماوه‌ی پێش هه‌ڵبژاردنی سه‌رۆك دا ده‌سته‌یه‌كی سه‌رۆكایه‌تی كه پێك دێت له سه‌رۆكی ئه‌نجومه‌نی نیشتمانی و له سه‌رۆك وه‌زیری كوردستان و سه‌رۆكی دادگای ته‌مییز موماره‌سه‌ی ده‌سه‌ڵاته‌كانی سه‌رۆك ده‌كه‌ن وه‌كو له یاسای ژماره 2 دا دیاری كراوه بڕیاره‌كانی ئه‌و ده‌سته‌یه، به‌تێكڕای ده‌نگ ده‌درێت.
ب. ئه‌م رێكه‌وتنه ئه‌بێت له‌لایه‌ن په‌رله‌مانه‌وه په‌سه‌ند بكرێت مه‌به‌ست له‌م ده‌سته‌یه واته ئه‌و ده‌سته‌ی سه‌رۆكایه‌تییه‌ی كه دائه‌مه‌زرێ.
2. حكومه‌ت:
أ. حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستانی عێراق له لایه‌ن حكومه‌تێكی ئیئتیلافیهوه به‌ڕێوه ده‌برێت تا هه‌ڵبژاردنی داهاتو دێ ئه‌م حكومه‌ته فروان ده‌كرێت بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌و گروپانه‌ش بگرێته‌وه كه نوێنه‌ریان نه‌بوه وه‌كو حیزبه سیاسیه‌كان و كه‌مه نه‌ته‌وایه‌تیه‌كان و كه‌سانی سه‌ربه‌خۆ.
ب. بڕیاری حكومه‌ت له چوارچێوه‌ی حكومه‌ت و هه‌ریه‌ك له وه‌زاره‌ته‌كان دا ده‌درێت، به بێ ده‌ستێوه‌ردانی حیزبه سیاسییه‌كان.
ج. حكومه‌ت پاش لێكۆڵینه‌وه‌یه‌كی ته‌واو رێك ده‌خرێته‌وه به به‌رچاوگرتنی ئه‌و ئه‌زمونه‌ی كه به ده‌ست هێنراوه بۆ خوڵقاندن و كۆتایی پێ هێنانیان یاخود دروست كردنی هه‌ندێ وه‌زاره‌ت بۆ پڕكردنه‌وه‌ی پێویستیه‌كانی هه‌رێم به كاریگه‌رترین شێوه.
د. دامه‌زراندنی ئه‌م ده‌زگایانه‌ی خواره‌وه.
1. مه‌جلیسی خدمه به‌رپرسیاره له‌دانانی فه‌رمانبه‌رانی مه‌ده‌نی بێ ره‌چاوكردنی لایه‌ن و له‌سه‌ر بناغه‌ی توانای فه‌ردی.
2. دائیره‌ی ره‌قابه‌ی مالی گشتی كه به‌رپرسیاره له پیاچونه‌وه‌ی به‌ڕێوه‌بردنی دارایی له هه‌رێم دا.
3. ئه‌نجومه‌نی نه‌خشه‌ی ئابوری هه‌رێمی دانان واته ده‌سته‌ی نه‌خشه‌كێشان كه به‌رپرساره له دانانی نه‌خشه‌ی ئابوری هه‌رێمی و ده‌ستنیشانكردنی ئه‌وله‌ویه‌ت بۆ په‌ره‌پێدان.
هـ. له‌دروستكردنی حكومه‌تی نوێ دا سه‌ره‌تای یه‌كسانی له‌نێوان هه‌ردو حیزبه سه‌ره‌كیه‌كه‌دا له ژماره و گرنگی وزاره‌ته‌كان دا ئه‌بێ بپارێزرێت.
و. له‌ناو حكومه‌ت دا هه‌مو وه‌زیرێك ده‌سه‌ڵاتی ته‌واوی هه‌یه كه به پێی یاسا پێی به‌خشراوه بۆ به‌رێوه‌بردنی وه‌زاره‌ته‌كه‌ی، جێگری وه‌زیر ئه‌و ده‌سه‌ڵاتانه جێبه‌جێ ده‌كات كه وه‌زیر بۆی دیاری ده‌كات به‌پێی یاسا.
ز. ئیداره‌ی ئێستای عێراق كه بێ توانایی خۆی سه‌لماند. ئه‌بێ به چاكی له ژێر چاودێری ده‌سته‌ی وه‌زیران دا رێك بخرێته‌وه و موچه‌خۆره‌كانی به فیعلی كه‌م بكرێنه‌وه فه‌رمانبه‌رانی مه‌ده‌نی دائه‌نرێن به پێی توانایان و ئه‌بێت ره‌چاوی بێلایه‌نی سیاسی بكه‌ن، پێویسته بژێوی باشیان بۆ ئاماده‌بكرێت بۆ ئه‌وه‌ی بتوانن به‌گژ فه‌سادا بچن و ئیداره‌یه‌كی به توانا و چاك دروست بكه‌ن.
3. ده‌ستور:
ده‌ستورێك بۆ هه‌رێمی كوردستانی عێراق ئه‌بێ ئاماده‌بكرێت موئه‌سه‌ساتی كوردی ئه‌بێت سوود له شاره‌زایانی وڵاتانی فیدراڵ وه‌رگرن بۆ ئاماده‌كردنی موسوهدهیهك پێش كۆتایی مانگی 10 ی 1994 ئه‌م موسوهدهیه ئه‌بێ به‌رزبكرێته‌وه بۆ نموونه ئه‌نجومه‌نی نیتمانی كوردستان بۆ لێكۆڵینه‌وه‌و بۆ په‌سه‌ندكردنی پێش كۆتایی ئه‌مساڵ.
4. هه‌ڵبژاردن:
أ. هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مان و سه‌رۆكایه‌تی ئه‌بێ مانگی 5 ی 1995 ئه‌نجام بدرێت كاتێ كه ماوه‌ی په‌رله‌مانی ئێستا كۆتایی دێت.
ب. پێش هه‌ڵبژاردن ئه‌بێ بارودۆخه‌كه ئاسایی كرابێته‌وه.
ج. سه‌رژمێری دانیشتوان ئه‌بێ پێش هه‌ڵبژاردن بكرێت بۆ دروستكردنی تۆمارێكی باوه‌ڕپێكراو بۆ هه‌ڵبژارن. سه‌رانی حیزبه‌كان ئه‌بێ له‌به‌رده‌م رای گشتی ناوخۆ و جیهانیدا په‌یمانی پابه‌ندبون به سه‌ره‌نجامی هه‌ڵبژاردن كه هه‌رچۆنێ بێت قبوڵی بكه‌ن. سه‌ره‌نجامی هه‌ڵبژاردنه‌كه هه‌رچۆنێ بێت حكومه‌تێكی ئیئتیلافی دروست ده‌كرێت له‌سه‌ر بنچینه‌ی ته‌رازوی نوێی هێزه‌كان وه‌كو نوێنه‌رایه‌تی نیسبی هه‌ر حزبێك له ئه‌نجومه‌نی نیشتمانی كوردستان دا. هه‌ڵبژاردنی شاره‌وانی ئه‌بێت به‌پێی یاسا ئه‌نجام بدرێت رۆژی ئه‌م هه‌ڵبژاردنه به‌پێی رێككه‌وتنی نێوان هه‌ردو حیزبه‌كه ئه‌نجام ئه‌درێت.
ج. به‌رگری و ئاسایشی هه‌رێم:
1. كاروباری سه‌ربازی:
أ. سیسته‌می ئێستای به‌رگریی نیشتمانی كه بێ توانایی خۆی نیشان داوه ئه‌بێ رێك بخرێته‌وه به‌م شێوه‌یه ئه‌بێ ده‌سته‌یه‌كی ئه‌ركان جێگای وه‌زاره‌تی (پ م) بگرێته‌وه كه پێك دێت له ئه‌فسه‌ری سه‌ربازی پایه‌به‌رز و ده‌خرێته ژێر ده‌سه‌ڵاتی راسته‌وخۆی سه‌ره‌ك وه‌زیر و جێگری سه‌رۆك وه‌زیرانه‌وه ئه‌بێ له‌شكرێكی یه‌كگرتو كه له ژێر ركێفی حكومه‌ت دابێ و به‌رپرسیار بێ له به‌رگری كردن له هه‌رێمی كوردستانی عێراق له سه‌ر بنچینه‌ی ته‌جنیدی ئیجباری نیشتمانی پێك بێت.
ج. له‌ماوه‌یه‌كی دیاریكراودا ئه‌بێ مه‌شقی هێزه‌كانی پ م كه‌م بكرێنه‌وه و به گوێره‌ی رێكه‌وتنی هه‌ردوو حزبه‌كه.
د. میلیشیات پێویسته به ته‌دریج چاره بكرێت به‌پێی جه‌دوه‌لی زه‌مه‌نی هاوبه‌ش، هه‌روه‌ها ده‌بێ چاره‌یه‌ك بدۆزرێته‌وه بۆ بژێوی گوزه‌رانی چه‌كداره‌كانیان.
هـ. بۆ جێبه‌جێكردنی عه‌مه‌لی ئه‌و خاڵانه‌ی رێككه‌وتنه‌كه‌ش پێویسته سوود له شاره‌زایانی بێگانه وه‌ربگیرێت.
2. ده‌زگاكانی پۆلیس و ئاسایش:
أ. بۆ گرنگیدان و به ته‌نگه‌وه‌هاتنی سه‌لامه‌تی كه‌سان و مڵك و ماڵ له هه‌رێم دا پۆلیس و ئاسایشی ناوخۆ ئه‌بێت به‌زویی رێك بخرێته ژێر ده‌سه‌ڵاتی ته‌نیا حكومه‌ته‌وه.
ب. ئه‌م رێكخستنه‌وه‌یه ئه‌بێ به لێپرسراوی و چاودێری ده‌سته‌ی وه‌زیران ئه‌نجام بدرێت و پێویستی به ئامرازی ته‌كنیكی و دارایی هه‌یه، كه‌سانی ناو ئاسایش و پۆلیس ئه‌بێ بهرادهیهی به‌رز مه‌شق وه‌رگرن و بژێویه‌كی باشیان هه‌بێ بۆئه‌وه‌ی بتوانن به‌ته‌واوی خۆیان ته‌رخان بكه‌ن بۆ كاره‌كانیان.
ج. ئه‌بێ ئه‌كادیمیه‌ی پۆلیس دابمه‌زرێ تاكو مه‌شقی تایبه‌تی بكه‌ن له سه‌ر بنچینه سه‌ره‌كیه‌كانی ره‌فتاری مه‌ده‌نی و دیموكراتی و چاودێری مافه‌كانی مرۆڤ و گوێڕایه‌ڵی بۆ حكومه‌ت.
هـ. شاره‌زایانی بێگانه ئه‌بێ بانگ بكرێن بۆ یارمه‌تی دانی هێزه‌كانی ناوخۆ به تایبه‌ت له بواری ته‌كنیكی و مه‌شق دا.
و. جه‌دوه‌لێكی زه‌مه‌نی ئه‌بێ به زویی دابنرێت به ده‌ستنیشانكردنی ماوه و قۆناغه‌كانی ئه‌م رێكخستنه‌وه‌یه. كۆنفرانسێكی پۆلیس و ئاسایشی ناوخۆ ئه‌بێ ببه‌سترێت پێش كۆتایی مانگی 9 بۆئه‌م رێكخستنه‌وه‌یه و كات و مه‌رجه‌كانی.
ز. ئه‌و یه‌كه‌و ئه‌و كه‌سانه‌ی له‌لایه‌ن حیزبه‌كانه‌وه دانراون ئه‌بێ بگوێزرێنه‌وه ده‌زگا حكومهتیهكانی تر، ته‌جنیدكردنی ژماره‌ی پێویست له پۆلیس و ئاسایش ئه‌بێ له‌رێگه‌ی ته‌جنیدی ئیلزامی نیشتمانی و ناونوسینی ده‌رچوانی دانیشگاكان و شاره‌زایان بێ پاش به‌سه‌ربردنی ماوه‌ی مه‌شقی پێویست بێ.
3. ئابوری و دارایی:
أ. به‌هۆی ناله‌باری بارودۆخی ئابوریه‌وه له‌كوردستانی عێراق كه 2 ئابلوقهو چه‌ندین جه‌نگی یه‌ك له‌دوای یه‌ك و وای كردوه كه زیاتر له 50% هێزی كار له كاربكه‌ون و ئه‌م بارودۆخه به‌هۆیه‌كی سه‌ره‌كی پێكدادانی ئه‌م دواییه ئه‌ژمێردرێ و یارمه‌تیه‌كی فراوانی ده‌ره‌كی پێویسته بۆ هێمن كردنه‌وه‌ی و دروستكردنی سه‌قامگیری له هه‌رێمدا.
ب. جێگیركردنی سه‌قامگیری له‌هه‌رێمدا پێویستی به هێوركردنه‌وه‌ی سزاكانی نه‌ته‌وه یه‌كگرتوه‌كان (un) هه‌یه بۆئه‌وه‌ی رێگا به كڕینی كه‌لوپه‌لی پێویست بدات بۆ چاككردنه‌وه‌ی ئابوری و به‌تایبه‌تی پاڵاوگهیهك بۆ دابینكردنی پێویستی زۆری خه‌ڵكی بۆ وه‌ده‌ستهێنانی وزه.
ج. له‌به‌رئه‌وه‌ی كه یارمهتیهكان له‌رێگای رێكخراوه ناحكومیه‌كانه‌وه جێبه‌جێ ده‌كرێن، حكومه‌تی هه‌رێم ناتوانێ وه‌كو پێویست نه‌خشه‌ی ئابوری هه‌بێت بۆیه پێویسته حكومه‌تی هه‌رێم راسته‌وخۆ داوای یارمه‌تی له حكومه‌ته‌كان و دام ده‌زگاكانی یارمه‌تی بێگانه بكات، بۆ بوژانه‌وه‌ی ئابوری هه‌رێم پێویسته ئه‌نجومه‌نی نیشتمانی كوردستان یاسایه‌ك ده‌ربچوێنێ كه هه‌یكه‌لی كاركردنی رێكخراوه ناحكومیه‌كان و خۆماڵیه‌كان و بیانیه‌كان دیاری بكات، به‌زوترین كات داهاته‌كانی گومرگ پێویسته ته‌نیا بچێته خه‌زێنه‌ی حكومه‌ته‌وه، حزبه‌كان پێویسته حسابات پێشكه‌ش به حكومه‌ت بكه‌ن ده‌رباره‌ی ئه‌و داهاتانه‌ی كه وه‌ده‌ست هێنراوه له هه‌موو داهاتی 1 ی 5 ه‌وه پێویسته حكومه‌ت هیچ پاره‌یه‌ك نه‌دات به حیزبه‌كان تاوه‌كو گومرگ نه‌چێته‌وه ژێر ده‌سه‌ڵاتی فیعلی خۆی. ده‌زگاكانی گومرگ پێویسته كه شایسته‌ی ئه‌و كاره نین و چه‌ند فه‌رمانبه‌رێكی مه‌ده‌نی بگۆڕدرێن كه ده‌ستنیشان ده‌كرێن، به‌گوێره‌ی توانا و شاره‌زاییان به‌بێ ره‌چاوكردنی ئیعتباراتی سیاسی، پێویسته بانكی هه‌رێم به‌رگری لێ بكرێت و بپارێزرێت له‌لایه‌ن هێزی پۆلیسی حكومه‌ته‌وه به‌بێ ده‌ست تێوه‌ردانی حیزبه‌كان.
4. په‌یوه‌ندییه‌كان هه‌رێمی و ده‌ره‌وه‌ی:
1. په‌یوه‌ندی له‌گه‌ڵ وڵاتانی دراوسێدا
أ. ئیداره‌ی كوردی پێویسته ماوه‌ی په‌ناهه‌نده‌ی سیاسی بدات به‌و كوردانه‌ی داوای په‌ناهه‌نده‌ی سیاسیی ده‌كه‌ن به‌و مه‌رجه‌ی چالاكی سه‌ربازیان له‌ناو كوردستانی عێراقدا نه‌بێ و كوردستانی عێراق وه‌كو بنكه‌یه‌كی سه‌ربازی بۆ په‌لاماردان به‌كار نه‌هێنن.
ب. له‌كاتێكدا ئێمه كه باوه‌ڕمان به مه‌بده‌ئی ده‌ست تێوه‌رنه‌دانی هاوبه‌ش له‌كاروباری ناوخۆی كوردستانی عێراق و وڵاتانی دراوسێدا هه‌یه، هه‌ردولایه‌ن داوای چاره‌سه‌ری ئاشتیانه و دیموكراتیانه بۆ مه‌سه‌له‌ی كورد له‌م وڵاتانه‌دا ده‌كه‌ن.
ج. هه‌مو هاوكاریه‌ك له‌گه‌ڵ وڵاتانی دراوسێ یان له‌گه‌ڵ حیزبه سیاسیه‌كاندا هه‌بێ پێویسته به‌كار نه‌هێنرێ له‌لایه‌ن حیزبێكی كه‌وه دژی حیزبێكی تر، به‌ڵكو پێویسته بۆ به‌رژه‌وه‌ندی كوردستانی عێراق بێت، پێویسته هه‌ردوو حزب ئاگاداری یه‌كتر بكه‌نه‌وه و هاوكاری یه‌كتری بكه‌ن و خۆیان لابده‌ن له هه‌ڵوێستی یه‌ك لایه‌نه له‌سه‌ر حسابی كود له‌گه‌ڵ وڵاتانی دراوسێدا.
2. نوێنه‌رانی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان وه‌ك نوێنه‌ری ره‌سمی دیاری كراوه و پێویسته كاره‌كانی به‌هاوكاری له‌گه‌ڵ جێگره‌كه‌یدا له په‌یوه‌ندییه‌كانی ده‌ره‌وه‌دا ئه‌نجام بدات.
ب. مه‌كاتبی حیزبه‌كان پێویسته ده‌ست نه‌خه‌نه ناو كاروباری نوێنه‌رایه‌تی حكومه‌تی هه‌رێم له‌بواری كاروباری ده‌ره‌وه‌دا.
ج. مه‌كاتبی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان له‌ده‌ره‌وه له‌لایه‌ن حكومه‌ته‌وه دائه‌مه‌زرێت و ئیداره ئه‌كرێت وه‌كو قۆناغی ده‌ست پێكردن ئه‌م ئۆفیسانه له‌لایه‌ن هه‌ردو حیزبه‌كه‌وه یارمه‌تی دارایی بۆدابین ئه‌كرێت.
د. پێویسته نوێنه‌ره‌كانی حكومه‌تی هه‌رێم له‌ده‌ره‌وه‌ی وڵات به ده‌وریی له گه‌ڵ سه‌ركردایه‌تی هه‌ردو حیزبه‌كه كۆبونه‌وه بكه‌ن.
هـ. هه‌وڵی سازدانی سیمینار‌و چاوپێكه‌وتن و هه‌روه‌ها رێكخستنی ده‌وره‌ی كاری دیپلۆماسی بدرێ.
و. لیژنه‌یه‌كی راوێژكار كه له چه‌ند خه‌بیر و شاره‌زایه‌ك له بواره‌كانی سیاسیه‌تی ده‌ره‌وه دروست بكرێت بۆ ئامۆژگاریكردنی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، له‌نیۆرك و به‌لجیكا دابمه‌زرێ.
5. جه‌دوه‌لی زه‌مه‌نی.
أ. ئاسایی كردنه‌وه واته (تطبیع) به زوترین كات بكرێت.
ب. پێش كۆتایی هاتنی مانگی 8 ی 1994 حكومه‌تی نوێ پێویسته پێك بێت و ئه‌نجومه‌نی سه‌رۆكایه‌تی پێویسته دابمه‌زرێت.
ئاماری گشتی دانیشتوان جێبه‌جێ ده‌كرێ له مانگی 12 ی 1994.
د. ئه‌و شاره‌زایانه‌ی كه مسته‌ر كۆشنه‌ر په‌یمانی داوه كه بۆمانی ته‌رخان بكات له‌گه‌ڵ كه‌سانی شاره‌زای تر بگه‌نه كوردستان پێش ده‌ست پێكردنی ئامار.
چاودێره‌كان و خه‌بیره‌كان بۆ چاودێریكردنی هه‌ڵبژاردنه‌كان پێویسته بۆ كوردستان به‌ماوه‌یه‌كی زۆریش پێش ده‌ست پێكردنی هه‌ڵبژاردنه‌كان و ئه‌گه‌ر ده‌كرێ له‌ده‌ست پێكردنی ساڵی 1995 ه‌وه بێت.
و. مسوهدهیهك بۆ ده‌ستوری هه‌رێم ئاماده ده‌كرێت به‌یارمه‌تی چه‌ن پسپۆرێك له‌مانگی 10 دا پێش كۆتایی ساڵی 1994 له‌به‌رده‌م په‌رله‌مان دا په‌سه‌ند بكرێت یا ده‌زگا نوێیه‌كان كه ئه‌مانه‌ن: مه‌كته‌بی چاودێری دارایی گشتی، ئه‌نجومه‌نی نیشتمانی، فه‌رمانبه‌ره مه‌ده‌نیه‌كان، ئه‌نجومه‌نی خزمه‌تگوزاری، ئه‌نجومه‌نی پلان كێشان له‌لایه‌ن حكومه‌ته نوێكه‌وه دروست بكرێت كۆتایی ساڵی 1994.
6. چاودێری و ناوبژیكردنی هه‌ردو حكومه‌تی فه‌ره‌نسی و ئینگلیزی بۆ ئه‌م رێككه‌وتننامه‌یه به شه‌رعی مۆركرا له رۆژی 22 ی 7 ی 1994 به ئاماده‌بونی به‌رێز بێرنارد دۆران راوێژكاری ده‌وڵه‌ت و سه‌فیری فه‌ره‌نسا و مسته‌ر كه‌ندال نه‌زان سه‌رۆكی په‌یمانگه‌ی كوردی له پاریس و مسته‌ر فوئاد حسێن و مسته‌ر عه‌باس وه‌لی بریكاری سه‌رۆكی په‌یمانگای كوردی له پاریس و د. نه‌جمه‌دین كه‌ریم سه‌رۆكی ئه‌نجومه‌نی كورد له ئه‌مه‌ریكا. لیژنه‌یه‌كی چاودێری و ناوبژی كردن پێك هێنراوه له چه‌ند كه‌سایه‌تیه‌كی كوردی و بیانی كه له كاتی جیاوازی بیروبۆچون دا یاخود چۆنیه‌تی تێگه‌یشتنی له مه‌تنی ئه‌م رێكه‌وتننامه‌یه هه‌ڵده‌ستن به یارمه‌تی دان و راوێژكردن، شێوه‌ی پێكهێنانی ئه‌م لیژنه‌یه به‌ته‌واوی دیاری ئه‌كرێت پێش ئیمزاكردنی كۆتایی ئه‌م رێکكه‌وتننامه‌یه له لایه‌ن سه‌رانی كوردیه‌وه.
نه‌وشیروان مسته‌فا
سه‌رۆكی وه‌فدی ی ن ك
سامی عه‌بدولڕه‌حمان سه‌رۆكی وه‌فدی پ د ك
ئاماده‌كراوه‌و ئیمزا كراوه.